تابلۆیەکی گۆستاڤ کلیمت بە 32 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

25-04-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن گۆستاڤ کلیمت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وێنەی کچێکی گەنج لە تابلۆیەکی گۆستاڤ کلیمت، شێوەکاری نەمسایی، بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ (32 ملیۆن دۆلار) فرۆشرا.
 
تابلۆی پۆرترێتیی "Fräulein Lieser" لە 1917 کێشراوە، رۆژی چوارشەممە 24ـی نیسانی 2024 لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە ڤییەننای نەمسا فرۆشرا.
 
 ماوەیەکی زۆر پێشبینی ئەوە دەکرا تابلۆکە ونبووە، بەڵام یەکێک لە ماڵباتی ئەو کەسەی وێنەکەی لە تابلۆکەدا کێشراوە، تابلۆکەی پاراستبوو و کەسێک لە هۆنگ کۆنگ کە نەیویست ناسنامەی ئاشکرا بکات، کڕیاری تابلۆکەیە.
  
زیادکردنە ئاشکراکە سەرەتا بە 28 ملیۆن یۆرۆ دەستیپێکرد و پێشبینی ئەوە دەکرا بە بڕی 30 بۆ 50 ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت.
 
کلیمت، ساڵێک بەر لە مردنی بە جەڵتەی مێشک، ئەو تابلۆ پڕ رەنگەی کێشاوە، دواتر تابلۆکەی رادەستی ئەو ماڵباتە کراوە کە دوای کێشانی تابلۆکەیان کردبوو.
 
بەهۆی ئەو نرخە زۆرەوە، یەکەمجارە کارێکی هونەری بەو نرخە بەرزە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە نەمسا دەفرۆشرێت و لە 2010 تابلۆیەکی فرانس فرانکن، بە بڕی حەوت ملیۆن یۆرۆ لە نەمسا فرۆشرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە