رووداو دیجیتاڵ
رەوشان چەلکەر، هونەرمەندی باکووری کوردستان، بڕیارە کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی لە ئیستەنبووڵی تورکیا ساز بکات، ئەمەش لە دوای ئەوەی لە 2022 زنجیرە کۆنسێرتێکی سازکرد.
رەوشان چەلکەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 18 کانوونی دووەمی 2023 کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی لە ئیستەنبووڵ ساز دەکات و گوڵبژێرێک لە گۆرانییەکانی خۆی لەبارەی ئەوین، مرۆڤایەتی و کۆچبەری پێشکێش دەکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەر لە کۆنسێرتەکەدا چەند بەرهەمێکی فۆلکلۆری کوردی پێشکێش دەکات کە زیاتر بۆ ناساندنیانە بە نەوەی نوێ، جگە لە چەند گۆرانییەکی کلاسیکی کوردی کە پێگەیەکی پیرۆزی لەلای خەڵک هەیە.
چەلکەر، ئەمساڵ لە ئیزمیری باکووری کوردستان کۆنسێرتێکی سازکرد و ڤیدیۆی گۆرانییەکانی نێو کۆنسێرتەکەی بە تراک لە کەناڵی تایبەتیی خۆی لە یوتیوب بڵاوکردەوە.
یەکێک لە گۆرانییەکەکان کۆنسێرتەکە بەناوی 'کەچێ جانێ'یە کە یەکێک لە بەرهەمەکانی هونەرمەند محەممەد تەها ئاکرەییە و بە میوزیکێکی نوێ و بە بەشداری گرووپێکی دەفژەنییەوە ئامادەکراوە و گوتراوەتەوە.
ڤیدیۆیەکی دیکەی کۆنسێرتەکە کە رەوشان چەلکەر بڵاویکردووەتەوە، گۆرانی 'یار بێزارێ'یە کە یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومی 'تۆڤ'ـی ئەو هونەرمەندەیە و لە 2022 بڵاوکراوەتەوە.
دوایین ڤیدیۆکلیپی ئەو هونەرمەندە کوردە، بەناوی 'دلۆ مالا من دلۆ' بوو کە بەرهەمێکی فۆلکلۆرە و هاکان گوربوز کاری میوزیکی بۆ کردووە و ئەرڤان ئەرکمان کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە.
رەوشان چەلکەر، لە ناوچەی تەتوانی بێدلیسی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە دوای تەواوکردنی خوێندنی لە بواری دەروونناسیدا، لە بواری نواندن و ئامێری ڤایۆلین خوێندوویەتی، دوو ئەلبوومی گۆرانیی بەناوەکانی 'ئاخ لێ وەسێ' و 'تۆڤ' هەیە، جگە لە چەندین گۆرانی تاک و ڤیدیۆکلیپ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ