ئەنیمەیشنی دەرهێنەرێکی کورد لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا کێبڕکێ دەکات

25-10-2023
پەسار فایەق
 لوقمان قاسمی، لە فێستیڤاڵی فیلمی ئۆدێنسە
لوقمان قاسمی، لە فێستیڤاڵی فیلمی ئۆدێنسە
نیشانەکردن موحسین باقری دەستگەردی لوقمان قاسمی ئازاد کەمالی فەر بەیوسا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'بەیوسا' ئەنیمیشنێکی نوێی دەرهێنەر موحسین باقری دەستگەردی، دەرهێنەری لوڕ و لوقمان قاسمی و ئازاد کەمالی فەر، فیلمسازانی کورد وەک پرۆدیۆسەر کاریان بۆی کردووە و بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا دەکات.
 
لوقمان قاسمی، پرۆدیۆسەری فیلمەکە، بە رووداوی راگەیاند، فیلمەکە بۆ 50 فێستیڤاڵی فیلم نێردراوە و تاوەکو ئێستا لە پێنج فێستیڤاڵ وەرگیراوە کە فێستیڤاڵی لەلایەن رێکخەرانی خەڵاتی ئۆسکار باوەڕپێکراون، واتە براوەی ئەو فێستیڤاڵانە راستەوخۆ دەچنە لیستی درێژی فیلمە بەربژێرکراوەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکار.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم بەرهەمە ئەنیمەیشنە لە 46مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆدێنسە بەشداربووە کە لە دانیمارک لە 28ـی ئابی تاوەکو 3ـی ئەیلوولی ئەمساڵ بەڕێوەچووە و لە هەردوو بەشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەربژێری خەڵات بوو.
 
قاسمی، گوتیشی، 'بەیوسا' کە ناوەڕۆکێکی مرۆڤایەتیی هەیە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی خێرۆنا لە ئیسپانیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتەفیلمی مۆنتەکاتینی لە ئیتاڵیا بەشدارە کە هەردوو فێستیڤاڵەکە لەلایەن رێکخەرانی خەڵاتی ئۆسکارەوە باوەڕپێکراون.
 
لوقمان قاسمی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بۆ هەموو فێستیڤاڵەکان بە جلوبەرگی کوردییەوە دەچێتە سەر فەرشی سوور و بەهۆیەوە زۆرجار خەڵک وێنەی لەگەڵ دەگرن. ئەو هونەرمەندە کوردە داوا دەکات هەموو فیلمسازە کوردەکان لە هەرچوار پارچەی کوردستان، بە جلوبەرگی کوردییەوە بچنە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانەوە.
 
ئەو فیلمسازە کوردە لە 46مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆدێنسە لە دانیمارک ئامادەبوو و بە جلوبەرگی کوردییەوە بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕی.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە