رووداو دیجیتاڵ
"ئەمشەو" بەرهەمێکی نوێی هونەرمەند سەفقان ئۆرکێشە بە ناوەڕۆکێکی نیشتمانی، لە ئاوازی خۆیەتی و لە تێکستی شاعیر رەنج سەنگاوییە.
سەفقان ئۆرکێش بە رووداوی راگەیاند، "ئەمشەو" نوێترین بەرهەمیەتی، لە تێکستی رەنج سەنگاوی و لە ئاوازی خۆیەتی. گوتیشی، پێشتر سەنگاوی تێکستەکەی لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو خوێندبووەوە و سەرنجی راکێشا، ئەو کات بەرنامەکە لەلایەن رەنج سەنگاوی و دلبخوین دارا پێشکێش دەکرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەرهەمەکە نیشتمانییە و بۆ شەڕی سەرێ کانیی رۆژئاوای کوردستان نووسراوە.
ڤیدیۆکلیپی سروودەکە لە دەرهێنانی مەسعود کەرادە و لە کەناڵی تایبەتیی سەفقان ئۆرکێش لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
سەفقان ئۆرکێش ناوی تەواوی محەممەد رەمەزان حەسەنە، لە 1976 لە عامودای رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، لە منداڵییەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لە پارچە تەنەکە و دار ئامێری سازی دروستکردووە و میوزیکی ژەنیوە.
#VÎDEO - Hunermendê navdar Sefqan Orkêş helbesta Renc Sengawî ya bi navê "Emşew" kir stran pic.twitter.com/YHRkGfAqGc
— RudawKurdi (@RudawKurdi) January 27, 2025
لە تەمەنی 11 ساڵییەوە لەگەڵ گرووپی میوزیکی ئاگری گۆرانی گوتووە، بەرهەمەکانی لەسەر کاسێت تۆمار و بڵاوکراوەنەتەوە، ئەو کات یەکەم منداڵ بووە لە رۆژئاوای کوردستان بەرهەمی تۆمارکراوی هەبێت، دواتر لەگەڵ گرووپی میوزیکی ئۆرکێش کاری کردووە.
ئۆرکێش، خاوەنی سێ ئەلبوومی گۆرانی و چەندین گۆرانی تاک و ڤیدیۆکلیپیە، جگە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان، کۆنسێرت و ئاهەنگی لە رووسیا، ئیمارات و قەتەر گێڕاوە.
جگە لە گۆرانیگوتن، توانای ژەنینی چەندین ئامێری میوزیکی هەیە و بەشێکی زۆر لە گۆرانییەکانی لە نووسین و ئاوازی خۆیەتی.
ئەو هونەرمەندە کوردە پێشتر وەک پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو کاریکردووە و جگە لە بەرنامەی "پاشیڤ"، دوو بەرنامەی دیکەی بەناوی "ئاوازێن رۆژئاڤا" و "ژ رۆژئاڤا" پێشکێشکردووە.
سەفقان ئۆرکێش، لە قامشلۆ دەژی و پێشتر بە رووداوی رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە هەر دۆخێکدا بێت، ئامادە نییە جێبیهێڵێت و لە کوردستان دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ