سەرەڕای تۆمەتی تیرۆر 'نییکاپ' کۆنسێرتێکی لە گلاستنبێری سازکرد

29-06-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن گلاستنبێری نیکاپ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی راپی ئێرلەندی "نییکاپ"، سەرەڕای رەخنەی تووندی سیاسەتمەدارانی بەریتانیا و تۆمەتبارکردنی یەکێک لە ئەندامەکانی بە تیرۆر، لە فێستیڤاڵی گلاستنبێری بەشداربوو و کۆنسێرتێکی سازکرد.
 
لیام ئۆگ، راپەری ئێرلەندی و یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە، دوای ئەوەی لە کۆنسێرتێکدا لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 لە لەندەن گوایە ئاڵای حیزبوڵڵای بەرزکردووەتەوە، بەپێی یاسای تیرۆر تۆمەتبار کراوە بە پشتیوانیکردن لە رێکخراوێکی قەدەخەکراو. ئەو راپەرە، بە کەفالەت ئازادە و بڕیارە لە ئابی ئەمساڵ، دانیشتنێکی دیکەی لە دادگە هەبێت.
 
کۆنسێرتەکە رۆژی شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025 بەڕێوەچوو و نزیکەی 30 هەزار هەواداری گرووپەکە ئامادەبوو، لیام ئۆگ هاواری دەکرد: "گلاستنبێری، من پیاوێکی ئازادم!". 
 
لەنێو ئاپۆرای جەماوەردا دەیان ئاڵای فەڵەستین بەرزکرایەوە، لەکاتێکدا نمایشەکە بە بەرهەمێک دەستیپێکرد کە ئاماژە بوو بە کێشە یاساییەکانی گرووپەکە.
 
ئەندامانی گرووپەکە داوایان لە ئامادەبووان کرد دروشمی "ئازادی بۆ فەڵەستین" و "ئازادی بۆ لیام ئۆگ" بڵێنەوە. هەروەها دروشمێکی تووندیان دژی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەگوتەوە کە پێشتر رایگەیاندبوو، بە "گونجاو"ـی نازانێت گرووپی "نییکاپ" لە گلاستنبێری بەشدار بێت.
 
گرووپە سێ کەسییەکە دەڵێت، پشتیوانی لە حیزبوڵڵا و حەماس ناکەن و توندوتیژیش رەتدەکەنەوە. رەخنەگرانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە هەوڵی بێدەنگکردنیان دەدەن بەهۆی پشتیوانییان لە دۆزی فەڵەستین. 
 

لیام ئۆگ، دەڵێت، ئاڵایەکی هەڵگرتووەتەوە کە فڕێدراوەتە سەر ستەیج بێ ئەوەی بزانێت هێمای چییە. 
 
گلاستنبێری، یەکێک لە بەناوبانگترین فێستیڤاڵە میوزیکییەکانە لە جیهاندا و ساڵانە 200 هەزار کەس تێیدا ئامادە دەبن و لە باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا بەڕێوەدەچێت. چالاکییەکانی ئەمساڵی لە 25 بۆ 29ـی حوزەیران بەڕێووەچوو.
 

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە