رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی شانۆیە و وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حوکمەتی هەرێمی کوردستان، بەم بۆنەیەوە دەڵێت، هونەری شانۆ لە کوردستاندا، قۆناغی سەختی بڕیوە و تایبەتمەندییەتی کوردی و کوردستانی وەرگرتووە.
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان، رۆژی دووشەممە 26ـی ئازاری 2024 راگەیێندراوێکی بەبۆنەی رۆژی جیهانی شانۆیەوە بڵاوکردەوە، تێیدا پیرۆزبایی ئەو رۆژە لە شانۆکارانی کوردستان دەکات.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەم بۆنەیەدا بە چاوی رێز و ئەمەکدارییەوە یادی شانۆکارانی هەمیشە زیندوو دەکەینەوە کە کۆچی دواییان کردووە و ئێستا لەناوماندا نین تا ئەم یادە بکەنەوە، بەڵام ئێمە یادی ئەوان، وەک پێشەنگ و مامۆستا و رێبواری رێی دامەزراندنی شانۆ دەکەینەوە، کە لە رۆژە سەختەکانی باری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، شانیان دایە بەر باری دانانی بەردی بناغەی ئەم هونەرە گەورە و کاریگەرە".
وەزیری رۆشنبیری و لاوان، هەروەها دەڵێت: "هاوکات ناوی هەموو ئەو شانۆکارانە بەرز رادەگرین، کە بەم هونەرە، خزمەتی بزاڤی رۆشنبیری و ئازادیخوازی گەلەکەمانیان کرد و گیانی خۆیان لە پێشمەرگایەتی یان لە رووبەڕوبوونەوەی دیکتاتۆریدا بەخشی و چوونە کاروانی شەهیدانەوە".
روونیشیکردووەتەوە: "لەم رۆژەدا جەخت لە پەیامی راستەقینە و مرۆڤدۆستانەی هونەر بە گشتیی دەکەینەوە، کە پەیامی قبوڵ کردنی جیاوازییەکان و پایەدارکردنی ئاشتی و پێکەوەییە. ئەو پەیامەی بە درێژایی مێژوو سەلماندوویەتی، هونەر، جیاوازییەکانمان جا بەهەر مانا و دەرکەوتەیەک بن، ناسڕێتەوە، یان وەکوو یەکیان لێناکات، بەڵکو کۆیان دەکاتەوە و سەرلەنوێ لە خزمەتی گەشەکردنی تاک و کۆمەڵگه و مرۆڤایەتیدا، بە شێوەیەکی هونەریی دایاندەڕێژێتەوە. هونەر تایبەتمەندێتی تاک و کۆمەڵگهکان لەتهك جیهانییەتیدا لێک گرێ دەدات و دەبێتە زمانێک کە هەموو مرۆڤایەتی لێی تێ دەگات."
بە بڕوای حەمەی حەمەسەعید، هونەری شانۆ لە کوردستاندا، لەپاڵ هەموو ژانرەکانی دیکەی هونەرە جوانەکاندا، قۆناغی سەختی بڕیوە و تایبەتمەندییەتی کوردی و کوردستانی وەرگرتووە، بە چەندین رایەڵیش خۆی گرێ داوە لە شانۆی گەلانی دیکە، بە تایبەتی لە رێی وەرگێڕانی دەقە شانۆییە ناودارەکان و سەرلەنوێ نمایش کردنەوەیان بە شێواز و دنیابینی خۆماڵی.
وەزیری رۆشنبیری و لاوان، لە کۆتاییدا پەیامەکەی ئاڕاستەی شانۆکارانی تاراوگە دەکات و دەڵێت: "جێی خۆشحاڵیشمانە، ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە شانۆکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات چوونەتە ناو جوڵانەوەی شانۆیی ئەو وڵاتانەوە کە تێیدا دەژین و تەنانەت بوونەتە کەسایەتی دیار و خاوەنی شانۆ و ئەزموون و لابۆری تایبەت بە خۆیان و خەڵاتی نێودەوڵەتی وەردەگرن".
ساڵانە لە 27ـی ئازار یادی رۆژی شانۆ دەکرێتەوە و بەم بۆنەیەوە چەندین چالاکی شانۆیی لە سەرتاسەری جیهان سازدەکرێن، لە کوردستانیش ساڵانە یادی دەکرێتەوە و بەرهەمی شانۆیی، سمینار و رێوڕەسمی تایبەت بەو رۆژە پێشکێش دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ