رووداو دیجیتاڵ
سپێنسەر لۆفرانکۆ، ئەکتەری کەنەدی کە بە رۆڵەکانی لە فیلمی تاوانکاریی (Gotti) و فیلمی جەنگیی (Unbroken) لە دەرهێنانی ئەنجێلینا جۆلی ناسرابوو، لە تەمەنی 33 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
سانتینۆ لۆفرانکۆ، برای ئەکتەرەکە لە پۆستێکی ئینستاگرام دا، هەواڵی گیانلەدەستدانی براکەی لە رۆژی 18ـی تشرینی دووەم بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "تۆ ژیانێکت بەڕێکرد کە تەنیا هەندێک کەس دەتوانن خەونی پێوە ببینن، تۆ ژیانی خەڵکت گۆڕی و ئێستا لەلای خوای گەورەیت؛ هەموو کات خۆشم دەوێیت".
نووسینگەی پزیشکی دادوەریی بریتش کۆڵۆمبیا بە میدیاکانی راگەیاندووە، لێکۆڵینەوەی فەرمی لەسەر گیانلەدەستدانی لۆفرانکۆ دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبن، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری مردنەکەی ئاشکرا ناکەن.
لۆفرانکۆ لە 1992 لە تۆرۆنتۆ لەدایکبووە. سەرەتای دەرکەوتنی بۆ ساڵی 2013 دەگەڕێتەوە لە فیلمی کۆمیدی و رۆمانسی (At Middleton)، تێیدا رۆڵی کوڕی ئەکتەر ئاندی گارسیای دەگێڕێت.
دواتر لە 2014 رۆڵی سەرەکی لە فیلمی (Jamesey Boy) گێڕا، هەمان ساڵ لە فیلمی (Unbroken) بە رۆڵی هاری بروکس دەرکەوت کە ئەنجێلینا جۆلی کاری دەرهێنانی بۆ کردبوو.
دواین کاری هونەریی لۆفرانکۆ لە 2018 بوو لە فیلمی (Gotti)، تێیدا رۆڵی جۆن ئەی. گۆتی دەبینی کە کوڕی جۆن تراڤۆڵتا، ئەکتەری ناسراوی ئەمریکییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ