قاوەی قەزوان قاوەی کوردییە نەک تورکی

23-07-2021
جوان عومەر ئەحمەد
نیشانەکردن قاوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆفی Coffea یان قاوە لە جیهاندا 60 جۆر داری هەیە.  زیاتر بە مەداگەسکارMadagaskar ناسراوە، شوێنى جوگرافيايى ئه‌م دارانه‌، له‌ چوار لە دوورگەکانی زەریای هیندی و 47 جۆری لە ئەفريقیا به‌تايبه‌تى لە وڵاتی ئەسيوپيا و 13 جۆریشی لە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیان‌. بەگشتی، بەپێی شوێنى ئه‌م دارانه‌ جۆر و فۆرم و تامیشیان دەگۆڕێت.
 

بە لق و پۆپی داری کۆفیيەوە، دوو گوڵ تاوەکو 20 گوڵ پێکەوە چەکەرە دەکەن و خۆیان لە شێوەی هێلکەشیتانۆکەدا دەگۆڕن. دەرەوەى ده‌نكه‌ كۆفييه‌كه‌ بە توێژاڵێک دەوره‌دراوه‌ و ناوەوەشى کەمێک لیقن و لینجە. دوای گەرمکردن و سووتاندن بۆ خواردنه‌وه‌ ئامادە دەکرێت.
 
 
لە سەدەی يازده‌دا یەکەمجار کۆفی لە ئەسيوپیا دۆزرایەوە و هەر لەوێشەوە مرۆڤ فێری کۆفی خواردنەوە بوو. ئەم زێرە رەشە لە سەده‌ی پازده‌دا گه‌يشتە یەمەن و لەوێشه‌وه‌ كەوتنە چاندنی و نزیکەی سەدەیەک دواتر گەیشته‌ وڵاتانی پێرسیا و میزۆپۆتامیا و لە دوایی داگیرکارییەکانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە رێگەی ئۆزدەمیر پاشاوە قاوە گەیشتە تورکیا.
 
لە سەدەی حه‌ڤده‌دا ئەوروپا کەوتە هاوردەکردنی قاوە کە بە mocca ناویان دەبرد. لە ساڵی 1615 دا یەکەم قاوەخانە لە شاری ڤینیس Venice لە وڵاتی ئیتالیا کراوەتەوە، پاشان گەیشتە شارە گەورەکانی وڵاتانی: بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و سویسرا. لە ساڵی 1663 یەکەم قاوەخانە لە ئەمستردام کراوەتەوە. لە وڵاتی هۆڵەندا ساڵانە 6.5 ملیۆن لیتر قاوە دەخۆنەوە، هەر تاکێکی هۆڵەندی لە ساڵێکدا نزیکەی 150 لیتر قاوە دەخواتەوە! لە سەدەی حه‌ڤده‌دا لە له‌ندەن 300 قاوەخانە هەبووە و قاوەیان پێشکێشی گەشتیار و هاوشارییەکانیان کردووە.
 
قاوە خواردنەوەیەکی زۆر گرنگ و خۆشەویستی ئەوروپاييه‌كانە و دەیان و سەدان پەند و ئیدیۆمیان لەم بارەیەوە هەیە، لێ هەرچەندە باسەکەی ئێمە لەسەر قاوەی قەزوانە، بەڵام بە پێویستم زانی کەمێکیش لەسەر میژووی قاوە لە ئەوروپا و بەگشتی لە جیهاندا بە کورتی بنووسم.  
 
داری قەزوان یاخود قاوەی قەزوان
 
ناوی زانستی ئەم دار قه‌زوانە بريتييه‌ له Terebinth. به‌گشتى داری قەزوان بەسەر چه‌ند وڵاتێکدا پۆلێن ده‌كرێت، چونکە لە جیهاندا تەنیا لەو ناوچانە دەڕوێت کە لێره‌ به‌دواوه‌ ئاماژه‌يان بۆ ده‌كه‌ين و جگە لەم وڵاتانە لە هیچ شوێنێکی دیکە نابينرێته‌وه‌ و ناڕوێت. مەرۆکۆ باکوور(مەغریب)، پورتوگال، گریک (یۆنان) هەروەها ئەو وڵاتانەی دەکەونە سەر زەریای نێوه‌ڕاست، وەک: ئیسرائیل، لوبنان، سوریا، فەلەستین و کوردستان. جۆرەکەی فەلەستین جیاوازە و بە Pistacia palaestina ناسراوە کە ئێستا بە Pistacia terebinthus ناوده‌برێت.
 

پێکهاتەی داری قەزوان
 
بەرزایی تاوەکو ده‌ مەتر بەرزدەبێت. گەڵاکانی لەنێوان 10 بۆ 20 cm (3,9-7,9 inch) درێژه‌. بەرەکەی 5–7 ملم ده‌بێت و سەر بە بنەماڵە داری (cashewfamilie , Anacardiaceae) يه‌، چونکە لەدوای ئەوەی بەردەگرێت، گەڵاکانی هەڵدەوەرێت. بەری داری قەزوان لە شێوەی موورووی خڕ و پێکەوە نووساوە، دەرەوەی بە توێژاڵێکی رەق داپۆشراوە و ناوەوەی هاوشێوەی پستە سەوز و نەرمە و دەکرمێنرێت.
 
 
قاوەی قەزوان (قاوەی کوردی)
 
قاوەی کوردی کە زیاتر بە قاوەی قەزوان ناسراوە لە هەندێک لە شێوەزارەکانی دیکەی زمانی کوردیدا بە کەزوان، کەزان، کەزڤان، کێزوان یان شینگێل  ناوده‌برێت. پرسيار لێره‌دا ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئایا قاوەی کوردی چیيە و چۆن و کەی بەرهەمهاتووە و جگە لە کورد  گەیشتووەتە کێ!؟
 
زۆر لە مێژووی ئیدیۆم و گۆرانی خۆشی شادی و قسەی نەستەق و وێنە و تەنانەت ناوی کوردیشمان نەنووسیوەتەوە! بەداخەوە مێژووى كورد هێشتا نه‌نووسراوه‌ته‌وه‌ و ناتوانين بۆ زانيارييه‌كان بگەڕێينەوە بۆ لاپه‌ڕه‌كانى مێژووى كورد. 
 
بەهیوام لەم نووسینەدا کە زیاتر مەبەستم بوو، لەسەر ئەوە بنووسم چۆن و کەی قاوەی کوردی گەیشتە وڵاتەکانی ئەوروپا، چۆن و کەی لەلایەن کەمالیستەکانی تورکەوە ناوەکەی لە قاوەی قەزوانەوە گۆڕدرا بە قاوەی مەننجیچ menengiç kahvesi لە ئەوروپاش لە کوردیش کۆفیەوە  Kurdish coffee گۆڕدرا بە تورکیش کۆفی Turkish coffee کە لەڕووی تام و چێژ و پێکهاتەوە زۆر جیاوازن، چونکە کوردیش کۆفی کە دەکاتە قاوەی کورد دیارە کە تایبەتە بە کورد و لەبەری ئەو دارە بەرهەم دەهێنرێت کە لە سرووشتی کوردستاندا دەڕوێت و ناوی قەزوانە. جگە لەوە هەموو سرووشتی تورکیا بگەڕێیت دارێکی قەزان نابینیت روابێت، ئەوەی هەیە کە پێیدەڵێن ڕۆژهەڵاتی باشووری تورکیا کە دەکاتە باکووری کوردستان، هەر لەوێ دەڕوێت، پاشان نە تورکیا خاوەنی داری قەزوانە نە خاوەنی داری قاوەیە، چونکە هیچ کام لەو دارانە لە سرووشتی وڵاتەکەیاندا نەڕواوە و ناڕوێت، جگە لەوانەش لە هیچ کام لەو وڵاتانەی داری قەزوانیان هەیە قاوەی قەزوانیان نيیە و نەبووە و نەیانزانیوە دروستی بکەن.
 
بە دروستی نزیکەی دوو سەدە لەمەوبەر قاوەی کوردی بەتەواوی ئەوروپادا بڵاوبووه‌تەوە، واته‌ لە سەدەی نۆزده‌دا بۆ ماوەی سه‌ت ساڵ فەرەنسييه‌كان بازرگانیيان پێوەکردووە و تاوەکو کۆتایی ساڵی 1930 قاوەی کوردی بەناوی Kurdish coffee هه‌ناردەی وڵاتانی ئەوروپا کراوە. لەدوای ئەم سه‌رده‌مه‌وه‌ و لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی 1923، قاوەی کوردی کە بە قاوەی قەزوان ناسراوە، بەهایەکی کولتووری نەتەوەيی کوردى هه‌بووە، وەک هەموو بەها کو‌لتووري و نەتەوەییەکانی دیکەی کورد و مۆرکی کوردبوونی لەلایەن تورکیاوە لێسەندراوه‌ته‌وه‌ و هەر زوو ناوەکەیان لە قاوەی قەزوانەوه‌ بۆ menengiç kahvesi گۆڕيوه‌. 
 
 

هەرچەندە قاوەی کوردی زۆر لە پێش دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە هەبووە و ناسنامەی کوردی هەبووە هەر لە کوردستان تاوەکو فەرەنسا و وڵاتانی ئەوروپا. لەنێوان ساڵی 1830 تاوەکو ساڵی 1930 قاوەی کوردی لە فەرەنسا بە ناوی Chicorée au Kurde بازرگانی پێوە کراوە، دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا بەرهەمی Chicorée au Kurde (چیکورێ ئۆ کوردا) و ناسنامەکەی دەگۆڕن بۆ قاوەی تورکی.
 
ئەم خواردنەوەیە دروستکراوی خودی کورد بووە و خواردنەوەیەکی چارەسەری بووە، واتە خواردنەوەیەک بووە بۆ زۆر لە گرفت و نەخۆشييه‌کان بەکارهێنراوە تاوەکو ئەوکاتەی ئیتر لەلای کورد بووە بە خواردنەوەیەکی خۆشەویست و لەهەموو بۆنە و میواندارييه‌کدا پێشکێش کراوە تاوەکو ئەوکاتەش هیچ شتێک نەبووە بە ناوی قاوەی تورکی یان عەرەبی، ئەوەی هەبووە قاوەی یەمەنی بووە، ئەویش لە رێگەی ئوزدەمیر پاشا کە لە ساڵی 1517 حاکم دەبێت لە یەمەن لەوێ فێری قاوە خواردنەوە دەبێت، لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا بڕیار ده‌دات هەندێك قاوە بۆ سوڵتان سلێمان بەدیاری لەگەڵ خۆی بهێنێت، کاتێک سوڵتان سلێمان بەخواردنەوە نوێیە ئاشنا دەبێت، ڕێگە بە ئوزەدمیر دەدات قاوە هاوردەی تورکیا بکات. ئیتر ئەوەی ئێستا لە ئەوروپا پێىدەڵێن تورکیش کۆفی نە لەڕووی پێکهاتەوە و نە تامی یەکناگرێتەوە لەگەڵ قاوەی قەزوانی کوردی و تاوەکو چلەکانی ساڵی 1800 خواردنەوەیەکی بەنێوبانگی ئەورپاييه‌کان بووە و بۆ چارەسەر بەکاریان هێناوە، بەتایبەت ئەوانەی بەهۆی جگەرەکێشانەوە تەندرووستیان تێکچووە قاوەی کوردییان وەک چارەسەر بەکارهێناوە، تەنیا خانەدانەکانی ئەوروپا و بەشە ئەرستۆکراتييه‌ەکان توانیویانە بیکڕن و بیخۆنەوە، چونکە نرخەکەی گران بووە و هەموو کەس نەیتوانیوە بیکڕێت. هەرچەندە ئێمە باسی ساڵەکانی 1830 بۆ 1930 دەکەین، بەڵام بەدیدی من پێش ئەوكاته‌ قاوەی کوردی گەیشتووه‌تە فەرەنسا و هەندێك لە سەرچاوەکان باسی سەردانەکەی سوڵتان محەممەدی چوارەم دەکەن لە ساڵی 1657 بۆ لای لویسی پاشای فەرەنسا Louis le Grand یان لویسی چوارده‌ Louis XIV، لەو سەردانەدا قاوەی بەدیاری بۆ بردووەو، وەک باس دەکەن بە شێوازی تایبەت پێشکێشی لویسی کردووە، بەهەموو پێوەرێک نابێت و ناکرێت قاوەی ئەفريقی یان عەرەبی بردبێت بۆ لویس، چونکە فەرەنسييه‌کان بەر لە تورکەکان ئاشنای قاوەی ئەفریقی بوون، ئەوەش بەهۆی داگیراکاری ئەفریقاوە بووە، بۆیە گومانم لەوە نییە کە قاوەی قەزوانی پێشکێش بە لویسی چوارده‌ کردووە.
 
ئەم قاوەیە کە ئەورپاييه‌کان هاوردەی ئەوروپایان كردووه‌ وەک (قاوەی کوردی) هاوردەیان کردووە نەک تورکی و لەسەر زۆر لە پاکەت و قوتووى تایبەت بە قاوەکە كات و ناوی کوردی پێوەیە هەر بۆیە لەلایەن چاپخانەی (شۆکۆلاپیوپیێوە،  HOCOLAT PUPIER) له‌ فەرەنسا چاپکراوە و هەمان چاپخانە چەند وێنەیەکی دیکەی کوردی چاپکردووەو هەندێك زانیاری لەسەر نووسیوە، بەهەمان شێوە لە بەریتانیاش چەند پۆستکارتێکی کوردییان چاپکردووە، لە خوارەوە بە کورتی باسیان دەکەین. 
 
هەروەها جیمس برانت James Brant کە ئەو دەم کۆنسووڵی بەریتانیا بووە لە ئەرزەرووم دەڵێت مۆککا MOKKA له‌نێو خەڵکیدا خواردنەوەیەکی خۆشەویستی بووەو تام و چێژێکی تایبەتی هەبووە، هەر خودی خۆیشی ئالوودە و سەرسام بووە بە قاوەی قەزوان . 
 
 
لە سەرەتای ساڵەکانی 1920 و دواى جاڕدانی کۆماری تورکیا و لەنێوچوونی ئیمپراتۆری عوسمانی، سیاسەتی سیستماتیکی لەنێوبردنی نەتەوەی کورد و قڕکردنی بەدوای خۆيدا هێنا، بەچڕی دەستیانکرد بە تاڵانکردن و وێرانکردنی هەموو بەهایەکی کولتووريی و داوونەریتی نەتەوەی کورد، پاشان دوای کۆمەڵکوژی و نکۆڵيکردن لە بوونی نەتەوەیەک بەناوی کورد لەسەر خاکە داگیرکراوەكه‌ی، زۆر لە بەهاکانی نەتەوەکەمان لەنێوچوون و هەندێکی دیکەش تەنیا وەک شوێنه‌وار جێماون، یەک لەو نموونانە قووتووی ئەو قاوە کوردییەيه‌ کە لە فەرەنسا بەرهەمهێنراوە و ماوەتەوە، ئەو ناونیشانەی تائێستا لەسەر ئینتەرنێت و تۆڕی کۆمەڵايه‌تى ماوەتەوە، سەره‌ڕای ئەوەی قاوەی کوردی ناسنامەی خۆی لەدەستداوە، بەڵام هێشتا بەناوی جیاواز جیاوازەوە بارزگانی پێدەکرێت و خۆشبەختانە تاوەکو ئەم ساتەوەختە لە شارە کوردييه‌کان و لە ماڵان و کافتریاکاندا دروستدەکرێت.
 
ئەوەی جێگەی داخە کە ئەو قاوە کوردييه‌ لەساڵی 2013 بە فەرمی لەلایەن تورکیاوە لە کەلەپووری نێودەوڵەتی بەناوی (قاوەی تورکی) لەلایەن یونسکۆوە تۆمارکرا، هەرچەندە ئێستاش درەنگ نیيە رێکخراوە کوردستانييه‌کانی دەرەوە و ناوەوەی کوردستان رێکخراوی یونسکۆ ئاگادار بکەنەوە و پێشنیازی ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵە گەورەیە بکەن کە بەرانبەر بە نەتەوەی کورد کردوویانە، ئه‌مه‌ش کارێکی مەحاڵ نيیە وەک چۆن (نان برنجی) کرماشان لە ڕێکخراوی یونسکۆ بەناوی کرماشانەوە تۆمارکراوە، ئاواش دەکرێت قاوەی کوردی بەناوی کوردەوە تۆمار بكرێت. 
 
مێژووی دروستبوونی قاوەی قەزاون:
 
رەنگە نەتوانین بەدروستی مێژووی دروستبوونی قاوەی کوردی دەستنیشان بکەین، بەڵام زۆر لە سەرچاوەکان ئەوەمان لەلا گەڵالە دەکەن کە تەمەنی لە هەزار ساڵ زیاتره‌.
 
ئەگەر داستانی مەم و زین (Mem û Zin) بەنموونە بهێنینەوە لەساڵی 1300 و، پاشان داستانی مەم و زینی ئەحمەدی خانی لە ساڵی 1962 دا (مەمی ئالان)، کە لەساڵی 1919 لە ئیستەنبووڵ چاپکراوەو دواجاریش لەلایەن هەژار موکریانییەوە کراوەتە شێوەزاری سۆرانی، زۆر لەمێژتر لەوكاته‌ قسەی لەسەر کراوە و ئاماژەی بە خووی خواردنەوەی قاوەی کوردی کردووە، ئەگەر ئەوكاته‌ش بە نموونە بهێنینەوە ئەوە زیاتر لە 700 ساڵ بەر لە ئێستا کورد قاوەی قەزوانی هەبووە و خواردوویەتييەوە. هەر بۆیە ئەگەر چاوێک بەکولتووری کوردیدا بخشێنین ئەو نەریتە باوەی کە لەنێو نەتەوەی کوردا هەبووە و ئێستا وڵاتانی عەرەب کردوویانەتە ناسنامەی خۆیان بۆ ژن و ژنخوازی و لە دراما تورکييه‌كاندا لە کوردستان بەخشی دەکەن بە خودی کورد نامۆبووە، کورد خۆیشی وادەزانیت ئەوە نەریتی بێگانانە نەک کورد.
 
لە رابردوودا خەڵکی کوردستان وەک نەریتێک لەکاتی هاوسەرگیریدا، خێزانی زاوا لەگەڵ کوڕەکەیاندا سەردانی ماڵی بووکەخانیان دەکرد لەوێدا کوڕە و کچە یەکیان دەبینی قاوە لەلایەن کچەکەوە ئامادە دەکرا، ئەگەر کچەکە زاوای بەدڵ بووایە، ئەوا قاوەی لەگەڵ شەکر دروستدەکرد و پیشکێشی دەکرد، خۆ ئەگەر زاوای بە دڵ نەبووایە ئەوا خوێی دەکردە قاوەکەوە لە هەندێک ناوچەشدا ترش. بەزانینی ئەم نەریتە، زاوا خێزانەکەی ئاگادار دەکردەوەو ماڵی بووکەخانیان بەجێدەهێشت.
 
 
ئەم نەریتە نەریتێکی زۆر کوردەواريیانە بووە، ئەویش بەو هۆکارەی کورد بە سەدان ساڵ بەر لە عەرەب و تورک و گەلانی ناوچەکە قاوەی قەزوانی تایبەت بە خۆی هەبووە. لەنێو نەتەوەی کورد باو بووە، پاشان عەرەب و تورک و فارس لە کوردیان وەرگرتووە، لەلای ئێمە ئەم نەریتە نەماوەتەوە، لەلای ئەوانیش وەک ناسنامەی کو‌لتووری نەتەوەی خۆیان شانازی پێوە دەکەن.

 

هەر زۆر دوور نەڕۆین لە شاریکی وەک شاری سلێمانی تاوەکو ساڵی 1885 نەیانزانیوە (چا) چیيە و چۆنە و نەیانخواردووه‌تەوە، تاوەکو نێوه‌ڕاستی سەدەی نۆزدەش شتێک نەبووە بەناوی چایخانە، ئەوەی هەبووە هەر قاوەخانە بووە. بۆ نموونە قاوەخانەی مارف قاوەچی هه‌بووه‌ کە لەبەر بەله‌یيه‌کە بووه‌ به‌رانبه‌ر قەیسەری نەقیب. قاوەخانەی مام ئەحمەد هه‌بووه‌ لە گەڕەکی دەرگەزێن لای شیوی قازی لەبەرئەوەی گەرمیانیيەکان بۆ ساخکردنەوەی گەنمی قەندەهاری دەهاتنە شاری سلێمانی و لەو قاوەخانەیە گەنمەکەیان دەفرۆشت و هەر لەو قاوەخانەیە دادەنیشتن، هەربۆیە ناویان نابوو قاوەخانەی چەمچەماڵ. قاوەخانەی کەلـلە هه‌بووه‌ كه‌ ئەم قاوەخانەیە لەنێو بازاڕ لە خوار کەبابخانەی وەستا گورونی کەبابچی بوو، خاوەنەکەی ناوی کەلـلەی قاوەچی بوو. هه‌روه‌ها قاوەخانەی سەر چيمەن هه‌بوو له‌ گەڕەکی گۆیژە و لقی سەرچیمەن بەرانبەر دووکانی (عەلی فەوتاو) ئەم قاوەخانەیە چەند دەستێکی کردووە و دوایین جار عەبدوڵڵا ئەفەندی بەنێوبانگ بووە بە (عەبە بەراز) گرتوویەتی و کاری تێدا کردووە. ئەم قاوەخانەیە زۆر لە بازرگان و پیاو ماقولی گەڕەک هاتووچۆیان کردووە.
 
ئەکرەمی مەحموودی ساڵحی رەشە لە کتێبی شاری سلێمانی، بەرگی یەکەم لاپەرە 196 ده‌نووسێت "لەزەمانی عوسمانلی لەنێوان ساڵی 1885-1890 مەلا محەممەدی مەلا غەفوور کە ناسراوە بە مەلا ئەحمەدی چایی بۆ بازرگانیکردن هاتووچۆی وڵاتی ئێرانی کردووە.. جارێکیان لە بازاڕ دەبینێ لە چایخانەکاندا خەڵک دانیشتوون بۆ قاوە و چا خواردنەوە، مەلا ئەحمەدیش دادەنیشێت و داوای چا دەکات، بۆى دێنن و دەیخواتەوە.. بە دڵی دەبێت ئیتر دەکەوێتە چا خواردنەوە". 
   
 
هەروەها دەنووسێت "لە گەڕانەوەدا دەچێت هەموو کەلوپەل و پێداویستی چایچێتی دەکڕێ و هەر لە قۆری و سەماوەر و پیاڵە و ژێرپیاڵە، هەروەها شەکر و چا و لەگەل خۆی دەیهێنتەوە بۆ شاری سلێمانی، دوایی خەڵکی پێیدەزانن و دێن بە میوانی بۆ چا خواردنەوە، بەتایبەتی زۆر لە گەورەپیاوان و ماقولانی شار روویان تێکردووە. ماڵەکەیان لە گەڕەکی دەرگەزێن لە خوار ماڵی عيزەت بەگی وەسمان پاشا بووە، حەوشێکی گەورە و باخ و حەوزێکی فراوانی تێدا بووە. هەر بەوهۆکارە ناوی دەرکرد بە مەلا محەممەدی چایی و لە دوای خۆیشی مەلا ئەحمەدی مەلا چایی کوڕی لەبەر هەژاری خانووەکە دەفرۆشیت بە حاجی ئەحمەدی پيرۆز".
 
 نووسەر دەڵیت ئەم سەرگوزەشتەیە وەستا ئەوڕەحمانی کوڕی مەلا ئەحمەدی چایی پینەچی لە سابوونکەران بۆی گێراومەتەوە، ئەویش گوایە (زێوەر ئەفەندی) بۆی گێڕاوەتەوە و پێىگوتووە خۆزگەم بەوکاتەی لەناو باخ و سەر حەوزەکەی ماڵی باوکت چامان دەخواردەوه‌. ئەمەش ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات بەر لەوە واتە پیش ساڵی 1885 شتێک نەبووە لە کوردستان بە ناوی چا، ئەوەی هەبووە قاوە بووە و هەر قاوەمان خواردووەتەوە، ئێستاش لە گەرمیان بەتایبەتیش لە خانەقین بەنان و چای بەیانیان دەڵێن (قاهـوەتی) زۆریش لە قەدیمییەکانی شاری سلێمانی هەر دەڵێن بۆ قاوەتی چووین بۆ ماڵی فڵانە کەس، واتە نەتەوەی کورد زۆر پێش گەلانی ناوچەکە خواردنەوەیەکی تایبەت بە خۆی دۆزیوەتەوەو بڕواشیان وابووە قاوەی قەزوان چارەسەریشە. ئەوەی قاوەی قەزوان لە قاوە جیهانييه‌کان جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە قاوەی قەزوان بە سرووشتی کافائینی تێدا نیيە و سەرەتا وەک چارەسەری نەخۆشی بەکاریان هێناوە. وەک چۆن سەرەتا یۆهان پیمبەرتۆن John Pemberton لە ساڵی ١٨٨٥ (Coca-Cola) کۆکاکۆلاى دۆزیيەوە و وەک چارەسەری نەخۆشی، لەدوایشدا بووە خواردنەوەیەکی خۆشەویست و بەنێوبانگی جیهانی، قاوەی قەزوانیش هاوشیوەی ئەو بووە، بەڵام بە مێژوویەکی قوڵتر.
 
 
جگە لەو قووتوو و پاکەته‌ى قاوەی قەزوان کە وێنەی جەنگاوەرێکی کوردی سەدەی پازده‌ى له‌سه‌ره ‌و لە سەدەی ١٧دا چاپکراوە، دەیان وێنە و پۆستکارتی دیکەشمان لە مێژووی وڵاتانی ئەورووپادا هەیە، هەر بۆ نموونە کۆمپانیای Major Drapkin تەباک و تووتنی بەریتانی تاوەکو کۆتایی ساڵەکانی 1930ی سەدەی رابردووی لەسەدا 90ی توتنی کارگەکەی لە باکووری کوردستان لە شاری بەتلیس هاوردە کرووە کە بە یەک لە باشترین تەباکی جیهان نێودەبرێت و هەر هەمان کارگە ئاگرۆکێکی (شخاته‌) زۆری خستە بازاڕەکانەوە کە وێنەی کچە کوردێکی لەسەرە و زانیاری لەسەر کچی کورد نووسیوە. 
 

پاشان لەساڵی 1940 لە بەتلیس کارگەیەکی گەورەی سیگار دامەزار کە سەرجەم کارمەند و توتنەکەشی کوردی بووەو تاوەکو ساڵی 1983بەردەوام بووە. 
 
 
 
 
سەرچاوەکان:

 

https://www.moccador.nl
http://www.saradistribution.com
کتێبی شاری سلێمانی بەرگی یەکەم (ئەکرەمی مەحمودی ساڵحی رەشە)
https://en.wikipedia.org/wiki/Coffea
http://www.bitlisname.com /
https://caffedimauricio.nl/geschiedenis/
https://www.ncausa.org/about-coffee/history-of-coffee
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە