رووداو دیجیتاڵ
باد بەنی کە براوەی خەڵاتی گرامییە، ساڵی داهاتوو لە سوپەر بۆڵی ئەمریکا لە باکووری کالیفۆرنیا گۆرانی دەڵێت.
بڕیارە باد بەنی، سەرکردایەتی چالاکییەکانی لە پشووی گەیەمی یەکەمی یارییەکە بکات لە یاریگەی (Levi's Stadium) لە 8ـی شوباتی 2026 لە سانتا کلارا لە کالیفۆرنیا.
هەڵبژاردنی ئەم ئەستێرە پۆرتۆریکۆییە لە کاتێکدایە کە قۆناغێکی دیکەی سەرکەوتنی گەورەی پیشەکەی بەڕێ دەکات: لەم مانگەدا لە پۆرتۆریکۆ زیاتر لە نیو ملیۆن هەواداری کۆکردەوە و لە تشرینی دووەمی رابردوو، لە خەڵاتەکانی گرامیی لاتیندا، بەربژیری زۆرترین خەڵات بوو.
هەروەها بووەتە یەکێک لە پڕبیستراوترین هونەرمەندەکان لە جیهاندا بە ئەلبوومی وەک (Un Verano Sin Ti) کە بە زمانی ئیسپانییە.
ئەم هونەرمەندە تەمەن 31 ساڵە، ناوی راستەقینەی بەنیتۆ ئەنتۆنیۆ مارتینێز ئۆکاسیۆیە، سێ خەڵاتی گرامی و 12 خەڵاتی گرامی لاتینی بەدەستهێناوە. وەک یەکێک لە باڵیۆزەکانی میوزیکی لاتینی لە جیهاندا ناسراوە.
وەک ئەکتەر لە فیلمەکانی وەک (Bullet Train)، (Caught Stealing) و (Happy Gilmore 2) رۆڵی بینیوە، هاوکاریی لەگەڵ گەورەترین کۆمپانیاکانی جلوبەرگ کردووە.
یاریی سوپەر بۆڵ بەوە ناسراوە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییەکە، نرخی بلیتەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە، چەند مانگێک بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، نرخی بلیتەکانی لە 50 بۆ 100 دۆلار دەفرۆشرێن، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییەکە، نرخی بلیتەکانی بە هەشت هەزار و 600 دۆلار بۆ نۆ هەزار و 300 دۆلار دەفرۆشرێن، تەنانەت نرخی گەیشتووەتە 12 هەزار دۆلاریش، بێگومان ئەو جۆرە بلیتانە تایبەتمەندی زیاتری لە بلیتی ئاسایی هەیە، بەڵام گرانترین بلیتی ئەمساڵ بە بڕی 40 هەزار دۆلار فرۆشراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ