82ـەمین فێستیڤاڵی ڤێنیس بە بەشداریی 12 فیلمی بەهێز بەڕێوەدەچێت

23-08-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن فێستیڤاڵی نێوودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆنترین و یەکێک لە بەناوبانگترین فێستیڤاڵەکانی فیلم لە ئەورووپا و جیهاندا، چوارشەممەی داهاتوو دەستپێدەکات، تێیدا بەشێک لە گرنگترین فیلمەکانی ئەمساڵ بەشدارن و ئامێز بۆ دەرهێنەرە دیارەکانی ئەورووپا جیهان دەکاتەوە.
 
بەپێی ئاستی فیلمەکان، بەشێکیان دەچنە نێو گفتوگۆی خەڵاتەکانی ئۆسکارەوە لە ساڵی نوێدا، هەروەک چۆن چەندین دەرهێنەر لە ساڵانی رابردوودا ئەو ئەزموونەیان هەبووە. لە 2017، دێل تۆرۆ فیلمی (The Shape of Water)ـی لە ڤێنیس بەشداربوو و خەڵاتی شێری زێڕینی بردەوە، دواتر خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین دەرهێنەری ئۆسکاریشی بەدەستهێنا. لە 2023ـیشدا، لانسیمۆس بە فیلمی (Poor Things) هەمان سەرکەوتنی تۆمارکرد و دوای بردنەوەی شێری زێڕین، ئێما ستۆن خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی ئۆسکاری پێ بەخشرا.
 
12 فیلمی بەهێزی بەشداربوو لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە:
 
1.(Bugonia)  لە کێبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەیدایە و لە 28ـی ئاب پێشاندەدرێت. بەردەوام کارێکی هاوبەشی یۆرگۆس لانسیمۆس و ئێما ستۆن جێگەی سەرنجە. فیلمەکە وەک کۆمیدیایەکی رەشی زانستی-خەیاڵی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی فیلمێکی کۆریای باشوورە، چیرۆکی پیاوێک دەگێڕێتەوە کە باوەڕی بە تیۆرییەکانی پیلانگێڕی هەیە و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپێکی دەرمانسازی دەڕفێنن، بە بڕوای ئەوان بوونەوەرێکی ئاسمانییە. کۆمپانیای فۆکەس فیچەرز پلانی هەیە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم لە سینەماکانی جیهاندا پێشانی بدات.
 

2. (Jay Kelly) فیلمێکی نوێیە و لە دەرهێنانی نۆوا باومباکە. باس لە پیشەسازی فیلمسازی دەکات و ئەو بیرۆکەیە دەخاتەڕوو کە چیرۆکەکانی گەیشتن بە تەمەنی پێگەیشتن؛ تەنیا بۆ گەنج نییە. جۆرج کلونی رۆڵی ئەستێرەیەکی سینەمایی دەگێڕێت کە لە گەشتێکی کۆمیدی و وردبوونەوە لەخۆیدا، لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانیدا (ئادەم ساندلەر) بە ئەورووپا دا دەگەڕێت. فیلمەکە لە تشرینی دووەم لە سینەماکان و لە کانوونی یەکەم لە نێتفلیکس بڵاودەکرێتەوە. 28ـی ئاب لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیس پێشاندەدرێت.
 

3.  (MEGADOC)لە 28ـی مانگ لە دەرەوەی کێبڕکێی فیستیڤاڵ پێشاندەدرێت کە بەرهەمێکی دیکەی بەڵگەنامەییە لەبارەی ماڵباتی کۆپۆلا، بەڵام ئەمجارەیان  لە دەرهێنانی مایک فیگیسە و باس لە دروستکردنی فیلمە داستانئامێزەکەی فرانسیس فۆرد کۆپۆلا (Megalopolis) دەکات کە دەیان ساڵ کاری تێدا کردووە و خۆی پارەی بۆ دابین کردووە. فیلمەکە بینەران دەباتە پشت کامێرا و پرۆسەی داهێنەرانەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە. لە 19ـی ئەیلوولی داهاتوو لە سینەماکان پێشاندەدرێت.
 

4. (After the Hunt) فیلمێکی نوێیە و جولیا رۆبەرتس رۆڵی پرۆفیسۆرێکی زانکۆی خۆشەویست و سەرنجڕاکێش دەبینێت کە یەکێک لە قوتابییەکانی و هاوکارە نزیکەکەی بە "تێپەڕاندنی سنوور" تۆمەتبار دەکات. ئەم دراما سایکۆلۆژییە لە دەرهێنانی لوکا گواداگنینۆیە. کۆمپانیای ئەمازۆن ئێم جی ئێم ستۆدیۆز لە مانگی تشرینی یەکەم لە سینەماکان پێشانی دەدات و لە 29ـی ئەم مانگە لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندەدرێت.
 

5. (No Other Choice) بەرهەمی پارک چان-ووک، دەرهێنەرکۆرییە و دوای فیلمی (Decision to Leave)، بە بەرهەمێکی نوێ گەڕاوەتەوە کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوان دەکرێت. چیرۆکی فیلمەکە باس لە بەڕێوەبەرێکی دەکات کە دوای دەرکردنی لە کارەکەی، رۆژ بە رۆژ زیاتر پەنا بۆ تووندوتیژی دەبات. لی بیونگ-هون و سۆن یێجین رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن. کۆمپانیای نیۆن هێشتا وادەی پێشاندانی ئاشکرا نەکردووە. لە 29ـی ئەم مانگە لە بەشی کێبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵ پێشاندەدرێت.
 

6. (Frankenstein)  خەونی دەیان ساڵەی دەرهێنەر گویلێرمۆ دێل تۆرۆە، بۆ وەرگێڕانی رۆمانە کلاسیکەکەی ماری شێلی، کە بە کتێبی دڵخوازی خۆی ناوی دەبات. دێل تۆرۆ مامۆستای ژانەری گۆسیکە، لە فیلمی (Frankenstein)ـدا. فیلمەکە یەکێکە لە چاوەڕوانکراوترین فیلمەکانی ساڵە و لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە سینەماکان و لە تشرینی دووەم لە نێتفلیکس بڵاودەکرێتەوە. لە 30ـی ئەم مانگە لە کێبڕکێی سەرەکیدا لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندەدرێت.
 

هەر لە فێستیڤاڵەکەدا فیلمی  (Father Mother Sister Brother) لە 31ـی ئاب، (The Smashing Machine) و  (The Testament of Ann Lee) لە 1ـی ئەیلوول لە پێشبڕکێی سەرەکی،  (A House of Dynamite)و (Marc by Sofia) لە 2ـی ئەیلوول لە پێشبڕکێی سەرەکی و (The Voice of Hind Rajab) لە 3ـی ئەیلوول لە پێشبڕکێی سەرەکی پێشاندەدرێن. 
 
82ـەمین فێستیڤاڵی نێوودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس لە ئیتاڵیا، لە 27ـی ئاب تاوەکوو 6ـی ئەیلوولی 2025 بەڕێوەدەچێت. 
 
ڤێنیس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە سەرانسەری جیهاندا، لەگەڵ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە