رووداو دیجیتاڵ
"She’s Got No Name" فیلمێکی نوێی سینەماییە، لە دەرهێنانی پیتەر چان و لە دوای پێشاندانی لە 27ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگهای، سەرکەوتنێکی گەورەی لە سینەماکانی چین تۆمارکردووە، لە کۆتایی یەکەم هەفتەی پێشاندانیدا زیاتر لە 24 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا.
بەو داهاتە زۆرەوە، ئەم بەرهەم بە جیاوازییەکی زۆر پێش هەردوو فیلمی ئەمریکیی "How to Train Your Dragon" و "Mission Impossible" کەوت کە لە سینەماکانی چین پێشاندەدرێن.
فیلمەکە بە یەکێک لە بەرهەمە گرانبەها و خاوەن تەکنیکە پێشکەوتووەکانی سینەمای چین هەژمار دەکرێت، لەم ساڵانەی دواییدا بە ئاراستەی کێبڕکێکردن لەگەڵ هۆڵیوود و راکێشانی سەرنجی بینەران و داهاتی سینەماکان هەنگاوی ناوە.
چیرۆکی فیلمەکە لە رووداوێکی راستەقینە وەرگیراوە و باس لە تاوانێکی کوشتنی پڕ لە نهێنی لە شاری شەنگهای لە نێوەڕاستی چلەکانی سەدەی رابردوودا دەکات. باس لە ژنێک دەکات بە ناوی ژان ژو کە بە کوشتن و پارچەپارچەکردنی جەستەی هاوژینەکەی تۆمەتبار دەکرێت.
فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ململانێی کۆمەڵایەتیی لەبارەی مافی ژنان لەو سەردەمەدا و پرسی ئازادیی ژن دەکاتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی.
لە رووی بەرهەمهێنانەوە، رەخنەگران بە کارێکی "شاهانە" دەیناسێنن، بەهۆی دیکۆرە زەبەلاحەکانی، شێوازی وێنەگرتن و بەکارهێنانی رووناکی و سێبەر کە شێوازی فیلمەکانی تاوان و درامای ئەمریکییە و نیگاری چینی کۆن دەخاتە بیری بینەر.
یەکەم پێشاندانی فیلمەکە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بوو لە فەرەنسا، بەڵام بەهۆی تێبینیی رەخنەگران و بینەرانەوە، بەرهەمهێنەرانی بڕیاریان دا جارێکی دیکە مۆنتاژی بکەنەوە و بیکەن بە دوو بەش. ئەو وەشانەی ئێستا لە سینەماکان پێشاندەدرێت؛ بەشی یەکەمی فیلمەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ