وەك زۆربەی ئەو جارانەی كە جەنگ و گرژیی سیاسی ناوچەیەكی پڕكێشە دەگرێتەوە و وڵاتانی رۆژئاوایی بە جۆرێك لە جۆرەكان تێیدا بەشدارن، ئەمجارەش هۆڵیوود كاتی بە فیڕۆ نەدا و بە دوای كۆمەڵێك دەرفەتی فیلم دروستكردن لە عێراق و سووریادا دەگەڕێ كە قازانجیان تێدابێ.
پۆلێك پڕۆژەی فیلمی پەیوەندیدار بە داعش، جینۆسایدی ئێزدییەكان، پێشمەرگە، شەڕڤانە ئافرەتەكان و هاوبەشەكانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لەناو لیستی ئەو فیلمانەدان كە بڕیارە بەرهەم بهێنرێن.
ئەم جۆرە فیلمانە بە بودجەیەك لە نێوان 25 بۆ 200 ملیۆن دۆلار دروست دەكرێن و بڕێكی زۆری لەو وڵاتەدا خەرجدەكرێ كە شوێنی بەرهەمهێنانی فیلمەكەیە. ئایا كوردستان دەتوانێ ركابەریی وڵاتانی دیكە بكات بۆ میوانداریی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە فیلمانە؟ پێویستە چی بكرێ بۆ ئەوەی هۆڵیوود لە خۆمان نزیك بكەینەوە؟
پاش گەڕان بەناو لیستەكانی داتابەیسی نێودەوڵەتیی فیلم (IMBd) و راپۆرتەكانی گۆڤاری ڤەرایەتی و هۆڵیوود و بەهۆی ئەو پەیوەندییەی لە چەند ساڵی ژیانم لە لۆس ئەنجلس دروستمكردوون، توانیم لیستی ناوی 24 فیلم كۆبكەمەوە كە پەیوەندییان بە كوردستانەوە هەیە، هەندێكیان لە قۆناغی بیرۆكەدان و هەندێكی دیكەیان كاریان لەسەر دەكرێ و ئەوانی دیكەش لە قۆناغی پێش بەرهەمهێناندان.
لەناو ئەو فیلمانەدا، لە فیلمی ئەكشنی مینی ستۆدیۆوە بیگرە هەتا فیلمی جەنگیی خاوەن بودجەی مامناوەند و بەرهەمی خاوەن بیرۆكەی زەبەلاحی ستۆدیۆ گەورەكان بەرچاو دەكەون. هەرچەند هەموو ئەو فیلمانەی فۆكەسی بابەتەكانیان لەسەر شەڕی داعشە چیرۆكێكی خەیاڵكردیان هەیە، بەڵام زۆربەیان پشت بە رووداو و ژمارەی راستەقینە و مەیدانی دەبەستن.
ناونیشانی فیلمەكانی ستۆدیۆ زەبەلاحەكان بریتین لە "بلاكوۆتەر"، "ئەمە ئەو شتەیە من دەیكەم"، "نابز" و فیلمی "فییەرس ئینڤەلید"ی جۆنی دێپ كە هەموویان لەلایەن كۆمپانیای وۆرنەر برازەرس (WB)ەوە بەرهەمدەهێنرێن. لە ستۆدیۆكانی ئامازۆنیش “سۆڵجەر بۆیز” (كوڕە سەربازەكان) بەرهەمدەهێنرێ. كۆمپانیای (HBO)یش فیلمی "تەیكینگ چەنس (قۆستنەوەی هەل)ی هەیە، لە كاتێكدا ستۆدیۆكانی لایۆنسگەیت (Lionsgate) فیلمی "كۆدی ترس"یان هەیە، كۆمپانیای سۆنی پیكچەرزیش فیلمی "جورناڵ بۆ جوردەن"ی هەیە كە دێنزڵ واشنتن رۆڵی تێدا دەبینێ و ستۆدیۆ پارەماونتنیش فیلمی زەبەلاحی "هیوایەك بەهێزتر لە دەریا"ی ستیڤن سپیلبێرگی بەدەستەوەیە.
ناونیشانەكانی دیكە ئەم فیلمانە لەخۆدەگرن: (The Swimmers – مەلەوانەكان) لەبارەی یوسرا ماردینی، كە نەوجەوانێكی پەنابەر و یاریزانی ئۆڵۆمپیاد و رزگاركەری گیانی زۆر كەسە لە دەریای ئیجە، هەروەها فیلمی شێرەژن (Lioness) كە باسی مارینزێكی ئەمریكییە بەناوی لانس كۆرپۆرال لیسلی لە ناوچەی حەدیسەی عێراق، ئینجا فیلمی پرۆژەی ئێكس (Project X)ی جاكی چان دێ و فیلمی "كڵاوسپییەكان (White Helmets)ی جۆرج كڵونی و فیلمی ئانارشیست لەدژی داعش (Anarchist Vs. ISIS) و زۆر فیلمی دیكە.
وای دابنێن هەمان ژمارەی ئەو فیلمانەی سەرەوە كە لە هۆڵیوود بەرهەم دێن، لە ئەوروپاش لەسەر هەمان بابەت دروست بكرێن. بە حوكمی نزیكبوونیان لە ناوچەكە، ئەم پڕۆسەیە بۆ ئەوروپییەكان ئاسانتریشە، واتە دەتوانن بودجەیەكی كەمتر تەرخان بكەن و ئەوانیش وەك فیلمسازە سەربەخۆكانی ئەمریكا ئەنجوومەن و سەندیكاكان دەست و پێیانی نەبەستووە.
ئەگەر كەیسێك وەك نموونە وەربگرین، ئەوە فیلمی "پرۆتۆكۆڵی میلان"ی دەرهێنەری ئەڵمانی پیتەر ئۆت لە كوردستان وێنەی گیراوە. نموونەی فیلمە ئەوروپییەكانی دیكە "كچانی خۆر"ی ئێڤا هاسنە كە ئێستا بە فێستیڤاڵەكاندا دەسووڕێتەوە و هەروەها "خوشكانی چەك"ی كارۆڵین فۆرێست كە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019 نمایش بكرێ. هەردوو فیلمەكە فەرەنسین و لەبارەی ئافرەتە شەڕڤانەكانن و دەرهێنەرەكەشیان ئافرەتن.
لێرەدا بەوپەڕی خاكیبوونەوە فیلمێكی خۆشم دەخەمە ناو ئەو لیستەوە كە فیلمێكە لەبارەی داعش و هەموو كاراكتەرەكانی ئافرەتن "كچانی مەلەك تاووس" كە ئێستا لە قۆناغی كارلێكردندایە، باسی چارەنووسی ئافرەتە رزگاربوو و شوێنبزرەكانی ئێزدییە. من ئێستا بۆ ئەم فیلمە خەریكی گفتوگۆم لەگەڵ لایەنەكانی هۆڵیوود و مەبەستمە ئەكتەری ناودار بهێنمە ناو پڕۆژەكەوە، لەوانەش گاڵ گادۆت (ئەكتەری فیلمی بەناوبانگی ئافرەتی سەرسوڕهێنەر) و سەلما حایك (ئەكتەری بەناوبانگی فیلمی فریدا). كچەكانی مەلەك تاووس دووەم بەرهەمی منە كە بە هاوبەشی ئەمریكا و كوردستان بەرهەمی دەهێنم. یەكەم فیلمی لەو جۆرەم "چاپڵینی چیاكان" بوو.
هەتا ئەمڕۆش، هەموو فیلمەكانی هۆڵیوود لەبارەی عێراقەوە لە وڵاتانی دیكە بەرهەمهێنراون. بۆ فیلمی "سێ پاشا"ی جۆرج كلونی، كەڵك لە كازا گراندی ویلایەتی ئەریزۆنا وەرگیراوە، ئەوەش وەك ئەڵتەرناتیڤێك بۆ بیابانی عێراق. بۆ فیلمی "سندوقی ئازار" لە جیاتی بەغدا سوود لە عەممانی پایتەختی ئوردن وەرگیرا، وێنەگرتنی فیلمی "ناوچەی سەوز" لە بنكەی ئاسمانیی ئالكازاریس لە ئیسپانیا دەستیپێكرد و لە مەغریب تەواو كرا، بڕیارە فیلمی "ئانارشیست لەدژی داعش" لە جۆرجیا وێنە بگیرێ.
من لە رابردوودا پشتگیریم لە دامەزراندنی ئۆفیسی كۆمسیۆنی فیلم لە كوردستان كردووە، تاوەكو بتوانین هۆڵیوود رابكێشینە كوردستان، بۆ ئەوەی لێرە فیلمەكانی خۆیان دروست بكەن. بێ ئەو كۆمسیۆنە، ئەم بەرهەمانەش وەكو بەرهەمەكانی دیكە لە شوێنەكانی دیكە كاری وێنەگرتنیان دەكرێ. لەو حاڵەتەشدا ئێمە تەنیا لە دەستكەوتی دارایی بودجە زەبەلاحەكەی ئەو فیلمانە بێبەش نابین، بەڵكو لەوانەیە ئەو فیلمانە لە كۆتاییدا وێنەیەكی هەڵە لە واقیعی مەیدانیی ئێمە پیشان بدەن، ئەوەش بەستراوەتەوە بەوەی كێ لە بۆردی راوێژكارانی فیلمەكەدا رۆڵ دەگێڕێ.
لەپاڵ دەستكەوتە داراییەكان، فیلمە خاوەن جەماوەرەكان یارمەتی بووژانەوەی كەرتی گەشتیاریی هەرێمی كوردستانیش دەدەن. ئەو فیلمانە سوودیان بۆ گەنجانی كوردستانیش هەیە كە دەتوانن وەك ئەكتەری رۆڵی بچووك یان ستافی بەرهەمهێنان لە فیلمەكەدا بەشدار بن و هێندەی ساڵانێك خوێندنی كۆلێژ قازانجی هەیە بۆیان.
لە هەمووشی گرنگتر، ئەو كۆمسیۆنە لەبارەی شوێنەكان، ناساندن، دیالۆگ و جلوبەرگ و تایبەتمەندییەكانی دیكەی ناوچەكە رۆڵی راوێژكار دەگێڕێ، ئەوە وادەكات دڵنیابینەوە لەوەی فاكتەكان بە دروستی بخرێنەڕوو.
من لەگەڵ چەندین جێگری سەرۆكی ستۆدیۆكان، بەڕێوەبەرانی دیاریكردنی شوێن باسی ئەوەم كردووە كە دەكرێ كوردستان ببێ بە گۆڕەپانێكی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەكانی هۆڵیوود. وەڵامی هەموویان ئەوە بووە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێ ئۆفیسی كۆمسیۆنی فیلم لە كوردستان بكاتەوە، پاشان ئەو ئۆفیسە رێگە خۆشبكات بۆ پەیماننامەیەك بە ستانداردە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە بەرهەمهێنانی هاوبەش لەگەڵ ئەمریكا، یان ویلایەتی كالیفۆرنیا كە مەككەی فیلمە لە ئەمریكا.
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا چوار كۆمیسیۆنی فیلم هەن، ئەوانیش لە ئەبوزەبی، دوبەی، ئیسرائیل و ئوردنن. بۆ سەلماندنی بایەخی ئەم هەنگاوە، شازادە عەلی بن حوسێنی ئوردن خۆی سەرۆكایەتی بۆردی كۆمسیۆنی فیلمی شاهانەی ئوردن دەكات. هەر چوار كۆمسیۆنەكە میوانداریی فیلمی هۆڵیوود بە بودجەی گەورەیان كردووە، لەوانەش "جەنگی ئەستێرەكان"، "گەشتی ئەستێرە" و زنجیرەكانی جەیمز بۆند.
لە كاتێكدا ئیدارەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەرییەكانی پێشكەوتنی خستووەتە ئەولەویەتەوە، یەكجار گرنگە سەرنج و بایەخی شیاو بەم كەرتە بدرێ. ئەگەر نیگەرانی ئەوەین ئاخۆ چۆن لە فیلمەكانی هۆڵیوود لەبارەی داعشەوە دەردەكەوین، ئەگەر ئەجێندایەك بۆ بەهێزكردنی سینەمای خۆماڵی هەیە، ئەوە كۆمسیۆنی فیلم یەكەم هەنگاوە كە بە ئاراستەیەكی دروستدا بیهاوێژین. مادام هۆڵیوود بۆ بەرهەمە نوێیەكانی بەدوای شوێنی وێنەگرتندا دەگەڕێ، كاتی ئەوە هاتووە قۆڵی لێهەڵماڵین. رەنگە سبەی بۆ ئەم هەوڵە درەنگ بێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ