بەهۆی مانگرتنی ئەکتەرانی هۆلیوود بەرهەمهێنانی فیلمی 'Challengers' وەستا

23-07-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن زندێیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فیلمی 'Challengers' لە دەرهێنانی لوکا گوادانینۆ کە زندێیا رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، بەهۆی مانگرتنی ئەکتەرانی هۆلیوود، بەرهەمهێنانی وەستاوە، لە خولی داهاتووی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیز بەشدار نابێت کە پێشتر وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ ناسێندرابوو.
 
لەم بەرهەمەدا زندێیا رۆڵی راهێنەرێکی تێنس دەگێڕێت و بڕیاربوو لە 30 ئابی داهاتوو لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربێت و دواتر لە 15 ئەیلوول لە سینەماکاندا بڵاوبکرێتەوە، بەڵام بەهۆی مانگرتنی ئەکتەرانی هۆلیوود زۆربەی پڕۆژە سینەماییەکان وەستاون و بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمەش دەکەوێتە 26ـی نیسانی 2024.
 
لە بەرامبەردا رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە رایانگەیاند، لە بری فیلمی 'Challengers' کە بڕیاربوو لە دەستپێکی فێستیڤاڵەکەدا پێشانبدرێت، فیلمی 'Comandante' وەک فیلمی دەستپێک دیاریکراوە.
 
چەند فیلمێکی دیکەی هۆلیوود بڕیاربوو لە مانگی ئابی داهاتوو بڵاوبکرێنەوە، بەڵام بەهۆی مانگرتنی ئەکتەرانەوە کە داوای زیادکردن و یەکسانی لە کرێی کار و بەکارنەهێنانی ژیری دەستکردن، بۆ کاتی دیکە دواخراون، لەوانەش فیلمی 'Problemista'ـە.
 
لەلایەکی دیکەوە بەهۆی مانگرتنی ئەکتەر و سیناریۆنووسەکانی هۆلیوود، ئەگەری دواخستنی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئێمی هەیە و بە گەشتی کاریگەری لەسەر تەواوی چالاکیییە هونەرییەکانی ئەمریکا دەبێت.
 
خەڵاتی ئێمی بە هاوتای خەڵاتی ئۆسکار لە بواری بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکان دەناسرێت، هەرچەند رێکەوتی 18ـی ئەیلوولی 2023 وەک وادەی بەڕێوەچوونی دیاریکراوە، بەڵام ئەگەری دواخستنی بۆ تشرینی دووەمی ئەمساڵ یاخود سەرەتای ساڵی داهاتوو هەیە.
 
75مین خولی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئێمی لە لۆس ئەنجلس بەڕێوەدەچێت و خەڵات بە زنجیرە و بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان دەبەخشێت و لە 12 ئەم مانگە لیستی بەربژێرکراون بۆ خەڵاتەکە بڵاوکرایەوە.
 
هەر بەم دواییە کریستۆڤەر نۆلان، دەرهێنەری بەریتانی – ئەمریکی، رایگەیاند، کار بۆ فیلمی دیکە ناکات، تاوەکو مانگرتنەکانی هۆلیوود کۆتایی نەیێت. 
 
ئەم بڕیارەی نۆلان، لە دوای ئەوە دێت کە بەشێک لە ئەکتەرە بەشداربووەکانی نوێترین فیلمی بەناوی 'Oppenheimer' لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکەی لە لەندەنی بەریتانیا ئامادە نەبوون.
 
سیناریۆنووس و ئەکتەرەکانی هۆلیوود لەگەڵ کۆتاییهاتنی گریبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، داوای راگرتنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و دادپەروەری و زیاکردنی کرێی کارکردنیان دەکەن.
 
مانگرتنی هەردوو سەندیکای سیناریۆنووسانی ئەمریکا و سەندیکای ئەکتەرانی ئەمریکا، دەبێتە یەکەم مانگرتنی دوو سەندیکا لە یەک پیشەسازیدا لە ماوەی شەش دەیەی رابردوودا.
 
مانگرتنی هەردوو سەندیکاکە، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمی سینەمایی و تەلەفزیۆنی هەبووە و پێشبینی دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر رێژەی بەرهەمهێنانیان.
 
سەندیکای ئەکتەرانی شاشە کە 160 هەزار ئەندامی هەیە، پاڵپشتی ئەو مانگرتنەی کردووە و داوا لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی کردووە، داواکارییەکانی ئەکتەرە مانگرتووەکان لەبەرچاو بگرن. 
 
دوایین جار ئەکتەرانی سینەما و تەلەفزیۆنی لە 1980 بۆ ماوەی سێ مانگ مانیان گرت، هەرچەندە لەو کاتەوە ئەکتەرانی بواری ریکلام دوو جار مانیان گرتووە. 
 
ئێستا 11 هەزار و 500 ئەندامی سەندیکای نووسەرانی ئەمریکا دوو مانگە مانیان گرتووە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی چەند بەرهەمێک دواخراون.
 
مەترسییەکی گەورەی سەر نووسەران لە ئەمریکا رۆبۆتی 'ChatGPT'یە؛ هەندێک لە نووسەرەکانی نێتفلیکس و دیزنی دانیان بەوەدا ناوە، دەکرێت رۆبۆتەکە بتوانێت چیرۆکی سەرەتایی بنووسێت، کۆمپانیاکانیش تەنیا بۆ پێداچوونەوە سوود لە توانای نووسەرەکان وەربگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە