ئێد کاشی: لە 1991 لە چیاکان بارزانی و تاڵەبانی پلانیان بۆ ئاوەدانکردنەوە دادەنا

28-09-2025
ئارێز خالید
 هەڤپەیڤینی ئارێز خالید لەگەڵ ئێد کاشی بۆ رووداو
هەڤپەیڤینی ئارێز خالید لەگەڵ ئێد کاشی بۆ رووداو
نیشانەکردن ئێد کاشی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێد کاشی، وێنەگر و فیلمسازی ئەمریکی - عێراقی، یەکێک بوو لە میوانەکانی کۆنفرانسی کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی. لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، کاشی تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی ٤٥ ساڵەی کاری وێنەگریی خۆی و یادەوەرییەکانی سەردانی بۆ چوار پارچەی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ دەگێڕێتەوە. ئەو باس لەوە دەکات چۆن لەو سەردەمەدا وێرانکارییەکانی دوای ئەنفالی بینیوە و لە چیاکان چاوی بە سەرۆک بارزانی و جەلال تاڵەبانی کەوتووە. کاشی هەروەها دیدگای خۆی لەبارەی پێشکەوتنەکانی باشووری کوردستان، رۆڵی وێنە لە گێڕانەوەی چیرۆکی کورد بۆ جیهان و پەیامێکیشی بۆ نەوەی نوێ هەیە کە "پێویستە رابردوو لەبیر نەکەن، بەڵام لەناویشیدا نەمێننەوە".
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: بەڕێز ئێد کاشی، بەخێر بێیت بۆ بەرنامەکەمان.
 
ئێد کاشی: سوپاس. 
 
رووداو: زۆر دڵخۆشم بە بینینتان. حەز دەکەین بەپێی ئەزموونی ئێوە دەست پێ بکەین. ئێوە چۆن لە رێگەی لێنزی کامێراکەتانەوە کۆمەڵگە و سروشتی کوردستان دەبینن؟
 
ئێد کاشی: بەڵێ، بە حوکمی ئەوەی کە کارێکی زۆرم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا، بۆم دەرکەوتووە گەلی کورد لەم ناوچەیەدا گەلێکی زۆر لێبووردەن و لە زۆر رووەوە کارکردن لەگەڵیاندا ئاسانە، بەتایبەتی کاتێک کامێرات پێبێت. ئەوان زۆر بەگەرمی پێشوازیت لێ دەکەن. هەروەها هەست دەکەم کە ئەوان دەیانەوێت چیرۆکەکەیان بگێڕدرێتەوە. ئەو هەستە هەیە کە جیهان ئاگاداری گەلی کورد نییە، بەتایبەتی مێژوو و ئەزموونی کورد. بۆیە وەک چیرۆکبێژێک، وێنەگرێک و فیلمسازێک، ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ناساندنی ئەم کولتوورە ناوازەیە. زۆربەی خەڵک جیاوازیی نێوان کورد و عەرەب ناکەن، وا دەزانن هەموو خەڵکی ئێرە وەک یەکن.
 
رووداو: دایک و باوکت لە بەغدا لەدایک بوون؟
 
ئێد کاشی: بەڵێ، دایک و باوکم خەڵکی بەغدان و لە ساڵی ١٩٤٠دا کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا.
 
رووداو: لەبەر ئەوەشە روخسارت ئەمریکی نییە و زیاتر لە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچیت، وایە؟
 
ئێد کاشی: راستە.
 
رووداو: کەی یەکەم جار سەردانی کوردستانت کرد و وێنەت گرت؟

ئێد کاشی: یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩١ بۆ پرۆژەیەکی گەورەی گۆڤاری "ناشناڵ جیۆگرافیک" هاتمە ئێرە. لە راستیدا گەشتم بە هەشت وڵاتی جیهاندا کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە خەباتی کورد بکۆڵمەوە؛ لە رەوەندی کورد لە بەریتانیا و ئەڵمانیاوە بگرە تا دەگاتە کامپەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە لوبنان لەو کاتەدا.
 
رووداو: کەواتە هاتوویتە باشووری کوردستان؟ 
 
ئێد کاشی: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا؟ 
 
رووداو: هەر چوار پارچەکە؟
 
ئێد کاشی: بەڵێ، هەموو بەشەکان.
 
رووداو: لەو کاتەدا کێت بینی؟
 
ئێد کاشی: لە تورکیا، لە ناوەڕاستی خەباتی بزووتنەوەی جوداخوازیی پەکەکەدا بوو، بۆیە دۆخەکە زۆر سەربازییانە بوو، بەڵام ژیان تاوەکو رادەیەک ئاسایی بوو. لە عێراق دۆخەکە پاش کارەساتی ئەنفال بوو؛ من هەرگیز شتێکی لەو شێوەیەم نەبینیبوو. هەموو گوند و شار و شارۆچکە و کۆمەڵگەکان وێران کرابوون. بۆیە عێراق لایەنێکی زۆر تایبەت و ناوازەی کوردستانی نیشان دەدا. لە سووریا و ئێرانیش دۆخەکە زۆر سەرکوتکەرانە بوو. ژیان ئاسایی دەڕۆیشت، بەڵام زۆر سەخت بوو.
 
رووداو: کەواتە تۆ لە کاتی جەنگدا هاتووییتە ئێرە. جیاوازیی نێوان ئێستا و ئەو سەردەمە چییە؟
 
ئێد کاشی: ئێستا لە کوردستانی عێراق، یان باشووری کوردستان، دۆخەکە جوانە. دەزانم هیچ شتێک بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام ئەوەی کراوە سەرسووڕهێنە. لە ساڵی ١٩٩١ـەوە، ٣٤ ساڵتان لەبەردەستدا بووە بۆ ئاوەدانکردنەوە، گەشەکردن و بەدەستهێنانی ئازادی، بەتایبەتی بە بەراورد بە سەردەمی پێشوو لەژێر دەسەڵاتی سەدامدا. بۆ من، بینینی ئەوەی لێرە لە کوردستانی عێراق روودەدات، شتێکی زۆر تایبەت و ئەرێنییە.
 
رووداو: لەو کاتەدا، لە ساڵی ١٩٩١، سەرکردەکانمانت بینی؟ بۆ نموونە کاک مەسعود و مام جەلال؟
 
ئێد کاشی: بەڵێ، لە چیاکان لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانیدا بووم. ئەوان تازە دوای یەکەم شەڕی کەنداو گەڕابوونەوە، دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "دابینکردنی ئارامی" کە ناوچەیەکی ئارامی دروست کردبوو. لەبیرمە بە تەلەفۆنی مانگی دەستکردی گەورەوە خەریکی ئەوە بوون کە پلان دابنێن چی بکەن و چۆن ئەم خاکە بەدەست بهێننەوە و کۆمەڵگەکەیان ئاوەدان بکەنەوە. 
 
رووداو: ئەوان گوتیان؟
 
ئێد کاشی: ببوورە؟
 
رووداو: ئەوان گوتیان کە دەیانەوێت کۆمەڵگە بونیاتبنێنەوە؟
 
ئێد کاشی: بەڵێ. ئەوان لەو قۆناغەدا دەیانویست بزانن چی بکەن. پێموایە تێکەڵەیەک بوو لەوەی دەسەڵاتی خۆیان بچەسپێنن، دامەزراوەی سیاسی و ئابووری دابمەزرێنن و بزانن چۆن ئەم خاکە بەڕێوەدەبەن دوای ئەوەی سەدام تا رادەیەک لەم ناوچەیە دوور خرابووەوە.

رووداو: باشە. دەمەوێت باسی ئێستا بکەم. ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی کورد هەوڵ دەدەن بە رێگەی نایاسایی و مەترسیدار وەک کۆچبەر بگەنە بەریتانیا و ئەمریکا. جا تۆ لە کوردستان سرووشت و کۆمەڵگەی ئێمەت بینیوە، دەمەوێت بزانم پەیامی تۆ بۆ ئەو کەسانە چییە کە بۆ نموونە دەیانەوێت بە نایاسایی بگەنە ئەمریکا و رێگەیەکی مەترسیدار بگرنەبەر؟
 
ئێد کاشی: من ناتوانم لە جیاتی ئەو کەسانە قسە بکەم کە ئەوەندە نائومێد و پاڵنەریان هەیە بۆ بەجێهێشتنی نیشتمانەکەیان. نازانم پاڵنەرەکانیان چین؛ ئایا تەنیا بەدوای ژیانێکی باشتر و پارەیەکی زیاتردا دەگەڕێن، یان لە ستەم و زۆرداریی سیاسی هەڵدێن؟ بەبێ ناسینی تاکەکان ناتوانم وەڵامێکی ورد بدەمەوە. بەڵام ئەوە روونە کە ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا وەک چرایەکی رووناک بۆ زۆر کەس لە سەرانسەری جیهاندا دەبینرێن.
 
رووداو: باشە. دەمەوێت بزانم کە وێنە و فیلم چۆن دەتوانن دیاردە خراپەکانی نێو کۆمەڵگە بگۆڕن؟ بۆ نموونە، تۆ ژمارەیەکی زۆر وێنەت لە کوردستان گرتووە و لە گۆڤارە جیهانییەکاندا بڵاوت کردوونەتەوە. ئەمە چۆن یارمەتیی کۆمەڵگەی کوردی داوە یان چۆن گۆڕانکاریی دروست کردووە؟
 
ئێد کاشی: من بەم شێوەیە لە میدیا و گێڕانەوەی چیرۆک لە رێگەی وێنە و فیلمەوە دەڕوانم؛ وەک چیرۆکبێژ، لەوانەیە هەندێک جار بتوانین شتەکان بگۆڕین، بەڵام هەر هیچ نەبێت ئامانجی سەرەکیمان هۆشیارکردنەوەیە. بۆ نموونە، زۆر کەس، بەتایبەتی لە ئەمریکا، هیچ نازانن گەلی کورد کێیە. لە کولتوور و مێژووەکەی تێناگەن و نازانن ئێوە چەندە لە عەرەب و فارس و نەتەوەکانی تر جیاوازن. مەبەستم لەم جیاکارییە لایەنە نەرێنییەکەی نییە، بەڵکو زیاتر رێزگرتنە لە چاند و مێژووی کۆمەڵگە جیاوازەکان. بۆیە بۆ من وەک چیرۆکبێژێک، بەهایەکی گەورەی هەیە کە بتوانم چیرۆکێک بگێڕمەوە کە خەڵکی فێر بکات؛ لەم دۆخەدا، فێری مێژوو و دۆز و خەباتی کورد ببن.
 
رووداو: دەتوانیت نموونەی یەکێک لە کارەکانت بهێنیتەوە کە کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر کۆمەڵگە هەبووبێت؟
 
ئێد کاشی: ئەو کارەی لە ساڵی ١٩٩١ کردم و بووە بەرگی گۆڤاری "ناشناڵ جیۆگرافیک"، وێنەیەکی تێدابوو کە لە دیاربەکر گرتبووم. وێنەی ژنێک بوو کە گومانی ئەندامێتی پەکەکەی لێدەکرا و لە دادگەیەکی تیرۆردا بوو. لە چواردەوریدا سەربازی تورک وەستابوون و ئەویش لە قەفەسی تۆمەتباراندا بوو. ئەو وێنەیە بووە یەکێک لە بەناوبانگترین وێنەکانم. بەڵام کاتێک لە گۆڤارەکەدا بڵاوکرایەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستیان بەسەر هەموو دانەیەکی ئەو ژمارەیەدا گرت کە ئەگەر هەڵە نەبم ژمارەی مانگی ئایاری ١٩٩٢ بوو. دواتریش رێگەیان بە میدیاکان نەدا بچنە ناو هۆڵی ئەو دادگایانەی کە ناویان نابوون "دادگاکانی تیرۆر". دواتر، لە ساڵی ١٩٩٤، کتێبێکم لەگەڵ نووسەری گەورەی بەریتانی کریستۆفەر هیچنز بڵاوکردەوە. لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا زۆر کوردم لە ئەورووپا بینیوە کە پێیان وتووم ئەو کتێبە ئەوانی فێری مێژووی خۆیان کردووە.
 
دوای ٤٥ ساڵ کارکردن، یەکێک لە جوانییەکانی ئەم کارە ئەوەیە کە من ناوی دەنێم "ساتەوەختە جوانەکانی ژیان"؛ کاتێک کەسانێک دەبینیت و تێدەگەیت کە کارت لەسەر ژیانیان کاریگەری هەبووە. من باوەڕی تەواوم هەیە کە ئەگەر بتوانین بیرکردنەوەی یەک کەسیش بگۆڕین، ئەوا گۆڕانکاری هەر لەوێوە دەست پێدەکات. ئەمە رەنگە وەک قسەیەکی دووبارە بێت، بەڵام لە راستیدا وایە. ئەگەر بتوانیت گەنجێک هان بدەیت ببێتە مێژوونووس، یان توێژەرێکی کورد، یان رۆژنامەنووسێک تا چیرۆکی گەلەکەی خۆی بگێڕێتەوە، ئەوە شتێکی زۆر جوانە. هەروەها من کارم کردووە کە بووەتە هۆی گۆڕینی یاسا یان بووەتە بەشێک لە گۆڕانکاریی سیستەمی.
 
رووداو: هیوادارم کاری زیاتر و زیاتر بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بکەیت.
 
ئێد کاشی: منیش هەروەها.
 
رووداو: کامێراکەت هەڵبگریت و وێنەی سرووشتە جوانەکەمان و چیرۆکە جوانەکانمان بگریت.
 
ئێد کاشی: بێگومان. شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا بەشدار بووم. یەکێک لە خوێندکارە گەنجەکانی زانکۆی ئێرە باسی مێژووی پڕ لە ئازاری کوردی دەکرد، وەک ئەنفال و شتی لەو جۆرە. لەوێدا بۆم دەرکەوت کە زۆر گرنگە دەست بە رابردووەوە بگریت و لە یادی نەکەیت، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر گرنگە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێیت. ئێستا هۆکاری زۆر هەن بۆ ئەوەی گەلی کورد، بەتایبەتی لە عێراق، بەرەو پێش بچێت. بێگومان دۆخی ئێران و سووریا زۆر سەختە و لە رووی سیاسییەوە ئاڵۆزە، تورکیاش هەر بە هەمان شێوە. بەڵام لە عێراق، ئێوە لە راستیدا دەرفەتێکتان هەیە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بڕۆن، نەوەی نوێ فێری مێژووی پرشنگدار و مەزنی خۆتان بکەن و باسی ئەو شتە باشانە بکەن کە روودەدەن. پێویستە رابردوو لەبیر نەکەین، بەڵام لەناویشیدا نەمێنینەوە.
 
رووداو: سوپاس ئێد کاشی، وێنەگری رۆژنامەوانی و فیلمساز.
 
ئێد کاشی: سوپاس بۆ تۆ.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

دڵشاد شەهاب: لە پڕۆسەی ئاشتییدا ئەردۆغان و ئۆجەلان باوەڕییان بە رۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانە

لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستەنبووڵ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی ئاشتیدا جێگەی "رەزامەندی و چاوەڕوانیی" رەجەب تەیب ئەردۆغان و عەبدوڵڵا ئۆجەلانە