(Zootopia 2) لە دوو رۆژدا 133 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا

29-11-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن Zootopia 2
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشی دووەمی فیلمی ئەنیمەیشنی (Zootopia)، دەستپێکێکی بەهێزی لە سینەماکاندا تۆمارکرد و توانی لە دوو رۆژدا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار بکات.
 
(Zootopia 2) تەنیا رۆژی پێنجشەممە کە (جەژنی سوپاسگوزاری) بوو، بڕی 19.7 ملیۆن دۆلاری لە سینەماکانی ئەمەریکا کۆکردەوە، بەمەش بووە دووەم باشترین داهاتی فیلم لەو جەژنەدا؛ لەدوای فیلمی (Moana 2).
 
دوای ئەوەی لە یەکەم رۆژی نمایشکردنیدا 39.5 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا، ئێستا پێشبینی دەکرێت لە پێنج رۆژی یەکەمی نمایشکردنیدا داهاتەکەی بگاتە نێوان 140 بۆ 150 ملیۆن دۆلار، کە دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ هۆڵەکانی سینەما دوای ماوەیەک لە دابەزینی داهات.
 
تەنیا لە دوو رۆژدا، داهاتی جیهانیی فیلمەکە گەیشتووەتە 133.2 ملیۆن دۆلار؛ لەو بڕە 59.2 ملیۆن دۆلاری لە ناوخۆی ئەمەریکا و 74 ملیۆن دۆلاری لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بووە.
 
لە چین، فیلمەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە و لە دوو رۆژدا 54 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە، ئەمەش باشترین دەستپێکی فیلمێکی ئەنیمەیشنە لەو وڵاتە و باشترین دەستپێکی هەر فیلمێکی هۆڵیوودە لەوەتەی مانگی ئایاری 2021ـەوە.
 
فیلمەکە جارێکی دیکە هەردوو کارەکتەری سەرەکی، کەروێشک جودی هۆپس و رێوی نیک وایڵد کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی نوێی پۆلیسی. رەخنەگران و بینەران پێشوازییەکی گەرمیان لە فیلمەکە کردووە و لە ماڵپەڕی (Rotten Tomatoes) رێژەی 95%ـی بەدەستهێناوە.
 

فیلمی (Wicked: For Good) بەردەوامە لە شکاندنی ریکۆردەکان و تەنیا لە ماوەی حەوت رۆژدا داهاتەکەی لە ئەمەریکا 200 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند.
 
فیلمەکە کە باس لە جادووگەرانی ئۆز دەکات، رۆژی پێنجشەممە 12.6 ملیۆن دۆلاری دیکەی کۆکردەوە و پێشبینی دەکرێت کۆی داهاتی پێنج رۆژی پشووەکان بگەیێنێتە 91 ملیۆن دۆلار. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی رۆژی یەکشەممە؛ کۆی داهاتی ناوخۆیی بگاتە 268.5 ملیۆن دۆلار.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە