'هیچ' چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی هەڵەبجە بۆ بینەر دەگێڕێتەوە

30-05-2025
پەسار فایەق
پۆستەری فیلمی "هیچ"
پۆستەری فیلمی "هیچ"
نیشانەکردن هیچ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە سینەمای کوردیدا، لە رێگەی چەندین فیلمی بڵند، کورتەفیلم و بەڵگەفیلم کار لەسەر چیرۆکەکانی هەڵەبجە کراوە، دیاکۆ بایز، دەرهێنەری سینەمایی و ئاسۆ بایز، نووسەر و سیناریۆنووس چیرۆکێکی جیاواز لە هەڵەبجەوە دەبەنە سینەما و دەیخەنە بەردەم بینەرانی فیلم.
 
فیلمەکە لە ژانری نهێنی و چێژبەخشە، ماوەکەی یەک کاژێر و 47 خولەکە، بەرهەمی کەڤاڵ پڕۆدەکشەنە و شەیما فاتیح بەرهەمهێنەریەتی. تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی پێشاندانی فیلمەکەیە.
 
پێشاندانی فیلمی "هیچ" لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان (6ـی حوزەیرانی 2025) لە سینەما ئێمپایەری هەولێر، ستی سینەمای سلێمانی، سینەما ماکسی دهۆک مۆڵ، هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی کەرکووک و سینەمای شین لە سۆران دەستپێدەکات و رۆژانی دواتریش بەردەوام دەبێت.
 
جیاوازی چیرۆکی فیلمەکە لەوەدایە، 11 کارەکتەری سەرەکی هەیە و لەلایەن ژمارەیەک ئەکتەری دیارەوە رۆڵیان بەرجەستکراوە، دیارترینیان محەممەد شێروانی، سەحەر دەروێش، ژیان ئیبراهیم خەیات و رزگار باهیر. هەروەها چەند ئەکتەرێکی دیکە رۆڵی تێدا دەگێڕن، ئەویش چنوور عەباس کەمەندی، کابان حەمید، شەونم محەممەد، شانیا کەیوان، زانست بەرزنجی، ئاری کەدی، ئاکۆ شەریف، وشیار بابە، یاسین عومەر و سیما سەروەر.
 
هونەرمەند ئازاد جەلال دوای 16 ساڵ دابڕان لە سینەما، بۆ یەکەمجار لە رێگەی فیلمی "هیچ" دەردەکەوێتەوە و رۆڵی پۆلیسێکی خانەنشین دەگێڕێت.
 
"هیچ" باس لە بەسەرهاتی کۆڕێکی هەژار دەکات بە ناوی هەردی کە شوفێری تەکسییە، هەردی بە رێکەوت لەگەڵ ژنێک بەناوی بەهار ئاشنا دەبێ و بەهۆی ئاشنایەتییەکەوە تێدەگات کە هاوژینی بەهار پێویستی بە گورچیلەیە و نەخۆشە، هەردی  ئامادەیی دەردەبڕێ گورچیلەی خۆی بداتە هاوژینی بەهار، دوای نەشتەرگەری و بەخشینی گورچیلەیەکی چیرۆکێکی نەبیستراو ئاشکرا دەبێت.
 
دیاکۆ بایز جگە لەوەی دەرهێنانی بۆ فیلمەکە، وێنەگر و مۆنتێری کارەکەیە. شانیا کەیوان کاری کاستینگ، ئیدریس عەبدی ریکۆردی دەنگ و ئارام مەسعود کاری رووناکی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە