گرووپی کامۆس گەشتێکی هونەری لە ئەورووپا و ئاسیا سازدەکات

27-09-2025
هێمن عەبدوڵڵا
گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو ئەندامی گرووپی کامۆس لە بەرنامەی دیاسپۆرا
گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو ئەندامی گرووپی کامۆس لە بەرنامەی دیاسپۆرا
نیشانەکردن گرووپی کامۆس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی کامۆس لە فێستیڤاڵەکانی ئەورووپا بەشدار دەبن، ئێستا خەریکی گەشتێکی هونەری گەورەن کە چەندین وڵاتی ئەورووپا و ئاسیا کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
شاڵاو سۆفی و گویدۆ فان نیستەلرۆی ئەندامی گرووپی کامۆس، میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوون، باسی کاروچالاکی و ئامانجی گرووپەکەیان کرد.
 
شاڵاو سۆفی، خەڵکی کەرکووکە و لە منداڵییەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی چووەتە هۆڵەندا، باس لەوە دەکات کە یەکەم پرۆژەیان تێکەڵکردنی میوزیکی کوردی و ئەلیکترۆنی بووە، دەڵێت: "ئەمە یەکەم پرۆژەی ئێمە بوو کە بە کارکردن لەسەر میوزیکی کوردی دەستمان پێکرد، لەگەڵ میوزیکی ئەلیکترۆنی کۆمانکردەوە و لە زۆر مێلۆدی کوردی و ئامێری میوزیکی کوردییەوە ئیلهاممان وەرگرت وەکو دەهۆڵ و ئەوانەی دیکە".
 
سۆفی گوتیشی: "ویستمان کاتێک خەڵکی کوردستان بیبینێت یەکسەر بزانێت ئەمە پڕۆژەی کەسێکی کوردە یان کوڕێکی کوردی تێیدا بەشدارە، دەمانەوێت خەڵک لە ئەورووپاش بزانێت لە کوێوە دێت، چونکە هەولێر لە ئەورووپا زۆرتر ناسراوە، پایتەختی باشووری کوردستانە، لەبەر ئەوە گوتمان لە هەولێرەوە بۆ ئەمستەردام، چونکە خۆمان لە ئەمستەردام دەژین".
 
گویدۆ فان نیستەلرۆی، برازای روود ڤان نیستەلرۆی، یاریزانی بەنێوبانگی هۆڵەندی، جەختی لە وزە میوزیکی کوردی کردەوە و گوتی: "میوزیکی کوردی وزەیەکی زۆری تێدایە، دەبینم کە خەڵک دڵی زۆر پێی خۆش دەبێت"، ئاماژەی بەوەدا، پێشوازی خەڵکی کوردستان و تەنانەت هۆڵەندییەکانیش زۆر گەرم و گوڕ بووە، چونکە میوزیکەکەیان "وزەیەکی زۆر دەبەخشێت و وایان لێدەکات پێکەوە سەما بکەن".
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی گۆرانی (بەرزی بەرزی)، نیستەلرۆی گوتی: "بیرۆکەی شاڵاو بوو ئەو گۆرانییە بڵێینەوە، گوتی با شتێکی لەم شێوەیە بکەین و گۆرانییەکەی پێشاندام، من زۆر پێم خۆش بوو گوتم بەڵێ وەرە با بیکەین".
 
هەروەها باسی یەکەم سەردانی بۆ کوردستان کرد و وەک ئەزموونێکی نوێ و نایاب ناساندی و گوتی: "لەگەڵ زۆر کورد گەورە بووم، زۆر هاوڕێی کوردم هەیە، بەڵام ئەوە یەکەم جار بوو بچم شوێنەکە ببینم. زۆر دڵمخۆش بوو ئەوانەم بینی و زۆر حەزم لە خواردنەکانیان کرد، وەکو کەباب زۆر خۆش بوو". گوتیشی، ئەوەشی خستەڕوو، لە کوردستان چەندین میوزیکژەنی بینیوە و لەگەڵیان لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێکەوە کار بکەن.
 
سەبارەت بە ژیریی دەستکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر پیشەسازی میوزیک. شاڵاو سۆفی دەڵێت: "زۆر گرنگە ئێمە لە سەرەتادا کار و بەرهەمی خۆمان هەبێت، بەڵام ژیریی دەستکردیش دەتوانێت یارمەتیی ئێمە بدات بۆ ئەوەی دەنگەکان باشتر بکەین، بەڵام پێویستە رێز لە دەنگی گۆرانیبێژەکە بگیرێت و مافی پارێزراو بێت". گوتیشی: "ژیریی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی ریمێکسی نوێ و باشترکردنی کوالیتی دەنگ".
 
ئێستا گرووپی کامۆس خەریکی گەشتێکی چڕ و پڕە، شەوی پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025 لە شاری کوێلن کۆنسێرتی هەبوو، ئەمڕۆ شەممە بەرەو هێڵسینکی لە فینلەندا بەڕێدەکەوێت، دواتر بەرەو هامبۆرگ، لە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە هەولێر کۆنسێرتێکی گەورە ساز دەکات، لە 11ـی هەمان مانگ بۆ ماوەی سێ هەفتە گەشت بۆ ئاسیا دەکات و سەردانی جاکارتا، مالیزیا و سەنگافورە دەکات، دواتریش بۆ میسر. لە 15ـی مانگ، ریمێکسی گۆرانی (دڵم تەنگە)ـی هونەرمەند کاروان هەورامی بڵاودەکاتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە