رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی میوزیکەوە، کۆنسێرتێکی میوزیک و گۆرانی ساز دەکرێت، تێیدا بەرهەمی ژمارەیەک لە هونەرمەندانی دیاری کوردستان پێشکێش دەکرێنەوە.
کۆنسێرتەکە کاژێر 05:00ـی ئێوارەی چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر، لەلایەن بەشی هونەرەکانی میوزیکی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێری سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەریمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر سازدەکرێت.
سەرمەند فوئاد، بەڕێوەبەری بەشی میوزیکی هەولێر و سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆنسێرتەکە بە درووشمی (لە رۆژی جیهانی میوزیکدا یادی بەشێک لە شانازییە میوزیکییەکانی هەولێر دەکەینەوە) سازدەکرێت و هاتن بۆ هەمووانە".
سەبارەت بە بەرهەمەکان، سەرمەند فوئاد گوتی، بەرهەمی ژمارەیەک لە هونەرمەندانی دیاری کوردستان پێشکێش دەکرێنەوە، بەشێکیان لەلایەن خۆیەوە دابەشکردنی میوزیکیان بۆ کراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆنسێرتەکەدا سوپرایزێکیان بۆ هۆگرانی هونەری میوزیک و گۆرانی دەبێت، ئەویش دەرکەوتنی ژمارەیەک گۆرانیبێژی گەنجە کە بۆ یەکەمجار لەسەر شانۆ گۆرانی دەڵێن. گوتیشی، کۆنسێرتەکە بە بەشداری 50 هونەرمەند و ئەندامی بەڕێوەدەچێت.
1ـی تشرینی یەکەم؛ وەک رۆژی جیهانیی میوزیک ناسێندراوە، بۆ رێزگرتن لە هێزی جیهانیی میوزیک و میوزیکژەنان. ئەو رۆژە لە 1975ـەوە لەلایەن ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی میوزیک سەر بە رێکخراوی یونسکۆ دیاریکراوە.
ئەو رۆژە جەخت لەسەر توانای میوزیک دەکاتەوە لە تێپەڕاندنی سنوورە کولتوورییەکان، پتەوکردنی ئاشتی، و ئاهەنگگێڕان بە فرەڕەنگیی دەربڕینی میوزیکی لە رێگەی کۆنسێرت و نمایش و چالاکیی دیکەوە لە سەرانسەری جیهاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ