ئارنۆڵد شوارزنێگەر بۆ یەکەم جار لە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵ دەگێڕێت

24-05-2023
پەسار فایەق
ئارنۆڵد شوارزنێگەر، لە پێشاندانی تایبەتی زنجیرەی 'FUBAR'
ئارنۆڵد شوارزنێگەر، لە پێشاندانی تایبەتی زنجیرەی 'FUBAR'
نیشانەکردن 'FUBAR' ئارنۆڵد شوارزنێگەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئارنۆڵد شوارزنێگەر، ئەکتەری ئەمریکی، لە پێشاندانی تایبەتی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'FUBAR' لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا ئامادەبوو کە خۆی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
 
بڕیارە ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە سبەی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023 لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوبکرێتەوە و یەکەمجارە ئەو ئەکتەرە لە بەرهەمێکی تەلەڤزیۆنی رۆڵبگێڕێت، تێیدا باس لە کارمەندێکی سی ئای ئەی دەکات کە لە خانەنشینبوون نزیکبووەتەوە، بەڵام نهێنییەک ئاشکرا دەکات و ناچارە دەبێت دوایین کاری وەک ئەندامی ئەو دەزگایە ئەنجام بدات.
 
شوارزنێگەر، لە پێشاندانی دراماکەدا، باسی لە بەڵگەفیلمی 'Arnold' کرد کە لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی بەرهەمهاتووە و بڕیارە لە 7ـی حوزەیرانی داهاتوو لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوبکرێتەوە.
 
ئەو ئەکتەرە سینەماییە، لەبارەی بەڵگەفیلمەکە گوتی "پێموایە کارێکی نایابمان کردووە".
 
وەک ئامادەکارییەک بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە بایۆگرافییە، ترەیلەرێکی بڵاوکراوەتەوە کە چەند دیمەنێکی نوێ و ئەرشیفی بەکارهێنراون و شوارزنێگەر تێیدا دەردەکەوێت و لەبارەی رووداوە گرنگەکانی ژیانی دەدوێت.
 
بەڵگەفیلمەکە بەسەر سێ بەشدا دابەشکراوە، لە بەشی یەکەمی باس لە دەرکەوتنی و بەناوبانگبوونی وەک یاریزانێکی لەشجوانی لەسەر ئاستی جیهاندا دەکات، دوو بەشەکەی دیکەی تیشک دەخاتە چوونە نێو سینەما، دواتریش بۆ نێو دنیای سیاسەت کە توانی ببێتە حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا.
 
ئارنۆڵد شوارزنێگەر، لە 30ـی تەممووزی 1947 لە نەمسا لە دایکبووە، یاریزانی لەشجوانی بووە، دواتر لە ئەمریکا رووی لە سینەما و سیاسەت کردووە، 38مین حاکمی کالیفۆرنیا بوو، دەستپێکی کاری هونەریی؛ وەک ئەکتەری فیلمە ئەکشنەکان ناوبانگی پەیداکردووە و لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی زنجیر فیلمی 'The Terminator'  کە لە پێنج بەشدا بەرهەمهاتووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە