رووداو دیجیتاڵ
گرووپی میوزیکی رەسەنی نەتەوەکانی کەرکووک، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەمریکا، گەشتێک بۆ واشنتن دەکات و چوار کۆنسێرت لەو وڵاتە ساز دەکات.
کاروان ڤیۆلین، ئەندامی گرووپەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 9ـی تشرینی دووەمی 2025 بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەون و چوار کۆنسێرت ساز دەکەن، دووانیان تایبەت دەبن.
سەبارەت بە شوێنی کۆنسێرتەکان، کاروان ڤیۆلین گوتی: "کۆنسێرتی یەکەممان لە هۆڵی باڵیۆزخانەی عێراق دەبێت لە واشنتن، دووەمیشیان هەر لە سەنتەری بەناوبانگی کێنێدی دەبێت".
گوتیشی، ئەو بەرهەمانەی پێشکێشی دەکەن، بریتی دەبن لە مەقام، بەستە و گۆرانیی رەسەنی کوردی، تورکمانی و عەرەبی کە تایبەتن بە کولتووری دەوڵەمەندی کەرکووک و ناوچەی گەرمیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، بانگهێشتکردنیان بۆ ئەمریکا لە دوای بینینی بەرهەمەکانیان بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و "بەڵێنمان پێدار لە داهاتوودا کۆنسێرتێکمان لە ئەمریکا بۆ رێکبخەن".
گرووپی میوزیکی رەسەنی نەتەوەکانی کەرکووک، ساڵی 2007 دامەزراوە و لە نۆ ئەندام پێکدێت، عومەر موەفەق، سەرپەرشتیاریەتی. کار بۆ پاراستن و ناساندنی هونەر و میوزیکی رەسەنی پێکهاتە جیاوازەکانی شاری کەرکووک دەکات.
لە کۆنسێرتەکانی ئەمریکا، ئەحمەد نەجیب و محەممەد گەرمیانی وەک گۆرانیبێژ بەشدار دەبن، لەگەڵ شەش ژەنیاری دیکەی گرووپەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ