لوتفی لەبیب ئەکتەری میسری کۆچی دواییکرد

30-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن لوتفی لەبیب
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەشرەف زەکی، سەرۆکی سەندیکای پیشەی نواندن لە میسر، ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆچی دوایی لوتفی لەبیب، ئەکتەری ناسراوی میسری؛ لە تەمەنی 77 ساڵیدا راگەیاند.
 
لەبیب دوای ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشی و مانەوەی لە چاودێریی چڕدا گیانی لەدەستدا. هونەرمەندی کۆچکردوو لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی تەندروستییەوە تووشی دۆخێکی سەخت بووبوو و بەهۆی ئاڵۆزییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و هەوکردنی تووندی سییەکانییەوە، گواسترابووەوە بۆ چاودێریی چڕ.
 
ئەشرەف زەکی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام، وێنەی هونەرمەندەکەی بڵاوکردەوە.
 
لوتفی لەبیب، لە 18ـی ئابی 1947 لە پارێزگەی بەنی سوێف لەدایکبووە، یەکێکە لە دیارترین سیماکانی بواری نواندنی کۆمێدیاییە لە میسر و شوێنپەنجەی خۆی لە دەیان کاری هونەریدا لە شانۆ، سینەما و تەلەڤیزیۆن جێهێشتووە.
 
لە کۆلێژی ئاداب بەشی فەلسەفە و دواتریش پەیمانگەی باڵای هونەرە شانۆییەکانی تەواو کردووە، بەڵام دەستپێکردنی کاری هونەری بۆ ماوەی 10 ساڵ دواکەوت بەهۆی ئەنجامدانی خزمەتی سەربازییەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ، دواتریش چوار ساڵ ژیانی لە دەرەوەی وڵات.
 
لە سەرەتای هەشتاکاندا گەڕایەوە میسر و لە 1981ـەوە دەستی بە کاری هونەری کرد، هەرچەندە زۆربەی رۆڵەکانی لاوەکی بوون، بەڵام بەهۆی توانای نواندنی بەرز و شێوازی هێمن و سروشتییەوە، بووە یەکێک لە ناوە دیارەکان.
 
سەرەڕای ئەوەی پێنج ساڵ لەمەوبەر تووشی جەڵتەی مێشک بوو کە کاریگەری لەسەر جووڵەی کردبوو، بەڵام وەک میوان لە چەند کارێکدا دەرکەوتووە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە