ریانا لەسەر فەرشی شینی پێشاندانی فیلمی 'Smurfs' دەرکەوت

29-06-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن Smurf ریانا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەلجیکا فەرشی شینی بۆ ریانا، خانمە گۆرانیبێژ و ئەستێرەکانی دیکە راخست، کە بۆ یەکەم پێشاندانی جیهانیی فیلمی نوێی زنجیرە فیلمی "Smurfs" لەو وڵاتە ئامادەبوون.
 
پێشاندانە تایبەتەکە رۆژی شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025 لە برۆکسلی پایتەخت بەڕێوەچوو و بەهۆی جیهانی شینی سمۆرفەکان، لە بری فەرشی سوور، فەرشی شینی کاڵ راخرا.
 
ریانا بەرهەمهێنەری فیلمە ئەنیمەیشنەکەیە و بە دەنگ رۆڵی کارەکتەری "سمۆرفێت" دەگێڕێت، تێیدا بوونەوەرە بچووکەکان بە سەرکردایەتی سمۆرفێت هەڵمەتێکی رزگارکردن بۆ پاپا سمۆرف دەکەن.
 
ریانا دووگیانییەکەی بەڕوونی دیار بوو و لەگەڵ خۆشەویستەکەی ئایساپ رۆکی، راپەری ئەمریکی ئامادەبوو، قسەی لەگەڵ منداڵان کرد و وێنەی لەگەڵ کەسێکدا گرت کە جلی کارەکتەرە کارتۆنییەکەی ئەوی پۆشیبوو. 
 
نمایشەکە لە نێوەڕاستی برۆکسل بەڕێوەچوو، نزیک مۆزەخانەی سمۆرفەکان. پەیکەری بەناوبانگی شارەکە "Mannekin Pis" بۆ پێشاندانی فیلمەکە، جلی کارەکتەری کارەکتەرێکی فیلمەکەی لەبەرکرابوو. هەروەها گۆڕەپانی گەورەی شارەکە بە درێژایی کۆتایی هەفتە چالاکیی تایبەت بە سمۆرفەکانی تێدا بەڕێوەچوو، پاسی گەشتیاری و شەمەندەفەرەکانیش بە رەنگی شین رازێنرابوونەوە.
 

کریس میلەر، دەرهێنەری فیلمەکە لەگەڵ ژمارەیەک ئەکتەری دیکە کە بە دەنگ رۆڵی کارەکتەرەکانی فیلمەکەیان گێڕاوە، لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادەبوون.
 
بڕیارە فیلمەکە لە 18ـی تەممووزی 2025 لە سینەماکانی ئەمریکا پێشانبدرێت، دواتریش لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا.
 

ریانا، لە 20ـی شوباتی 1988 لە باربادۆس لە دایکبووە، گۆرانیبێژ، ئەکتەر، نمایشکاری جلوبەرگ و بازرگانە، لە 2003 لە تەمەنی 16 ساڵیدا دەستی بە کاری هونەری کردووە و بۆ ئەم مەبەستە چووەتە ئەمریکا و چەند بەرهەمێکی بڵاوکردەوە.
 
"Good Girl Gone Bad" سێیەم ئەلبوومی گۆرانیی ئەو گۆرانیبێژەیە و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو لە 2007.
 
ریانا براوەی نۆ خەڵاتی گرامی، 13 خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و 12 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد و دوو خەڵاتی بریتە.
 
داهاتی لە ئایاری 2011 تاوەکو ئایاری 2012 زیاتر لە 53 ملیۆن دۆلار بووە، لە هەمان ساڵدا ناوی لە ریزبەندی چوارەمی لیستی گۆڤاری "فۆربێس" بۆ بەهێزترین کەسایەتییە ناودارەکانی ساڵدا هات، هەر لە هەمان ساڵدا، وەک یەکێک لە 100 کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان لەلایەن گۆڤاری "تایم" هەڵبژێردرا.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە