رووداو دیجیتاڵ
'ئاخێک بۆ نیشتمان' بەرهەمێکی نوێی لاوک و حەیرانە و هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدارن و بۆ یەکەمجار لەرێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاودەکرێتەوە.
ئەم بەرهەمە لە تێکستی کاروان حەمید حەلاقە و تێکهەڵکێشێکە لەگەڵ شیعرێکی وەفایی، شاعیری کورد ئەمڕۆ یەکەشەممە 30-1-2022 لە رووداو بڵاوکرایەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە لە یوتیوب بڵاوبکرێتەوە.
کاروان حەمید حەلاق میوزیکژن و گۆرانیبێژی کورد، پێشتر بە رووداوی راگەیاند، ئەو لە باشووری کوردستانەوە بە ژەنینی میوزیک و گوتنی حەیران و لاوک، لەگەڵ هونەرمەندانی باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان بەشداربووە و کاریان بۆ بەرهەمێکی میوزیکی بەناوی 'ئاخێک بۆ نیشتمان' کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەرهەمەکە لە ستۆدیۆ تۆمارکراوە و بافڵ سەرهەنگ کاری وێنەگرتن و دەرهێنان بۆ ڤیدیۆکلیپەکەی بۆ کردووە. گوتیشی "لە گەڵ چوار ژەنیاری بە توانا کارمان بۆ سارێژکردنی ئازارەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کردووە".
کاروان حەمید روونیشیکردەوە "هەموو تاکێکی کورد لە گەڵ بوونی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤی ئاسایی، ئەندامێکی زیادەی هەیە، ئەویش ئێش و ئازاری کوردبوونە کە لە ناخی هەمو کوردێکی بە ئەمەک، بێ وەستان گەشە دەکات".
ئەو هونەرمەندە کوردە کە خەڵکی باشووری کوردستانە و دانیشتووی هۆڵەندایە، ئەوەشی خستەڕوو "بوونی هەر پەیوەندییەک لەگەڵ غەیرە کورد لە تاراوگە، کێشەمان بۆ دروست دەکات، ئینجا پەیوەندی کار بێت یاخود پەیوەندی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، یان هەر پەیوەندییەکی دیکە بە هۆی لێکتێنەگەیشتن و تێنەگەیشتن لە ناخی هەر تاکێکی کورد".
وەک زۆربەی پرۆژە هونەرییەکانی دیکە، ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمەش هەبووە و بەهۆی کێشەی گەشتکردن، بەرهەمەکە لە چوار ستۆدیۆی جیاواز تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ