شەبنەم بارانی: نۆڕینگەیەكی پسپۆڕی دەروونی لە كوردستان دەكەمەوە

26-08-2019
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن شەبنەم بارانی
A+ A-
رووداو- هەولێر

لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، ماوەی 20 ساڵە لەگەڵ خانەوادەكەی لە نەرویج دەژی. شەبنەم بارانی، كچە نمایشكار و فۆتۆمۆدیلینگی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ چەند پرۆژەیەك لە باشووری كوردستانە. ئەگەرچی خوێندكاری بەشی دەروونی كۆلیژی پزیشكییە لە نەرویج، بەڵام ئەوە رێگری لە حەزەكەی نەكردووە كە نمایشكارییە. بارانی لەبارەی پرۆژە نوێیەكانی قسەی بۆ (رووداو) كرد.

رووداو: شەبنەم بارانی كێیە؟

شەبنەم: خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانم و لە مهاباد لەدایكبووم. تەمەنم چوار ساڵ بووە كاتێك مهابادمان جێهێشتووە و لە نەرویج گەورە بووم. باوكم خەڵكی مهابادە و دایكم خەڵكی رانیەی باشووری كوردستانە و تەمەنم 24 ساڵە.

رووداو: چەند ساڵە نەگەڕاویتەوە رۆژهەڵاتی كورددستان؟

شەبنەم: نزیكەی حەوت ساڵە نەگەڕاومەتەوە، چونكە خزم و كەسی باوكم لەوێ نەماون، یان لە باشوورن یان هاتوونەتە ئەوروپا. ئێستا زوو زوو دەگەڕێمەوە باشووری كوردستان، چونكە خزمانی دایكم لەوێ زۆرن، بەشێكی زۆریان لە رانیە دادەنیشن.

رووداو: لە نەرویج لە چ بوارێك دەخوێنی؟

شەبنەم: خوێندكاری دوا قۆناغی كۆلیژی پزیشكی دەروونیم. ساڵێكی دیكە تەواو دەبم و دێمەوە كوردستان نۆڕینگەیەكی تایبەت دەكەمەوە. بۆیە ئێستا زۆرتر سەردانی باشووری كوردستان دەكەم، دەمەوێت كوردییەكەم باشتر بكەم، لەگەڵ چەند كەسێكیش قسەمان كردووە بۆ ئەوەی ئامادەكاری بۆ كردنەوەی نۆڕینگە بكەین.

رووداو: خۆت بەشی پزیشكی دەروونیت هەڵبژارد یان خێزانەكەت؟

شەبنەم: لە منداڵییەوە هەمیشە هەستم بە تەنیایی دەكرد، هەرچەندە لە ماڵەوە سێ خوشك و دوو براین. ئەم هەستەش لەگەڵم گەورە بوو، لە قوتابخانە هاوڕێم نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم بەخۆم نەبوو، كەشوهەوای نەرویجیش زۆر ساردە. ئەو شارەی من تێیدا دەژیام شەش مانگ شەو بوو، شەش مانگیش رۆژ، ئیدی ئەمانە هەموویان كاریگەرییان لەسەر من هەبووە، بۆیە بڕیارم دا لەم بەشە بخوێنم بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو كەسانە بدەم كە وەكو من ئەم كێشانەیان هەیە.

رووداو: بۆچی كاری مۆدێلینگت هەڵبژارد؟ كێ هاوكاریت دەكات؟

شەبنەم: كاتێك دەستم بە كاری مۆدێلینگ كرد، تەمەنم تەنیا 16 ساڵ بوو، ئەوكات تەنیا فەیسبووك هەبوو لێیەوە وێنەكانم پۆست بكەم. كاتێك وێنەكانم پۆست دەكردن، زۆر دەستخۆشی و هەندێجاریش رەخنەیان لێدەگرتم، چونكە ئەوەی لەم بوارە كاری دەكرد زۆر كەم بوون، بۆیە چاوەكان زیاتر لەسەر من بوون. دواتر كە ئینستاگرام كرایەوە، هەوادارانم ناویان لە من نا شاجوانی ئینستاگرام ، ئیتر ئەمە باری سەرشانی قورستر كردم و بەردەوام كاری مۆدێلینگ و بڵاوكردنەوەی وێنەكانم لە سۆشیالمیدیا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیاتر لەنێو خەڵكدا بناسرێم، سەرەتا دایك و باوكم لەگەڵ ئەوە نەبوون كاری مۆدێلینگ بكەم، بەڵام دواتر توانیم قەناعەتیان پێ بكەم و رازییان بكەم كە من كارێكی ئاسایی دەكەم.

رووداو: جگە لە كاری مۆدێلینگ حەزت لە چ بوارێكی دیكەیە؟

شەبنەم: زۆر شەیدای هونەری سینەمام، حەزم لە ئەكتەرییە و دەمەوێت بەشداری لە فیلم و درامای كوردی بكەم، هەرچەندە لە نەرویج داوایان لێكردووم وەكو ئەكتەر لە فیلمی نەرویجیدا رۆڵ ببینم، بەڵام من حەز دەكەم لە فیلمی كوردیدا بەشداری بكەم. لە بەریتانیاش داوایان لێكردووم بەرنامەیەكی شۆ پێشكەش بكەم، بەڵام چونكە ناوبانگی من زیاتر لە كوردستانە، بۆیە حەز دەكەم كارەكانیشم هەر لە كوردستان بێت.

رووداو: رۆژانە چەند كات بۆ سۆشیالمیدیا تەرخان دەكەی؟

شەبنەم: لەبەر ئەوەی هەوادارم زۆرن، بەردەوام دەبێت پۆستی نوێم هەبێت، چونكە ئەگەر پۆستی نوێم نەبێت هەوادارەكانم دوور دەكەونەوە و ئەنفۆلۆم دەكەن، بۆیە رۆژ هەبووە 10 كاژێر لە كاركردن بوومە، كە گەڕاومەتەوە ماڵەوە پۆستم كردووە و لەگەڵ هەوادارەكانم گفتوگۆم كردووە، بۆیە كاتێكی زۆرم بۆ سۆشیالمیدیا دەڕوات.

رووداو: بەردەوام لە سۆشیالمیدیادا بە پێكەنین و كەیفخۆشی دەبینرێی، بەڕاستی وایت؟

شەبنەم: هەموو كەسێك چەند ماسكێكی هەیە. لە سۆشیالمیدیا ماسكێكی دیكە دەبەستین، بۆیە كەسمان خۆمان نین. منیش وەكو ئەو خەڵكە ماسكی خۆم هەیە، هەرچەندە من لە ژیاندا زۆر كەیفخۆشم، بەڵام كەسێكی زۆر بە هەستم و زۆر جاریش غەمگین بووم، بەڵام لە سۆشیالمیدیادا ئەم هەستانە كەمتر دەردەكەون.

رووداو: لە سۆشیالمیدیادا داواكاری زۆرت بۆ دێت؟

شەبنەم: بەڵێ بێگومان داواكاری زۆرم بۆ دێت، هەم لە دەرەوەی كوردستان و هەمیش لە ناوەوەی كوردستان، هەندێك لەو كەسانە خزمی خۆشم بوونە، بەڵام زەواج لە ئینستاگرامەوە ناكرێت. من نامەوێت كوڕێك لەبەر وێنەكانی من زەواجم لەگەڵ بكات. دواتریش من ئێستا تەمەنم 24 ساڵە و زۆر زووە بۆ زەواج، بڕیارمداوە لە تەمەنی 27 ساڵی شوو بكەم. چونكە پێموایە ئەو كاتە تەمەنەكەم كامل دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فێستیڤاڵەکە لە 9 بۆ 12ی نیسان بەڕێوەدەچێت

دوو دەرهێنەری ئێرانی چارەنووسیان نادیارە؛ فیلمەکانیان لە ئەمریکا نمایش دەکرێن

بەرپرسانی فێستیڤاڵی فیلمی 'نیو بێدفۆرد' لە ئەمریکا نیگەرانییەکی زۆریان لەبارەی چارەنووسی دوو سینەماکاری ئێرانی هەیە، کە بڕیار بوو بەرهەمەکانی ئەم دوو دەرهێنەرە لە مانگی نیسان دا نمایش بکرێن، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و بارودۆخی جەنگ هەردووکیان پەیوەندییان لەگەڵ فێستیڤاڵەکە پچڕاوە