میوزیک و گۆرانیی کوردی لە رێگەی پڕۆژەی نیشتمانەوە دەگاتە مەغریب

23-06-2025
پەسار فایەق
کۆنسێرتی پڕۆژەی نیشتمان لە سوێرەی مەغریب
کۆنسێرتی پڕۆژەی نیشتمان لە سوێرەی مەغریب
نیشانەکردن پڕۆژەی نیشتمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نیشتمان، پڕۆژەیەکی هونەریی کوردییە و لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ ناساندنی میوزیک و گۆرانیی کوردی لە جیهاندا، کۆنسێرتێکی لە شاری سوێرەی مەغریب سازکرد. 
 
کۆنسێرتەکە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 26ـەمین فێستیڤاڵی سوێرە بۆ میوزیکی جیهانی، لە 21ـی حوزەیرانی 2025 لە شاری سوێرەی مەغریب بەڕێوەچوو. فێستیڤاڵەکە لە 19-21ـی حوزەیران بەڕێوەچوو، ژمارەیەک گرووپی میوزیکی و هونەرمەند لە نەتەوە جیاوازەکانی جیهان تێیدا بەشداربوون. 
 
هەژار زەهاوی، دەفژەنی ناسراوی کورد و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی نیشتمان، بە رووداوی راگەیاند، بە شەش ئەندامەوە لە باشوور، باکوور و رۆژئاوای کوردستان لە کۆنسێرتەکەدا بەشداربوون، جگە لە ژەنیارێکی بەرازیلی بە ئامێری ریتم کە وەکو میوان لەگەڵیاندا بەشداربوو. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سوێرە فێستیڤاڵێکی زۆر گرنگە و توانییان میوزیک و گۆرانیی کوردی تێدا پێشکێش بکەن، پێشتر دەرفەت زۆر کەم بووە لە مەغریب میوزیکی کوردی بناسێندرێت، هەر بۆیە ئاشناییان لەگەڵ میوزیکی کوردی نییە. 
 
زەهاوی گوتیشی، زۆر بە خەڵکی ئەو شارە سەرسام بوو، بۆ ئەو پێشوازییەی لە کۆنسێرتەکەیان کرد. 
 

"نیشتمان" پڕۆژەیەکی میوزیکییە، هەر جارە و لەلایەن کۆمەڵێک هونەرمەند و میوزیکژەنی جیاواز تۆمار دەکرێت، "نیشتمان یەک" لە 2013 لە پاریس تۆمارکرا، "نیشتمان دوو" لە 2016 لەلایەن هونەرمەند دلشاد محەممەد سەعید تۆمارکرا و "نیشتمانی سێ" لە 2020 لە پاریس تۆمارکرا، لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری دەکرێت و لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا پێشکێش کراون و لەلایەن کۆمپانیای "Accords Croises"  بڵاو دەکرێتەوە. 
 
لە 2024، پڕۆژەی نیشتمان سێ، بەناوی "نەورۆز" لە چوارچێوەی چەند کۆنسێرتێکدا لە فەرەنسا و سویسرا پێشکێش کراوە. 
 
ئەلبوومی "نەورۆز" لە 2022 بە شێوەی ئەلبوومی چاپکراو و دیجیتاڵی بڵاوکرایەوە، بەرهەمی کوردی بە چەند زاراوەیەک لەخۆدەگرێت، لەوانە: کرمانجیی سەروو، کرمانجیی خواروو، زازاکی، کەڵهوڕی و هەورامی. 
 
هەردوو پڕۆژەی نیشتمانی یەک و دوو، لە زیاتر لە 50 کۆنسێرتی جیهانیدا پێشکێش کراون، کۆمپانیای "Accords Croises" کە کۆمپانیایەکی فەرەنسییە و بۆ سەتان گۆرانیبێژ و میوزیکژەنی جیهانی کاری کردووە، لە سەرەتای پڕۆژەی نیشتمانەوە، تاوەکو ئێستا بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی ئەو پڕۆژەیەی لە ئەستۆ بووە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە