رووداو دیجیتاڵ
ترەیلەری ئەنیمەیشنی (Wildwood) بڵاوکرایەوە کە بڕیارە ساڵی 2026 لە سینەماکان پێشانبدرێت و بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی ستۆدیۆی (لایکا) دادەنرێت.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە کچێک بە ناوی پرو ماکیل دەکات، دوای ئەوەی ماکی برای ساوای لەلایەن کۆمەڵێک قەلەڕەشەوە بە سەرکردایەتیی ژنێکی نهێنیئامێز دەڕفێندرێت، ناچار دەبێت لەگەڵ هاوڕێکەی، کورتس، بچێتە نێو دارستانێکی جادوویی و شاراوە لە نزیک پۆرتلاند.
پرو گەشتێکی پڕ لە سەرکێشی بۆ رزگارکردنی براکەی دەستپێدەکات، لەوێ جیهانێکی پڕ لە بوونەوەری ئەفسانەیی و هەڕەشەی چاوەڕواننەکراو دەدۆزێتەوە کە ئازایەتی و تواناکانی تاقی دەکەنەوە.
لە فیلمەکەدا ژمارەیەک ئەستێرەی سینەمایی بە دەنگیان بەشداربوونە، لەوانە: ئەنجێلا باسێت، کاری مولیگان و ماهرشالا عەلی.
لە ترەیلەری فیلمەکە، کارەکتەری جەنەراڵ ئاشکرا دەکرێت کە ئەنجێلا باسێت بە دەنگی رۆڵی دەگێڕێت و وەک جەنگاوەرێکی بەهێز دەردەکەوێت.
ستۆدیۆی لایکا بە بەکارهێنانی تەکنیکی (ستۆپ-مۆشن) ناسراوە، تێیدا بووکەڵەی دەستکرد جووڵەیان پێدەکرێت. ئەم فیلمەش بەهەمان شێواز بەرهەمهاتووە و تێکەڵەیەکە لە خەیاڵی هونەری و وردەکاریی تەکنیکی. لایکا پێشتر چەندین فیلمی سەرکەوتووی وەک (Kubo and the Two Strings) و (ParaNorman)ـی بەرهەمهێناوە.
(Wildwood) لە دەرهێنانی تراڤیس نایتە، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ستۆدیۆکەیە و پێشتر فیلمەکانی (Bumblebee) و (Kubo and the Two Strings)ـی دەرهێناوە. سیناریۆی فیلمەکەش لەلایەن کریس بەتلەرەوە نووسراوە.
تاوەکو ئێستا وادەیەکی فەرمی بۆ بڵاوکردنەوەی فیلمەکە دیاریی نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای 2026 بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ