شاکیرا دوای حەوت ساڵ ئەلبوومێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

26-03-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن شاکیرا
A+ A-
رووداو دیجیتال

شاکیرا، هونەرمەندی کۆلۆمبی، دوای حەوت ساڵ و چەندین کێشەی خێزانی و یاسایی، ئەلبوومێکی نوێ بڵاودەکاتەوە و لە رێگەی هونەرەوە ئازارەکانی دەردەبڕێت.
 
ئەلبوومەکە بەناوی "Las Mujeres Ya No Lloran"یە و لە 16 تراکی گۆرانی پێکهاتووە و 12یەمین ئەلبوومی ستۆدیۆیەتی.
 
وێنەی رووخساری شاکیرا بە فرمێسکێکی دەستکردەوە لەسەر رووبەرگی ئەلبوومەکە هەیە، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ ئەو ئازار و ناخۆشیانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا بینیویەتی.
 
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو ناوبانگییەکی زۆری بەدەستهێنا، چەندین ئەلبوومی بڵاوکردەوە و چەندین خەڵاتی جیهانیی بەدەستهێنا، خاوەنی چەندین گەشتی هونەریی بەناوبانگە، یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە لە گێمی یەکەمی پاڵەوانیەتی سوپەر بۆولی ئەمریکی گۆرانی گوتووە.
 
لەم چەند ساڵەی رابردوو، سەختی و ناخۆشی زۆر هاتنە پێش شاکیرا، هەرچەند لە کاری هونەری بەردەوام بوو، بەڵام درەوشانەوەی جارانی نەما، لە 2022 دوای 11 ساڵ پەیوەندی و دوو منداڵ، لە جیرارد پێکێ، یاریزانی پێشووی تۆپی پێی ئیسپانی جیابووەوە، لە 2023 بەهۆی تۆمەتی نەدانی باج لە ئیسپانیا، بڕیاری سێ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو و لە بەرامبەردا 7.3 ملیۆن یۆرۆی (هەشت ملیۆن) وەک پێبژاردن دا، جگە لە باج و قازانجی کە هاتبووە سەر باجەکە.
 
شاکیرا لەمبارەیەوە دەڵێت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رووبەڕووی زۆر سەختی بووەوە، بە رادەیەک کە لەت لەت ببوو، بەڵام دووبارە توانی خۆی کۆبکاتەوە.
 
لەبارەی ئەلبوومەکە دەڵێت، هەمەجۆری لە بەرهەمەکەیدا هەیە، میوزیکی پۆپ، ئافرۆبێت، رێگێتین و میوزیکی مەکسیکی و رۆکیش لەخۆدەگرێت، یەک هێڵی هاوبەشی تێدایە، ئەویش لە ئەزموونی ژیانی راستەقینە سەرچاوی گرتووە. 
 
شاکیرا، لە 2023 گۆرانییەکی بەناوی "Music Sessions Vol. 53" بڵاوکردەوە و توانی چوار ژمارەی پێوانەیی نوێ لە گینس تۆمار بکات، بەمەش کۆی ژمارە پێوانەییەکانی لە گینس گەیشتە 14 ژمارەی پێوانەیی.
 
ئەم بەرهەمە هاوبەشەی لەگەڵ بێزراپ، دی جەی ئەرجەنتینی تۆمارکراوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو.
 
گۆرانییەکە توانی ببێتە پڕبینەرترین گۆرانی لاتینی لە یوتیوب کە لە ماوەی 24 کاژێردا زۆرترین بینەری هەبێت، ئەویش 63 ملیۆن بینەرە، هەروەها خێراترین گۆرانی لاتینییە کە 100 ملیۆن جار لە یوتیوب بیستراوە و ئێستا ئەو ژمارەیە بووەتە 707 ملیۆن، هەروەها پربیستراوترین بەرهەمی لاتینییە لە 24 کاژێردا لە سپۆتیفای و 14 ملیۆن و 93 هەزار جار بیستراوە و زۆرترین جار لە ماوەی یەک هەفتەدا لەو پلاتفۆڕمە بیستراوە، ئەویش 80 ملیۆن و 600 هەزار جارە.
 
باس لەوە دەکرێت تێکستی گۆرانییەکە ئاڕاستەی جیرارد پێکێ کراوە، تێیدا شاکیرا دەڵێت: ئەو "هێندەی دوو ژنە کە تەمەنیان 22 ساڵە"، هەروەها دەڵێت: "ئۆتۆمبێلی فیراری بە ئۆتۆمبێلی رینۆ گۆڕیەوە، کاتژمێری رۆلێکس بە کاژێری کاسیۆ گۆڕیەوە". 
 
شاکیرا و پێکێ لە حوزەیرانی 2022 جیابوونەوە و کۆتاییان بە پەیوەندی 11 ساڵەی نێوانیان هێنا.
 
شاکیرا تەمەن 47 ساڵ، لە 2010 کاتێک سەرقاڵی ئامادەکردنی گۆرانی "Waka Waka" بۆ مۆندیالی ئەفریقا بوو، یەکدیان ناسی و خاوەنی دوو منداڵن.
 
لە دوای جیابوونەوەی ئەو دوو کەسایەتییە جیهانییە، میدیاکان باسیان لەوە دەکرد کە پێکێ خیانەتی لە شاکیرا کردووە و بەهۆیەوە شاکیرا داوای جیابوونەوەی کرد.
 
لە 4ـی ئازاری 2023 دوو پارچە جلوبەرگی شاکیرا کە لە نیوەی یارییەکانی سوپەربۆڵدا لەبەری کردبوو، هەروەها دەستنووسی تێکستی گۆرانییەکی و گیتارێکی کارەبایی ئەو، لە چوارچێوەی پێشانگەیەکدا لە مۆزەخانەی گرامی لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا خرانەڕوو.
 
پێشانگەکە بەناوی "شاکیرا: ئەزموونی مۆزەخانەی گرامی" بوو، تێیدا 40 کەرستە و کەلوپەلی تایبەتی ئەو هونەرمەندە خرانەڕوو.
 
پێشانگەکە لە پەرەسەندنی میوزیکی شاکیرای کۆڵییەوە هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی لە کۆڵۆمبیا و تا بەناوبانگبوونی وەک سوپەرستارێکی جیهانی.
 
لە پێشانگەکەدا گیتارێکی کارەبایی شاکیرا خرایەڕوو کە بە 70 هەزار کریستاڵ رەش نەخشێندراوە.
 
لە کۆتایی 2023 لە شاری بارانکویللای کۆلۆمبیا، پەردە لەسەر پەیکەرێکی برۆنزی ئەو هونەرمەندە لادرا کە بەرزییەکەی شەش مەتر و نیوە و دایک و باوکی لە رێوڕەسمی پەردە لادانەکە ئامادەبوون.
 
ئەمە یەکەم پەیکەر نەبوو بۆ گۆرانیبێژە جیهانییە لە شارەکەی دروست بکرێت، بەڵکو لە 2005 پەیکەرێکی دیکەی لەو شارە دانرا.
 
شاکیرا، سوپاسی پەیکەرساز ینو مارکیزی و خوێندکارەکانی لە ئەکادیمیای هونەرە گشتییەکان لە شاری بارانکویللا کردووە بۆ دروستکردنی پەیکەرەکە.
 
شاکیرا، لە ئایاری 2023 سێ خەڵاتی گرامیی لاتینیی بەدەستهێنا، پێشتریش چەندین خەڵاتی دیکەی جیهانیی بەدەستهێناوە.
 
لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بیلبۆرد بۆ ژنانی لاتینی لە بواری میوزیکدا، خەڵاتی "ژنی ساڵ" بە شاکیرا بەخشرا، ئەمەش یەکەم دەرکەوتنی ئەو گۆرانیبێژە بوو لە دوای ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی لە ئیسپانیاوە بۆ ئەمریکا گواستەوە.
 
ئەو هونەرمەندە جیهانییە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە، گوتارێکی پێشکێشكرد، تێیدا سوپاسی دایکی، هاوڕێ ژنەکانی و تەواوی ژنان کرد.
 
لەم بۆنە دڵخۆشکەرەدا، شاکیرا جلێکی رەشی کورت و تەسکی پۆشیبوو، لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە، رایگەیاند: "راستە کاتێک هەستم بە ونبوون کرد، میوزیک منی بەرەو رێگەی خۆم گەڕاندەوە".
 
شاکیرا، گوتارەکەی بە ئامادەبوونی دوو هەزار کەس پێشکێشکرد، دیسان پەیامی بۆ جیرارد پیکێی، یاریزانی ئیسپانی و خۆشەویستی پێشوو و باوکی دوو منداڵەکەی هەبوو، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، گرنگترین وانەکانی لە ژنانی دیکە فێربووە، هەر بۆ ئەوانیش نووسیویەتی و گۆرانی گوتووە.
 
رێوڕەسمەکە لە سەنتەری واتسکۆ لە مەیامیی ئەمریکا بەڕێوەچوو و خەڵاتەکە لەلایەن مالۆما، گۆرانیبێژی کۆلۆمبی و هاوڕێی شاکیرا، بەخشرا.
 
شاکیرا لە 2ـی شوباتی 1977 لە کۆلۆمبیا لەدایکبووە و بە رەچەڵەک لوبنانییە، بە شاژنی میوزیکی لاتینی دەناسرێت، لە تەمەنی 13 ساڵییەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، دوو ئەلبوومی سەرەتای بەناوەکانی "Magia" لە 1991 و "Peligro" لە 1993 لە رووی داهاتەوە شکستیان هێنا، بەڵام ئەلبوومی "Pies Descalzos" و "Pies Descalzos" لە 1995 سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا.
 
لە 2001 یەکەم ئەلبوومی بە زمانی ئینگلیزی بەناوی "Laundry Service" بڵاوکردەوە و دەستپێکی بە جیهانیبوونی ئەو هونەرمەندە بوو و زیاتر لە 13 ملیۆن کۆپیی فرۆشرا، کۆی گشتی ئەلبوومەکانی زیاتر لە 95 ملیۆن کۆپی فرۆشراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە فیلمی  "Furiosa: A Mad Max Saga"

بەشی نوێی 'Mad Max' بە لاوازی دێتە نێو پێشبڕکێی فیلمەکانەوە

پشووی خوێندن دەستیپێکردووە و بازاڕی فیلم و سینەماکانی گەرم بووە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم بەهێزترین فیلمەکەنیان دەخەنە سینەماوە و چاویان لە بەدەستهێنانی داهاتە. لەم هەفتەیەدا پێشبڕکێیەکی بەهێزی فیلمەکەن لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور هەیە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، لە ئاستێکی نزمترە.