رووداو دیجیتاڵ
فیلمی 'بێ نیشتمان' لە نووسین و دەرهێنانی تورەج ئەسڵانی دەرهێنەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوای ئەوەی پێشاندانی لە سینەماکانی باشووری کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵوەشایەوە، بڕیارە لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان لە سینەماکانی باشووری کوردستان پێشانبدرێت.
تورەج ئەسڵانی بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە لە لە رۆژانی جەژندا فیلمی سینەمایی 'بێ نیشتمان' لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک پێشاندرێت.
رووداوەکانی 'بێ نیشتمان' لە چیرۆکێکی راستەقینە وەرگیراوە، باس لە ژیانی دوو هاوژینی هونەرمەند دەکات کە بەهۆی بارودۆخی خراپی کوردستان، کۆچ دەکەن و دەچنە ئەورووپا.
تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی نمایشی فیلمەکەیە و بڕیاربوو لە جەژنی قوربانی ساڵی رابردوو لە سینەماکانی باشووری کوردستان پێشانبدرێت، بەڵام رۆژێک بەر لە پێشاندانی، بەهۆی کۆرۆنا، هۆڵە سینەماییەکان داخران.
فیلمی 'بێ نیشتمان' ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشی بۆ هۆگرانی سینەما هەیە، ئەو پرسیارانەی لەبارەی ناوی فیلمەکە بۆ بینەر دروست دەبێت، لەنێو چیرۆکی فیلمەکەدا وەڵامەکانی دەست دەکەون. له رێگه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌وه كۆمه‌ڵێك كۆنسێپتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر بارودۆخی ئێستای ناوچەکە له دوای شه‌ڕی داعشه‌وه پێشاندەدرێت.
'بێ نیشتمان' چیرۆكی ژنێكی گۆرانیبێژ له‌گه‌ڵ هاوژینە شانۆكاره‌کەی دەگێڕێتەوە، هه‌ردووكیان له مشتومڕی ئه‌وه‌دان كوردستان جێبهێڵن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ورده ورده بارودۆخی ناوچه‌كه له دوای هاتنی داعش نائارامی زۆری تێدا دروست ده‌بێت.
بڕیاری ئەو دوو هاوژینە بۆ جێهێشتنی كوردستان، هۆکارەکەی ئەوەیە کە خه‌ریكه منداڵیان ده‌بێت و پاڵه‌وانی فیلمه‌كه‌ش كه گۆرانیبێژه و دووگیانە، ده‌یه‌وێت منداڵه‌كه‌ی له شوێنێكی ئارام لە دایک ببێت و گەورەی بکات.
تەقینەوەیەک لە نێو كۆنسێرتێكی ئه‌و گۆرانیبێژە وادەکات بڕیاری جێهێشتنی نیشتمان پێش بخەن و روو لە ئەوروپا بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش رێگەی قاچاخ هەڵدەبژێرن، لێرەدا فیلمەکە دەچێتە نێو پرسێکی نەتەوەییەوە، ئەویش بەیەک گەیشتنی کارەکتەری هەرچوار پارچەی کوردستانە کە هەریەکەیان بەهۆکارێک روو لە دەرەوەی وڵات دەکات.
ئەو دوو هاوژینە لە رێگەی تەنکەرێکی نەوتەوە هەوڵدەدەن بچنە دەرەوەی وڵات، بەڵام لە دایکبوونی منداڵەکەیان پلانی چوونیان بۆ هەندەران تێکدەدات، هەر ئەو منداڵەی هۆکاری سەرەکی چوونیان بوو بۆ دەرەوەی وڵات، له كۆتاییدا خه‌ونی ئه‌م ژن و مێرده هونه‌رمه‌نده نایه‌ته دی بەهۆی ئەوەی منداڵه‌كه‌یان له‌نێو ته‌نكه‌رێكی نه‌وتدا له‌دایك ده‌بێت.
له رێگه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌وه كۆمه‌ڵێك كۆنسێپتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر بارودۆخی ئێستای ناوچەکە له دوای شه‌ڕی داعشه‌وه پێشاندەدرێت.
توورەج ئەسڵانی نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە، دەڵێت، پەیامی فیلمەکە ئەوەیە مرۆڤ نیشتمانی جێنەهیڵێت، هەرچەند لە دۆخێکی ناخۆشدا بێت. لە یەکێک لە دیمەنەکانی فیلمەکەشدا، شوان عەتوف دەڵێت، "ئەو مرۆڤەی زمانی دایکی نەزانێت، رەگی نییە."
لەم بەرهەمەدا هانی موجته‌هیدی، جاهیت شاهین یاڵچن، شوان عه‌توف، بولێنت كێسه‌ر، رێكه‌ش شاباز، بەڕۆژ ئاكره‌یی، به‌نگین عه‌لی، نارین محەممەدی، فرمێسك ره‌حیمزاده و هه‌كار عه‌بدولقادر محەممەد بەشدارن.
هانی موجتەهیدی هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەرچەند بۆ یەکەمجارە لە فیلمێکی سینەماییدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، بەڵام حەز و خولیای نواندنی ئەو بۆ نواندن بۆ قۆناخی منداڵی دەگەڕێتەوە، ئەوکات لەسەر تەختی شانۆ رۆڵی گێڕاوە.
هانی، له سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له دایكبووه، له 2000 ده‌ستی به گۆرانیگوتن كردووه، لە 2004ـەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێبووە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی لە 2009 بەناوی 'ساندرێلا' بڵاوکردەوە، دووەمی ئەلبوومی بەناوی 'دایک'ـە کە لە 2010 بڵاوکرایەوە.
تورەج ئەسڵانی، لە 1973 لە کرماشان لەدایکبووە، دەرچووی بەشی دەرهێنانی زانکۆی سووری تارانە، لە تەمەنی 14 ساڵیدا یەکەمین ئەزموونی سینەمایی دەستپێکردووە، لە تەمەنی 25 ساڵیدا دەستی بە کارە پرۆفێشناڵەکانی کردووە.
ئەسڵانی، دەرهێنەری زیاتر لە 100 بەڵگەفیلم، کورتە فیلم و فیلمی بڵندە، ساڵی 2020 نازناوی گەنجترین وێنەگری پرۆفێشناڵی سینەمای ئێرانی بەدەستهێنا، هەروەها بووە براوەی خەڵاتی باشترین وێنەگر لە فیلمی وەرزی کەرکەدەنی بەهمەنی قوبادی دا، دەرهێنەری زیاتر لە 50 فیلمی کوردستانی، ئێرانی و تورکییە.
وەک بەڕێوەبەری وێنەگرتن، ساڵانێکە بەشداری فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات و بووەتە براوەی چەندین خەڵات، فیلمی 'بارهه‌ڵگری زێڕ' لە پێشبڕكێی سه‌ره‌كیی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی بووسان له كۆریای باشوور نمایشكرا و بەربژێری خه‌ڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵەکە بوو، هەروەها لە فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی دهۆک نمایشكرا و ئەسڵانی خه‌ڵاتی 'به‌هره‌مه‌ندی نوێی به‌ده‌ستهێنا' و لەلایه‌ن لیژنه‌ی دادوه‌رانه‌وه خه‌ڵاتی 'گه‌ڵای مێو' پێبه‌خشرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ