مالمیمێ گەشتی بۆ باشووری کوردستان لە پێشانگەیەکدا دەخاتەڕوو

26-10-2025
ڤەژین موراد
مالمیمێ لەگەڵ یەکێک لە ئامادەبووان لە پێشانگەکەی لە هەولێر
مالمیمێ لەگەڵ یەکێک لە ئامادەبووان لە پێشانگەکەی لە هەولێر
نیشانەکردن مالمیمێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مالمیمێ، شێوەکاری کورد لە ئەنەتۆڵیای تورکیا کە لە ئەڵمانیا دەژی، دوای کردنەوەی دەیان پێشانگەی شێوەکاری لە وڵاتانی ئەورووپا، چوارەم پێشانگەی لە زانکۆی جیهان لە هەولێر کردەوە. 
 
لە پێشانگەکەدا زیاتر لە 60 تابلۆی خراونەتەڕوو کارەکانی بەرهەمی گەشتێکیەتی بۆ باشووری کوردستان و ئەو کاریگەرییەی لەسەری بەجێهێشتووە.
 
ماڵمیمێ لەبارەی ئیلهامی کارەکانییەوە بە رووداوی گوت: "یەکەمجار کە هاتمە باشوور، هەموو ئەو چیرۆکانەی شارەکان، کاتێک لە هەولێرەوە چوومە ناوچەی بارزان و مۆزەخانەی بیرەوەرییەکانم بینی. دواتر چوومە کۆیە، سلێمانی، ئاکرێ و دهۆک. هەموو ئەو شوێنانە بوونە بەشێک لە کارەکانم".
 
تایبەتمەندیی تابلۆکان و گرنگترین بابەتی کارەکانی ماڵمیمێ، شاخەکانی کوردستانن. بە بڕوای ئەو شاخ و زمان دوو هۆکاری سەرەکیی مانەوەی کوردن و دەڵێت: "ئەگەر دوو شت نەبوونایە، کورد هەزار ساڵ لەمەوبەر نەدەمایەوە؛ یەکەمیان زمانی کوردی و دووەمیان شاخەکانی کوردستان. ئەگەر شاخەکانی کوردستان نەبوونایە، بە زەحمەت دەمانتوانی تاوەکو ئێستا بەردەوامی بە بوونمان بدەین".
 
ئەو هونەرمەندە باسی لەوەش کرد، هەرچەندە لە خاکی کوردستان دوور بووە، بەڵام بەردەوام هەستی بە نزیکییەک لەگەڵ شاخەکاندا کردووە و گوتی: "من لە خاکی کوردستان زۆر دوور بووم، بەڵام شاخەکان لەنێو خوێنمدا وەک وێنەیەک کێشرابوون". ماڵمیمێ، دوای ئەوەی شاخەکانی سویسرا و ئەورووپای بینیوە، پێی وایە شاخەکانی کوردستان لە جوانی و هەستی تایبەتدا لە پلەی یەکەمی جیهاندان.
 
جیاوازیی ئەم پێشانگەیە لەگەڵ پێشانگەکانی دیکەدا ئەوەیە کە تەنیا تابلۆکان نمایش نەکراون، بەڵکو بەشێکی تایبەت کراوەتەوە بۆ نمایشی ڤیدیۆیی لەسەر هونەری ماڵمیمێ. هەروەها بەشێکی دیکە تەرخانکراوە بۆ ئامادەبووان، تێیدا کەلوپەلی هونەری دانراوە و دەتوانن وێنە بکێشن. بەمەش ئامادەبووان تەنیا بینەر نین، بەڵکو دەبنە بەشداربوویەک لە هونەرەکە و بەشێک لەو ئەزموونە وەردەگرن.
 
مالمیمێ، ناوی تەواوی حەسەن حوسێنە و لە 1972 لە ئەنەتۆڵیای ناوین لە تورکیا لەدایکبووە، نازناوی مالمیمێی لە ناوی ماڵباتەکەی وەرگرتووە، لە 1994 رووی لە ئەڵمانیا کردووە، هەر لە وڵاتە لە بواری هونەری شێوەکاری خوێندوویەتی، خاوەنی دەیان پێشانگەی تایبەت و هاوبەشە لە ئەورووپا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە