لە ئامەد خەرجییەکانی ژیانی هاوژینی بەرزبوونەتەوە و گەنجان بێ ئاهەنگ ژن دەگوازنەوە

27-01-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئامەدی باکووری کوردستان، کرێی جلی بووکێنی، هۆڵی ئاهەنگگێڕان و خەرجییەکانی دیکە زۆر بەرزبوونەتەوە و گەنجان بێ ئاهەنگگێڕان و بە کەمترین خەرجی، ژن دەگوازنەوە.
 
خەرجییەکانی ئاهەنگگێڕان و پێکهێنانی ژیانی هاوژینی بەجۆرێک بەرزبوونەتەوە، گەنجانی ئامەد گەڕاونەتەوە سەر شێوازی باپیران و دوای مارەبڕین، بە رێوڕەسمێکی سادە ژن دەگوازنەوە. 
 
تادێت ئەو شێوازە لەلایەن کوڕ و کچانی ئامەد زیاتر ئاسایی دەبێت. ئەوان وەکو ناڕەزایی بەرامبەر گرانی، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، گەنجانی دیکە هاندەدەن تاوەکو خەرجیی زۆری هۆڵی ئاهەنگ و پێویستییەکانی دیکەی زەماوەند لەسەریان سووک بێت.
 
ئاهەنگی سادە بەجۆرێک بەربڵاوبووە، کاریگەریی لەسەر هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان و شوێنی بەکرێدانی جلی بووکێنی دروستکردووە. 
 
شەهموس ئۆزبای، خاوەن هۆڵی ئاهەنگگێڕان و شوێنی بەکرێدانی جلی بووکێنی باسی دابەزینی داهاتەکەی دەکات بە رێژەی نزیکەی 50٪ و، دەڵێت "چەند ساڵە لەم کاتانەدا هەفتانە چەندین ئاهەنگ لێرە دەکران، بەڵام ئێستا بە دەگمەن ئاهەنگ هەیە. ئەمساڵ کەمتر گەنجان هۆڵ بە کرێ دەگرن. هەر کە دێنە ئێرە و نرخەکان دەپرسن، دەڵێن گرانە و دەڕۆن. ئەوان دەڵێن ئەم نرخە گوشاری زۆری داراییان لەسەر دروست دەکات. زۆربەیان تەنیا مارەبڕین دەکەن و ئاهەنگێکی سادە لە ماڵەوە سازدەکەن".
 
سەبارەت بە گرانیی پێداویستییەکانی ئاهەنگ، شەهموس ئۆزبای گوتی "با تیمەکانی چاودێریی بازاڕ بێن و کۆنترۆڵی نرخەکان بکەن. خۆ ئێمە نامانەوێت نرخی کێکی ئاهەنگ، چەرەس، خواردنەوە و پێویستییەکانی دیکە بەرز ببنەوە، بەڵام کاڵاکان بە نرخی بەرز دەگەنە دەستی ئێمە. ئێمە داوا دەکەین نرخی هاتوو دابەزێندرێت، بۆ ئێمەش باش دەبێت و خەڵک پێمان ناڵێن، نرخەکان گرانن".
 
هەروەها زەینەب باشبوغ، خاوەنی شوێنی بەکرێدانی جلی بووکێنی لە ئامەد، باس لەوە دەکات، ئەگەر کۆفرۆشان جلی بووکینی بە نرخێکی گونجاو بگەیێننە ئەوان، ئەوکات دەتوانرێت نرخەکان دابەزێندرێن.
 
ئەوەی ئێستا لە ئامەد بووەتە جێی باس، گەنجان ئیدی زۆر گرنگی بە هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان نادەن؛ تەنانەت بەشێکی زۆریان بە جلی ئاسایی ژن مارە دەکەن و دواتریش ئاهەنگێکی سادە دەکەن.
 
نرخی هۆڵی بووکگواستنەوە بۆ ئاهەنگیک لە نێوان 50-70 هەزار لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 1400 بۆ 2000 دۆلار.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە