رووداو دیجیتاڵ
سیلڤیا ڤێنتورینی فێندی، یەکێک لە دیارترین دیزاینەر و میراتگرانی خانەی فاشنی فێندی، بڕیاری واز لە رۆڵی داهێنەرانەی لە براندەکە بهێنێت و پۆستی سەرۆکی شانازیی وەردەگرێت، ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە قۆناغێکدا کە فێندی یادی سەت ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە.
ڤێنتورینی فێندی لە دوای رۆیشتنی کیم جۆنز لە تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆکایەتی هەردوو بەشی پیاوان و ژنان، لەگەڵ بەشی ئیکسسواراتەکانی فێندی دا دەکرد. لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، رۆڵێکی کارای لە بەردەوامیدان بە میراتی دەوڵەمەندی فێندی و بەخشینی شێوازێکی نوێ و هاوچەرخ بە دیزاینەکان بینی.
رۆژی دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، سیلڤیا ڤێنتورینی فێندی سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئەو گەشتە هونەرییە دەربڕی کە لەگەڵ فێندی دا ئەنجامی داوە، بەتایبەتی ئاماژەی بە هاوکارییەکانی لەگەڵ دیزاینەرە ناودارەکان کارل لاگەرفێڵد و کیم جۆنز کرد.
دوایین کاری داهێنەرانەی ئەو دیزاینەرە، کۆمەڵە دیزاینەکانی بەهار-هاوینی 2026 بوو کە لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی میلانۆ نمایشکرا.
لەم پۆستە نوێیەدا وەک سەرۆکی شانازی، فێندی زیاتر سەرنج دەخاتە سەر پشتیوانیکردن لە میرات و پیشەسازی دەستی ناوازەی براندەکە، ئەمەش دڵنیایی دەدات کە بەها و فەلسەفەی سەرەکی براندەکە کە لە ساڵی 1925 لە رۆما لەلایەن ئادێل و ئێدواردۆ فێندییەوە دامەزرا، بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
فێندی لە بنەڕەتدا وەک فرۆشگەیەکی بچووکی فەروو و بەرهەمە چەرمی دەستیپێکرد. بە تێپەڕبوونی کات و بەتایبەتی لەژێر کاریگەرییەکانی نەوەی دووەمی بنەماڵەکە، براندەکە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ