وێنەکێشێکی 19 ساڵی عەفرینی پەرۆشی هونەری پیکاسۆیە

25-10-2025
مەی دۆست
وێنەکێش ئیدریس عەفرینی
وێنەکێش ئیدریس عەفرینی
نیشانەکردن ئیدریس عەفرینی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وێنەکێشێکی 19 ساڵانی خەڵکی شاری عەفرین، دەوروبەری خۆی بە هونەرەکەی رازندووەتەوە، ئیدریس عەفرینی بە بەلەمێکی چووپ گەیشتووەتە ئەورووپا، ئەمڕۆ تابلۆکانی دیوارەکانی قوتابخانەکەی دەڕازێننەوە، ئەوەی وەکو شتێکی نائاسایی دەردەکەوێت، نەجامی ئازایەتی، لێهاتوویی و دیسیپلینێکی بێسنوورە، لەنێوان رەنگ و خەیاڵەکاندا. 
 
ئیدریس عەفرینی داهاتووی خۆی بنیاد دەنێت، نەک لەبەر ئەوەی ئاسان بووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەرگیز دەستبەرداری ئەو باوەڕەی نەبووە.
 
ئیدریس عەفرینی، بە رووداوی گوت: "کە منداڵ بووم بەردەوام باوکم پارەی دەدامێ و دەیدا بە براکشم، من وەکو براکەم نەبووم، ئەو دەچوو یاریی و خواردنی پێدەکڕی، بەڵام من بەردەوام قەڵەم و دەفتەرم دەکڕی".
 
ئەو وێنەکێشە کوردە گەنجە، شەیدای هونەرمەندە کوردەکانە، وەکو هۆزان دینۆ، کە تابلۆیەکی کێشابوو و پێیدابوو، بەڵام ئیلهامی ئەو لە چەندین شوێنی جیاوازەوە دێت، کە کاریگەرییان لەسەر کارەکانیشی داناوە.
 
ئیدریس عەفرینی، گوتیشی: "ئێستا زۆر پەرۆشی پیکاسۆیم، باوکم زۆر حەزی لێبوو، کە منداڵ بووم، هێشتا وەکو ئەو شێوازەم نەدەگرتەبەر، بەڵام زۆر ئیلهامم لێ وەردەگرت، زۆر حەزم لەم شێوازەیە و شتێکی ئەبستراکتە، دەبێت شێوەی هەبێت و کەمێک رووناکیی راستیی تێدابێت، من لە پشتی تابلۆکە دەیدەم، ئێستا رەنگی ئەکریلیک بەکاردەهێنم و رەنگەکانی وەکو کوردستانن، بۆ نموونە زەرد و شین زۆر دەبینیت، زۆر سەوزی تێدایە، سووری تێدایە".
 
خەونەکانی ئەو وێنەکێشە بۆ داهاتوو گەورەن، لەو بڕوایەدایە کە بەدییان دەهێنێت.
 
لەمبارەیەوە گوتی: "خەونم ئەوەیە پێشانگەیەکی گەورە لە هەولێر بە ناوی (ژن، ژیان، ئازادی) بکەمەوە، هونەری کوردیی خۆم نیشان بدەم و لەو کاتەوەی دەستم پێکردووە تاوەکو ئێستا، دەستپێکێکی باشە".
 
زۆرجار ئەو کەسانەی حەزیان لە هونەرە، تەنیا بە یەک جۆری دیاریکراوەوە پابەند نین، ئیدریس عەفرینی تەنیا شەیدای هونەری شێوەکاری نییە، بەڵکو خۆی فێری ئامێرە میوزیکییەکانی وەکو تەمبوور و پیانۆش کردووە، هەروەها کاری دەستیش سەرنجی رادەکێشێت، ئەو خۆی تابلۆکانی دروست دەکات، تەختە و قوماش دەکڕێت و تابلۆکانی خۆی بەکوالێتی باش دروست دەکات، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی گەورە نییە، بەڵام لە منداڵییەوە بە ئومێدەوە لە داهاتوو دەڕوانێت و دەزانێت ئامانجەکانی چین.
 
ئیدریس عەفرینی، روونیکردەوە: "کاتێک منداڵ بووم، تەمەنم حەوت بۆ هەشت ساڵ دەبوو، دەمگوت دەبێت چی بکەم، دڵم دەیویست ببمە وێنەکێش، بۆ نموونە وەک شڤان پەروەر و هۆزان دینۆ، کە گۆرانی دەڵێن، منیش دەمویست وێنە بکێشم".
 
بۆ هەر وێنەکێشێک گرنگە لە بەرهەمەکانیدا شوێن پەنجەی خۆی بەجێبهێڵێت، لەمبارەیەوە گوتی: "کاتێک منداڵ بووم، پێنچ بۆ شەش ساڵ دەبووم، ئەوکاتە بە هەموو شتێک وێنەم دەکێشا، واتە لەسەر تەختەی رەنگاوڕەنگی زەیتی یان هەموو شتێکمان بەکاردەهێنا، پاشان کە گەورە بووم، گوتم تەواو من لەسەر ئەو ستایلە بەردەوام دەبم، بۆ ئەوەی هەر کەسێک تابلۆکانی من ببینێت یەکسەر بزانێت ئەوە ستایلی منە و ئیدریس کێشاویەتی".
 
بەسەرهاتە سەختەکان کە ئیدریس و ماڵباتەکەی لە رێگەی کۆچبەرییاندا بینویانە نەبوونە هۆی ئەوەی لە خۆشەویستی هونەرەکەی دووربکەوێتەوە، بە پێچەوانەوە، لە هەر بارودۆخێکدا چەندە سەخت بووبێت، ئەو هەر لەسەر رێگەی خۆی بەردەوام بووە.
 
ئەو وێنەکێشەی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: :"کاتێک من منداڵ بووم و لەگەڵ خانەوادەکەم دەهاتینە ئەڵمانیا، لە رێگە لێیان دەپرسین ئێوە کێن؟ دەمانگوت کوردین، هەموویان بەدوای خواردنەوە بوون، بەڵام من ئەوکاتیش حەزم لە وێنەکێشان بوو، ئەو پارەیەی پێیاندام قەلەمی رەنگاورەنگم پێکڕی و وێنەم پێدەکێشا، لەکاتێکدا تەمەنم هەشت ساڵان بوو، بەڵام لە رێگەدا باران زۆر باری هەموو گیانمان تەڕبوو، وێنەکان و قەلەمەکانیشم تەڕبوون و تێکچوون، باوکم گوتی، کێشە نییە، وازیان لێبێنە کە گەیشتینە ئەڵمانیا هی باشترت بۆ دەکڕم و وێنە بکێشە، بەڵام رازی نەبووم دووبارە کڕیمەوەو وێنەم کێشایەوە و ئێستاش وێنەکە ماون".
 
خەونەکانی ئیدریس عەفرینی زۆر گەورن لە تەمەنێکی بچووکدا، رۆژ بە رۆژ بەرەو ئامانجی خۆی هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی بتوانێت تابلۆ و رەنگ و فڵچە بکڕێت، ئەو لە خواردنگەیەکی کوردیدا کار دەکات، لێرەش بیرۆکەیەکی هەبوو کە لەسەر دیوار تابلۆیەکی گەورە بکێشێت، پاش چاوپێکەوتنەکەمان بە رۆژێک دەستی بە تابلۆکە کرد و تەواویشی کرد. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە