رووداو دیجیتاڵ
"هیچ" فیلمێکی نوێی کوردییە و لەلایەن کەرتی تایبەت بەرهەمهێنراوە و بڕیارە لە سینەماکانی باشووری کوردستان پێشانبدرێت. ئەم بەرهەمە نهێنییەکی گەورە و تاڵ لە پاڵ چیرۆکەکانی دیکەی هەڵەبجە دەخاتەڕوو.
فیلمەکە لە ژانری نهێنی و چێژبەخشە، ماوەکەی یەک کاژێر و 47 خولەکە، بەرهەمی کەڤاڵ پڕۆدەکشەنە و شەیما فاتیح بەرهەمهێنەریەتی. تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی پێشاندانی فیلمەکەیە.
هونەرمەند ئازاد جەلال دوای 16 ساڵ دابڕان لە سینەما، بۆ یەکەمجار لە رێگەی فیلمی "هیچ" دەردەکەوێتەوە و رۆڵی پۆلیسێکی خانەنشین دەگێڕێت.
ئازاد جەلال بە رووداوی راگەیان: "سەرەتا لەم ئیشە دەترسام، نەمدەزانی چۆن ئیش دەکرێت؟ کێ دەیکات؟ چۆن دەڕوات بەڕێوە؟ ئەمانە هەمووی کاریگەری لەسەر من هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی هاتمە نێو ئیشەکەوە و دەرهێنەرەکەم بینی، وای لێکردم بچمە پێشەوە".
جیاوازی چیرۆکی فیلمەکە لەوەدایە، 11 کارەکتەری سەرەکی هەیە و لەلایەن ژمارەیەک ئەکتەری دیارەوە رۆڵیان بەرجەستکراوە، لەوانەش محەممەد شێروانی، سەحەر دەروێش، ژیان ئیبراهیم خەیات و رزگار باهیر، بەشێکیشیان رۆڵی لاوەکیان گێڕاوە.
شانیا کەیوان، ئەکتەرە لە فیلمەکەدا و بە رووداوی راگەیاند، لە دەستپێکی ئیشەکە رۆڵی ئەوی تێدا نەبووە، دواتر تێستێکیان کردووە کە رۆڵی کەسێکی ئیفلیج بگێڕێت. گوتیشی، ترسی لەو رۆڵە هەبووە، چونکە پێشتر رۆڵی لەو شێوەیەی نەگێڕاوە.
دیاکۆ بایز جگە لەوەی دەرهێنانی فیلمەکە، وێنەگر و مۆنتێری کارەکەیە. ئیدریس عەبدی ریکۆردی دەنگ و ئارام مەسعود کاری رووناکی کردووە. زانا عەبدوڵڵاهی میوزیک بۆ فیلمەکە داناوە.
دیاکۆ بایز، دەرهێنەری فیلمی 'هیچ' بە رووداوی راگەیاند، ئەکتەرەکان بەپێی سیناریۆی فیلمەکە هەڵبژێردراون، لە رێگەی مەیکئەپەوە ئەکتەرەکان بۆ گێڕانی رۆڵی کارەکتەرەکان گونجاندووە، کەسانێک بەشداربوونە کە پێشتر نەچوونەتە بەردەم کامێرا.
پێشاندانی فیلمی "هیچ" لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە سینەما ئێمپایەری هەولێر، ستی سینەمای سلێمانی، سینەما ماکسی دهۆک مۆڵ، هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی کەرکووک و سینەمای شین لە سۆران دەستپێدەکات و رۆژانی دواتریش بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ