مایکڵ جاکسن 16 ساڵ دوای مردنی هێشتا هەڵگری نازناوی شای پۆپە

25-06-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن مایکڵ جاکسن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ 16 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مایکڵ جاکسن، شای میوزیکی پۆپ تێدەپەڕێت کە لە 25ـی حوزەیرانی 2009، ماڵئاوایی لە جیهان کرد، سەرەڕای کۆچی دوایی، کاریگەریی و شوێنپەنجەی لەسەر میوزیک، سەما و کولتووری پۆپ هەر بە زیندوویی ماوەتەوە. ئەو تەنیا گۆرانیبێژ و سەماکارێکی لێهاتوو نەبوو، بەڵکو ئەکتەر، ئاوازدانەر، بەرهەمهێنەر و سیناریۆیۆنووس بوو.
 
مایکڵ جاکسن لە 29ـی ئابی 1958 لە شاری گاری لە ویلایەتی ئیندیانای ئەمریکا لەدایک بوو. لە تەمەنێکی زۆر منداڵییەوە لەگەڵ براکانیدا لە گرووپی ""The Jackson 5 دەستی بە کاری هونەری کرد و بەهۆی بەهرە ناوازەکەی و دەنگە تایبەتەکەیەوە توانی سەرنجی هۆگرانی هونەر بەلای خۆیدا رابکێشێت، داتر بە تەنیا درێژەی بە هونەرەکەی دا و بووە یەکێک لە دیارترین ئایکۆنەکانی میوزیک لە سەدەی بیستەمدا.
 
جاکسن ناوێکی قوڕس و درەوشاوە بوو لە بەدەستهێنانی خەڵات و رێزلێنانە جیهانییەکاندا، چەندین ریکۆردی هەیە کە هیچ هونەرمەندێکی دیکە دوای مردنیشی نەیتوانی تێیپەڕێنێت. بۆ نموونە، تەنیا لە 2006 ئینسایکلۆپیدیای گینس بۆ ژمارەی پێوانەییەکانی جیهان هەشت تۆماری بەناو کراوە، لە نێویاندا نازناوی "سەرکەوتووترین هونەرمەندی هەموو سەردەمەکان"، بە گەشتی 21 جار ناوی لە گینس تۆمارکراوە.
 
جاکسن براوەی 13 خەڵاتی گرامی و 26 خەڵاتی میوزیکی ئەمریکییە، جگە لە بەدەستهێنانی چەندین نازناو، لەوانە: "هونەرمەندی سەدە" و "هونەرمەندی هەشتاکان".
 
زیاتر لە350  ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومەکانی لە سەرانسەری جیهاندا فرۆشراون، بەمەش بووەتە یەکێک لە پڕفرۆشترین هونەرمەندان لە مێژووی میوزیکدا.
 
رێزگرتن لەو هونەرمەندە تەنیا لە بواری میوزیک نەبووە، لە 1988ـدا دکتۆرای شانازیی لە زانستە مرۆییەکان لە زانکۆی فیسک وەرگرتووە، وەک دانپێدانانێک بە بەشدارییە کولتووری و مرۆییەکانی.
 
جاکسن لە 29ـی کانوونی دووەمی 2009 لە تەمەنی 50 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد و دڵی هەوادارانی پڕ لە ئازار و خەم کرد، پەیمانگەی فیلمی ئەمریکی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندەی بە ساتێکی هەستیار پۆلێن کرد، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو دەستکەوتەی بۆ میوزیک و گۆرانی هەیبووە و ئەو بۆشاییەی لە دوای خۆی جێیدەهێڵێت.
 
کۆچی دوایی جاکسن، رووداوێکی شۆکهێنەر بوو بۆ جیهان، وەک لە لێکۆڵینەوە فەرمییەکاندا دەرکەوت، ژەمێکی زیادی بەهێزی لە دەرمانی بێهۆشکەر بەکارهێنا کە لەلایەن پزیشکە تایبەتەکەیەوە پێی درابوو. 
 
 
 
 
 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە