رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی دوو دەیە لە چاوەڕوانی و چەندین جار دواخستن، مۆزەخانەی گەورەی میسر (GEM)، کە بە گەورەترین مۆزەخانەی جیهان بۆ یەک شارستانیەت دادەنرێت، رۆژی شەممەی داهاتوو، بە فەرمی دەرگەکانی بەڕووی سەردانیکاراندا دەکاتەوە.
تێچووی مۆزەخانەکە ملیارێک دۆلارە و دەکەوێتە تەنیشت هەرەمە بەناوبانگەکانی جیزەوە، بەشێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی میسر بۆ بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری، کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتە بۆ ئەو وڵاتە.
کارەکانی دروستکردنی مۆزەخانەکە لە 2005 دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی نائارامییەکانی دوای بەهاری عەرەبی لە 2011، کارەکان بۆ ماوەی سێ ساڵ راگیران. کردنەوەی مۆزەخانەکەش چەندین جار دواخرا، دواترینیان تەممووزی 2025 بوو؛ بەهۆی ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە.
زیاتر لە 50 هەزار پارچە شوێنەوار
مۆزەخانەی گەورەی میسر زیاتر لە 50 هەزار پارچە شوێنەواری لەخۆدەگرێت کە مێژووی ژیانی میسرییە کۆنەکان دەگێڕنەوە. بۆ بەراورد، مۆزەخانەی لوڤەری پاریس نزیکەی 35 هەزار پارچە شوێنەواری تێدا نمایش کراوە.
لە دەروازەی مۆزەخانەکەدا، پەیکەرە گەورەکەی فیرعەونی بەناوبانگ، رەمسیسی دووەم، دانراوە کە بەرزییەکەی 11 مەترە و مێژووەکەی بۆ 3200 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەروەها، یەکێک لە پارچە هەرە گرنگەکانی مۆزەخانەکە، بەلەمە خۆرییەکەی شا خوفوویە کە تەمەنی 4600 ساڵە و درێژییەکەی 43 مەترە.
گەنچینەکەی توت عەنخ ئاموون بۆ یەکەمجار بە تەواوی نمایش دەکرێت
کردنەوەی فەرمیی مۆزەخانەکە هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی دوو هۆڵی تایبەت بە گەنجینەکەی توت عەنخ ئاموون، کە پێنج هەزار پارچە شوێنەوار لەخۆدەگرێت. بەمەش دەبێتە یەکەمجارە تەواوی گەنجینەکە پێکەوە نمایش بکرێت، لەدوای دۆزینەوەی گۆڕەکەی لە 1922 لەلایەن شوێنەوارناسی بەریتانی، هاوارد کارتەر.
زاهی حەواس، شوێنەوارناسی دیاری میسر و وەزیری پێشووی شوێنەوار لەو وڵاتە، رایگەیاند: "بۆچی ئەم مۆزەخانەیە هێندە گرنگە و هەمووان چاوەڕێی کردنەوەکەی دەکەن؟ لەبەر توت عەنخ ئاموون".
هیوای بووژاندنەوەی گەشتیاری
حکومەتی میسر هیوادارە کردنەوەی ئەم مۆزەخانەیە ببێتە هۆی راکێشانی ژمارەیەکی زیاتری گەشتیاران و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکەی. کەرتی گەشتیاریی میسر لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی نائارامی سیاسی و پەتای کۆرۆناوە زیانی بەرکەوتبوو.
لە 2024ـدا، ژمارەی گەشتیاران گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی و 15.7 ملیۆن کەس سەردانی ئەو وڵاتەیان کرد. حکومەت پلانی هەیە تاوەکو 2032 ژمارەی گەشتیاران بگەیەنێتە 30 ملیۆن کەس.
بۆ ئاسانکاریی زیاتر، وێستگەیەکی میترۆ لە دەرەوەی دەروازەی مۆزەخانەکە دروستکراوە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سفینکسیش تەنیا 40 خولەک لە مۆزەخانەکەوە دوورە. پێشبینی دەکرێت رۆژانە لەنێوان 15 بۆ 20 هەزار کەس سەردانی مۆزەخانەکە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ