رووداو دیجیتاڵ
فیلمی (Resurrection)ـی بی گان، دەرهێنەری چینی، لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەما، لە ریزبەندی یەکەمی بۆکس ئۆفیسی چین هات و پێش فیلمە بازرگانییە گەورەکان کەوت.
فیلمەکە کە خاوەن شێوازێکی هونەریی ئاڵۆزە، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا توانی 16.5 ملیۆن دۆلار (116.8 ملیۆن یوان) کۆبکاتەوە. بەمەش توانی پێش فیلمی ئەنیمێی بەنێوبانگ (Demon Slayer: Infinity Castle) بکەوێت، کە بە داهاتی 15.6 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی دووەمدا هات.
هاوکات فیلمی (Now You See Me: Now You Don’t) لە ریزبەندی سێیەمدا جێگیر بوو.
سەرکەوتنی (Resurrection) بە "دەگمەن" ناسێندراوە، چونکە بی گان شێوازێکی تایبەت و دوور لە بازرگانیی هەیە و فیلمەکانی باس لە یادەوەری و خەون دەکەن. پێشتریش فیلمی (Long Day’s Journey Into Night)ـی هەمان دەرهێنەر لە 2019 سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنابوو.
چیرۆکی (Resurrection) بەسەر شەش بەشدا دابەشکراوە کە هەر یەکێکیان تایبەتە بە هەستێک (بینین، بیستن، تام، بۆن، بەرکەوتن و ئەندێشە).
لە فیلمەکەدا ئەستێرەکانی وەک جاکسۆن یی و شو چی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
پێگەی (Maoyan) بۆ بلیتی سینەما پێشبینی دەکات کۆی داهاتی فیلمەکە لە چین بگاتە 30 ملیۆن دۆلار، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێشتا لە بازاڕی سینەمای چیندا شوێن بۆ بەرهەمە هونەرییە قووڵ و جیاوازەکان ماوەتەوە.
بڕیارە فیلمەکە لە 12ـی کانوونی یەکەم لە سینەماکانی ئەمریکاش نمایش بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ