مۆنیکا بێلۆچی ئەکتەرە وروژێنەرەکەی جیهان بووە 61 ساڵ

30-09-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن مۆنیکا بێلۆچی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مۆنیکا بێلۆچی، ئەکتەری ئیتاڵی و جیهانی، ئەمڕۆ رۆژی لەدایکبوونیەتی و تەمەنی دەبێتە 61 ساڵ، هەرچەند وەک یەکێک لە وروژێنەرترین ئەستێرەکانی جیهان دەناسرێت، ئەمەش هەفتەیەک دوای جیابوونەوەیەتی لە تێم بێرتن، دەرهێنەری ئەمریکیی.
 
ئەو دوو خۆشەویستە پێشتر لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا کە بۆ ئاژانسی فرانس پرێس نێردرابوو جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند، جەختیان لەوە کردبووەوە کە بڕیارەکە "بە رێز و تێگەیشتنی قووڵی دوولایەنە" بووە.
 
پەیوەندیی خۆشەویستیی نێوان بێرتن و بێلوچی لە 2023ـدا پشتڕاستکرایەوە. دوای ماوەیەکی کەم، بێلوچی لە بەشی دووەمی فیلمی کلاسیکی "Beetlejuice" دەرکەوت کە فیلمێکی ترسناک-کۆمیدییە و لە دەرهێنانی تێم بێرتن بوو. لە فیلمەکەدا، ئەکتەرە ئیتاڵییەکە رۆڵی کەسێکی خراپەکاری بە ناوی دۆلۆریس دەگێڕێت کە دەیەوێت تۆڵە لە هاوژینە پێشووەکەی بکاتەوە.
 
ئەمە یەکەم جیابوونەوەی بێلوچی نییە، پێشتر بۆ ماوەی 14 ساڵ هاوژینی ئەکتەری فەرەنسی ڤینسێنت کاسڵ بووە، لە 2013 بە فەرمی جیابوونەتەوە و دوو منداڵیان هەیە. هەروەها تێم بێرتن پێشتر پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ هێلێنا بۆنهام کارتەر، ئەکتەری بەریتانی هەبووە و دوو منداڵیشیان پێکەوە هەیە.
 

لەلایەکی دیکەوە، مۆنیکا بێلوچی، ئەستێرەی سینەمای ئیتاڵیا و جیهان، لە فیلمێکی نوێی سینەماییەدا کە لە ریازی سعودیە وێنەگیراوە، رۆڵی سەرکردەیەکی مافیا دەگێڕێت و لە فەرەنساش سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلمێکی دیکەیە.
 
بێلۆچی سەرەڕای ئەوەی بووەتە 61 ساڵ، ماوەی 36 ساڵە لە بواری نواندندا کار دەکات، بەڵام هێشتا داواکاری زۆری لەسەرە لەلایەن دەرهێنەرانی فەرەنسا و ئیتاڵیاوە بۆ رۆڵی ژنی سەرنجڕاکێش و وروژێنەر، هەروەها بۆ فیلمە بودجە زەبەلاحەکانی هۆڵیوودیش.
 
مۆنیکا بێلوچی، لە 30ـی ئەیلوولی 1964 لەدایکبووە، لە جیهانی نمایشکردنی جلوبەرگەوە هەنگاوی ناوەتە نێو دنیای سینەما و ناوبانگێکی جیهانی هەیە. بەهۆی جوانییە سەرنجڕاکێشەکەی و توانای نواندنی لە چەندین فیلمی ئیتاڵی، ئەمریکی و فەرەنسیدا رۆڵی گێڕاوە و براوەی چەندین خەڵاتە. لە 2018 ناوی لە لیستی 100 سەرکەوتووترین ژنی ئیتاڵیادا لە لیستی ساڵانەی گۆڤاری "فۆربس"ـدا هات.
 

بێلوچی سەرەتای کاری وەک مۆدێل دەستپێکرد و بووە سیمای دیاری براندی بەناوبانگی دۆلچێ و گابانا، یەکەم دەرکەوتنی لە بواری نواندندا لە 1991 بوو لە کورتە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیی ئیتاڵیدا بە ناوی (Life With The Kids). دواتر لە 1992 بە رۆڵێکی بچووک لە فیلمی ترسناکی (Bram Stoker's Dracula)ـدا دەرکەوت.
 

دوای بەشداریکردنی لە چەند بەرهەمێکی ئیتاڵیدا، لە 1996 وەرچەرخانی گەورە لە ژیانی هونەرییدا بەهۆی فیلمی (The Apartment)ـەوە روویدا، بەهۆیەوە بۆ خەڵاتی سیزاری فەرەنسی بەربژێرکرا. دواتر سەرنجی بینەرانی ئەمریکی بە فیلمی (Under Suspicion) لە 2000 راکێشا و ناوبانگی جیهانیی زیاتری بەهۆی رۆڵی سەرەکی لە فیلمی (Malèna) لە هەمان ساڵدا بەدەستهێنا.
 

لە تەمەنی 50 ساڵیدا، لە بەشی نوێی زنجیرە فیلمی جەیمس بەناوی (Spectre) گێڕا و بووە بەتەمەنترین (کچی بۆند) لە مێژووی زنجیرە فیلمەکەدا. 
 

مۆنیکا بێلوچی، لە فیلمی (وەرزی کەرکەدەن) لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری کورد رۆڵی گێڕاوە، یەکەم پێشاندانی لە 37ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی تۆرۆنتۆ بوو لە کەنەدا کە بە یەکێک لە فێستیڤاڵە گرنگەکان لەسەر نەخشی فێستیڤاڵەکانی سینەما لە جیهاندا دەناسرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە