گرووپێکی هێڤی مێتەڵی کوردی کۆنسێرتێک لە کرواتیا سازدەکات

25-07-2023
پەسار فایەق
'Dark Phantom' گرووپێکی میوزیکی
'Dark Phantom' گرووپێکی میوزیکی
نیشانەکردن Dark Phantom هێڤی مێتەڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'Dark Phantom' گرووپێکی میوزیکی هێڤی مێتەڵی کوردییە و بڕیارە کۆنسێرتێک لە فێستیڤاڵێکی میوزیکی مێتەڵ لە کرواتیا پێشکێش بکات و گۆرانیبێژی سەرەکی گرووپەکەش دەڵێت، بە شەڕواڵەوە لەسەر ستەیج گۆرانی دەڵێت.
 
میر شەماڵ، گۆرانیبێژی سەرەکی گرووپی 'Dark Phantom' بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 27 تاوەکو 29 ئەم مانگە فێستیڤاڵی میوزیکی 'Goathell Metal' لە شاری پولای کرواتیا بەڕێوەدەچێت، تێیدا گرووپەکەیان لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵ کۆنسێرت پێشکێش دەکات.
 
گرووپی 'Dark Phantom' لە 2009 لە کەرکووک دامەزراوە و لە 2014ـەوە کار لەسەر میوزیکی مێتەڵ دەکات، چوار ئەندامی هەیە، سێیان لە کەرکووکن و یەکێکیان لە سلێمانییە، بەناوەکانی میر شەماڵ، رێبین هاشم، موراد خالید و سەرمەد جەلال.
 
میر شەماڵ، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، 'Dark Phantom' یەکەم گرووپی کوردیی هێڤی مێتەڵە و یەکەمجارە گرووپێکی کوردی کۆنسێرتێکی ئەو شێوازی میوزیکە لە ئەوروپا ساز بکات.
 
ئەو گرووپە میوزیکییە لە 2016 یەکەم ئەلبوومی گۆرانی لە 'Nation of Dogs' بڵاوکردووەتەوە و بەرهەمەکانی رەخنەئامێزی سیاسی و کولتوورین.
 
گۆرانیبێژی سەرەکی گرووپەکە روونیشیکردەوە، لەسەر ئەرکی خۆیان گەشت بۆ فێستیڤاڵەکە دەکەن و لە ئەیلوولی ئەمساڵ کۆنسێرتێکی دیکە لە ئەڵمانیا ساز دەکەن و ئامادەکاری بۆ ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی بەناوی 'Redline' دەکەن.
 
ھێڤی مێتەڵ، یاخود بە کورتکراوەیی مێتەڵ، شێوازێکی میوزیکە و لە کۆتایی شەستەکان و لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو گەشەی سەندووە، بەتایبەتیش لە ئەمریکا و بەریتانیا، رەگ و ریشەی لە میوزیکی رۆک وەرگیراوە.
 
لەم ژانرە میوزیکییەدا گیتاری کارەبایی و درامس بەکاردێت و گۆرانیبێژ بە دەنگێکی بەرزی گڕ گۆرانی دەڵێت و هاوار دەکات و زیاتر گۆرانیبێژەکانی لە رەگەزی نێرن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە