پەرلەمانتارێکی ئیتاڵیا: لارا دزەیی جیهانێکی ئەفسووناوی و بەهێزی کولتووری کوردی نمایشکرد

30-09-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
مۆنیکا کیبۆرۆ، جێگری سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی ئیتاڵیا
مۆنیکا کیبۆرۆ، جێگری سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی ئیتاڵیا
نیشانەکردن مۆنیکا کیبۆرۆ لارا دزەیی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە میانەی رووماڵی تایبەتی رووداو بۆ بەشداریی لارا دزەیی، دیزاینەری کورد، لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلانۆ، مۆنیکا کیبۆرۆ، جێگری سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی ئیتاڵیا، ستایشی کولتوور و دابوونەریتی کوردی کرد و بە "جیهانێکی ئەفسووناوی و بەهێزی کولتووری" ناساندی. ناوبراو جەختی لە گرنگیی دیپلۆماسیی کولتووری بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ناساندنی کورد بە جیهان کردەوە.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو دا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی بۆ کۆمەڵي دیزاینی لارا دزەیی و ئەزموونی لەگەڵ کولتووری کوردی دا، مۆنیکا کیبۆرۆ رایگەیاند، ئەمە یەکەم ئەزموونی نییە و "پێشتر نوێنەری باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێزان قادر، وای لێکردبووم هەست بە دابوونەریت و کولتوورەکەیان بکەم و بیانبینم، لەگەڵ کولتووری رێزگرتنیشدا". ئەو تیشکی خستە سەر ئاوێتەبوونی کولتوور و رێزگرتن و گوتی: "لەو بڕوایەدام ئەم ئاوێتەبوونە دەتوانێت شتی زۆر نایاب و سەرسوڕهێنەری لێبکەوێتەوە، وەک ئەوەی ئەمشەو بینیمان". 
 
کیبۆرۆ نمایشی دزەیی بە "چوونە ناو جیهانێکی ئەفسووناوی و سەرنجڕاکێش" ناساند کە وایکرد هەست بە "کولتوورە بەهێز و بەئەزموونەکەی گەلێک و کۆمەڵگەیەک" بکرێت، ئەمەش بە گرنگ زانی بۆ دانپێدانان بە هێزی گەلێک لە رێگەی مێژووەکەیەوە.
 
سەبارەت بە رۆڵی دیزاینەکانی لارا دزەیی لە پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، جێگری سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی ئیتاڵیا، جەختی کردەوە: "لارا کارێکی ناوازەی کردووە بۆ ناساندنی گەلێک و کولتوورەکەیان لە رێگەی جوانییەوە". ئاماژەی بەوەشدا، داهێنەریی کارەکەی دزەیی هەستی پێدەکرێت و ئەو "ژیانێکی پڕ لە هونەری بەسەربردووە". هەروەها باسی لە کاریگەریی باوکی، هونەرمەند هۆمەر دزەیی کرد، کە گۆرانییەکانی وەک ساوند تراک لە نمایشەکەدا بەکارهاتبوون و گوتی: "پێموایە ئەو ئاواز و کولتوور و داهێنان و جیهانە هونەرییە، ئەو هەر لە منداڵییەوە تێیدا ژیاوە". کیبۆرۆ ئەم هەنگاوەی بە "رێگەی دروست" زانی بۆ یەکدیناسین و ئاڵوگۆڕکردنی کولتوورە جیاوازەکان لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە.
 
لەبارەی بەردەوامبوونی ئیتاڵیا لە پشتیوانییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دژی داعش و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، مۆنیکا کیبۆرۆ رایگەیاند: "پێموایە حکومەتی ئیتاڵیا چەندین جار ئەمەی سەلماندووە، چ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانمان جۆرجیا مێلۆنی و چ لەگەڵ وەزیری بەرگری کرۆسێتۆ". دووپاتیشی کردەوە، ئیتاڵیا نزیکایەتیی خۆی نیشانداوە، "تەنانەت لە بارودۆخە سەختەکاندا، بۆ شەڕکردن لە دژی دوژمنێکی هاوبەش کە ئازادی و دیموکراسیی هەموو گەلان دەخاتە مەترسییەوە".
 
سەبارەت بە رۆڵی کولتوور لە پشتیوانیکردنی کورد بۆ ناساندنی زیاتریان بە جیهان، کیبۆرۆ ئاماژەی بەوەدا، کورد "گەلێکن رێزیان بۆ کولتوور، داب و نەریت و رەگ و ریشەی قووڵ هەیە، بەڵام دەزانن چۆن ئەو کێشانە تێپەڕێنن کە دواتر دەبنە هۆی ململانێ". ئەو جەختی لەسەر بەکارهێنانی "دیپلۆماسییەت" وەک "ئامرازێکی زۆر بەهێز و لە هەمانکاتدا پێشکەوتوو" کردەوە بۆ ئەم مەبەستە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیۆ پێری، ئەکتەری ئەمریکی - کەنەدی

پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.