ئاریانا گراندەی ئەلبوومێکی نوێ لە 2024 بڵاودەکاتەوە

28-12-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئاریانا گراندەی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاریانا گراندەی، هونەرمەندی ئەمریکی رایگەیاند، لە 2024 ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە یەکەم ئەلبوومی دوای ئەلبوومی 'Positions' کە لە 2020 بڵاوکرایەوە.
 
گراندەی براوەی خەڵاتی گرامی، رۆژی چوارشەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە پۆستێکدا لە هەژماری ئینستاگرامەکەی، بڵاوکردنەوەی حەوتەمین ئەلبوومی لە ساڵی داهاتوودا راگەیاند و نووسیویەتی "ساڵی داهاتوو دەتبینمەوە" و وێنەی و ڤیدیۆی لەمبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.
 
هەروەها نووسیویەتی: "من زۆر ماندووم" و پێدەکەنێت، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "بەڵام زۆر دڵخۆشم و سوپاسگوزارم. هەروەها هەست دەکەم کێشم سێ هەزار تۆنە".
 
بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەلبوومە نوێیەکە، چەند رۆژێک دوای رێککەوتنی گراندەی لەگەڵ کۆمپانیای 'Good World Management' دێت. 
 
ئاریانا گراندەی، لە 26ـی حوزەیرانی 1993 لە ئەمریکا لەدایکبووە، گۆرانیبێژ تێکستنووسی گۆرانی و ئەکتەرە، وەک ئایکۆنێکی میوزیکی پەپ دەناسرێت، براوەی چەندین خەڵاتە، گرنگترینیان گرامی، برەیت، ئێمی، بیلبۆرد و میوزیکی ئەمریکی، جگە 35 ژمارەی پێوانەیی کە لە کتێبی 'گینس' تۆمارکراون.
 
ئەو گۆرانیبێژە لە تەمەنی 15 ساڵیدا لە جیهانی میوزیکدا دەستیپێکردووە و لە تەمەنی 13 ساڵیدا لە 2008 لە بەرهەمێکی شانۆییدا رۆڵی گێڕاوە، هەروەها لە 2013-2014 بە رۆڵی کات ڤالەنتین لە زنجیرەی 'Nickelodeon Victorious' ناوبانگی پەیداکردووە.
 
یەکێک لە هونەرمەند پڕفرۆشەکانە لە جیهاندا و زیاتر لە 90 ملیۆن کۆپی ئەلبووم و سەت ملیۆن یەکەی دیجیتاڵی لە ئەلبووم و گۆرانیی لە ئەمریکا فرۆشراون. لە 2016 و 2019 ناوی لە لیستی ساڵانەی 'تایم' بۆ سەت کاریگەرترین ژنی جیهاندا هاتووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە