دوای دەیەیەک چاوەڕوانی وادەی بڵاوکردنەوەی (Hello Kitty) ئاشکرا کرا

30-10-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن Hello Kitty
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی دەیەیەک لە گەشەپێدان، کۆمپانیای وارنەر بڕۆس وادەی بڵاوکردنەوەی ئەنیمەیشنی (Hello Kitty) راگەیاند و بڕیارە لە 21ـی تەممووزی 2028 لە سینەماکانی جیهاندا پێشان بدرێت.
 
وارنەر بڕۆس، رۆژی چوارشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە رێگەی پۆستێکی ئینستاگرامەوە وادەی پێشاندانی فیلمەکەی راگەیاند، کە بەرهەمێکی هاوبەشی نێوان وارنەر بڕۆس پیکچەرز ئەنیمەیشن و نیو لاین سینەما دەبێت.
 
تائێستا وردەکارییەکانی چیرۆکی فیلمەکە ئاشکرا نەکراون، بەڵام بڕیارە فیلمەکە سەرکێشییەکانی کیتی وایت و هاوڕێکانی لەخۆبگرێت.
 
لیۆ ماتسودا، دەرهێنەری کورتە فیلمی بەربژێری بۆ خەڵاتی ئۆسکار (Inner Workings)، کاری دەرهێنان بۆ فیلمەکە دەکات. بیو فلین، بەرهەمهێنەری فیلمەکە دەبێت.
 
کارەکتەری هێلۆ کیتی لە 1974 لەلایەن کۆمپانیای سانریۆی ژاپۆنییەوە دروستکراوە. دیزاینەری سەرەکیی کارەکتەرەکە، یوکۆ شیمیزو بوو کە وەک پشیلەیەکی سپیی بەریتانی بە ناوی (کیتی وایت) ناساندی. 
 
هێلۆ کیتی بە خێرایی بووە کارەکتەرێکی بەناوبانگی ئەنیمەیشن لە جیهاندا و لە چەندین زنجیرەی ئەنیمەیشن و یاریی ڤیدیۆیی، هەروەها زیاتر لە 50 هەزار بەرهەمی بازرگانیی جیاوازدا دەرکەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە