تایلەر سویفت بە نهێنی کار بۆ بەرهەمی نوێ دەکات

28-07-2025
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تایلەر سویفت، هونەرمەندی پۆپی ئەمریکی، دوای کۆتاییهاتنی گەشتە جیهانییە سەرکەوتووەکەی بەناوی "Eras"، ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی نوێی میوزیکی دەکات و بەم دواییانە بە نهێنی لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا بینراوە کە سەرقاڵی وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپێک بووە.
 
پڕۆژە نوێیەکەی سویفت بەوپەڕی نهێنییەوە بەڕێوەدەچێت، تەنانەت تیمەکانی کارکردن لە شوێنی وێنەگرتنەکە رێگەیان پێنەدراوە گوێ لە گۆرانییەکە بگرن و تەنیا لەسەر ریتمەکەی کاریان کردووە.
 
لەلایەکی دیکەوە سویفت کار لەسەر دوازدەیەمین ئەلبوومی ستۆدیۆیی، بەڵام وردەکاری لەبارەیەوە ئاشکرا نەکراون. 
 
سویفتی (35 ساڵ)، لەگەڵ ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ خۆشەویستەکەی تڕاڤیس کێڵسی بووە و پێکەوە کاتیان بەسەربردووە، بەڵام لەگەڵ پلانە هونەرییەکانی پشتگوێ نەخستووە.
 
پەیوەندیی ئەم دووانە لە هاوینی 2023 دەستیپێکردووە و لەو کاتەوە لە چەندین بۆنەی جیاوازدا پێکەوە دەرکەوتوون.
 
بەم دواییە مۆزەخانەی بەناوبانگی جیهانیی مادام توسۆ کە بارەگای سەرەکیی لە لەندەنە، 13 پەیکەری مۆمیی تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی پۆپی ئەمریکی دروستکردووە و بڕیارە لە چەند وڵاتێک نمایشیان بکات.
 
پەیکەرەکان گوزارشت لە ساتە دیار و ناوازەکانی گەشتی هونەریی ریکۆردشکێنی تایلۆر سویفت دەکەن کە بەناوی "The Eras Tour"ـە بوو.
 
دانیاڵ کولن، دیزاینەری باڵای پەیکەرەکان لە مۆزەخانەکە، رایگەیاندبوو: "سەرچاوەی ئیلهامی ئەم پرۆژەیە، پەرەسەندنی ستایلی ناوازەی تایلۆر بوو لە ماوەی کاروانی هونەرییدا. هەستمان کرد گەشتی "The Eras Tour" ئەوەندە گەورە و ناوازەیە، کە پێویست بوو لە مادام توسۆ پێشانی بدەن، بۆیە 13 پەیکەرمان دروستکرد کە ئاماژەیە بۆ 11 سەردەمی هونەریی جیاوازی تایلۆر و ژمارە 13یش ژمارەی بەختی ئەوە."
 
تایلەر سویفت، لە هونەرمەندە ناسراوەکانی جیهانە و لەرێگەی بەرهەکانییەوە چەندین ریکۆردی نوێی تۆمارکردووە، ساڵانە ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە، بە پێچەوانەی بەشێک لە هونەرمەندە جیهانییەکان کە چەند ساڵ جارێک ئەلبوومێک بڵاودەکەنەوە.
 
پێشتر حەوت ئەلبوومی گۆرانیی ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە، لە لیستی 40 ئەلبوومی "بیلبۆرد"ـدا بۆ باشترین ئەلبوومەکاندا هاتوون. سویفت، یەکەم هونەرمەندی زیندووە ئەو ریکۆردە تۆمار بکات و لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا، ویتنی هیوستن، هونەرمەندی کۆچکردووی ئەمریکی دێت.
 
سویفت، ئەم تۆمار نوێیەی لە دوای بڵاوکردنەوە ئەلبوومی "Midnights"  هات کە لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا بوو و ئەلبوومەکانی دیکەی لە ریزبەندی 13، 14، 22، 26 و 31ـدا بوون.
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە