رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمێکی فەوزیە بەشارەت، نووسەری خەڵکی شاری بیجار وەکو باشترین بەرهەم بە زمانی دایک لە فێستیڤاڵی ئەدەبیی مێهرگانی ئێران هەڵبژێردرا.
کۆمەڵە چیرۆکی هورمسگەکانی ژنێک (فرمێسکەکانی ژنێک) بەرهەمی فەوزیە بەشارەت لە بیست و چوارەمین فێستیڤاڵی ئەدەبیی مێهرگانی ئێران، کە لە تاران بەڕێوەچوو، خەڵاتی باشترین بەرهەمی بەشی زمانی دایکی پێ بەخشرا.
کۆمەڵە چیرۆکی هورمسگەکانی ژنێک بە شێوەزاری گەڕووسی نووسراوە و ساڵی 2022 چاپ و بڵاو کراوەتەوە و لەلایەن مەستوورە درەخشییەوە بە ناونیشانی “اشک های یک زن” کراوەتە فارسی.
فەوزیە بەشارەت خەڵکی بیجاڕ و نیشتەجێی شاری سنەیە. ئەو یەکەم ژنە بە شێوەزاری گەڕووسی چیرۆک و رۆمان دەنووسێت. لە ساڵی 2017ەوە دەستی بە بڵاوکردنەوەی چیرۆک و رۆمان کردووە و تاوەکو ئێستا چوار بەرهەمی بە ناوەکانی سەرچووپی ئاگر لە ریخەسیە، هورمسگەکانی ژنێک، سەمای چارەنووس و وەیشوومەی وەفر بڵاوکردووەتەوە.
خەڵاتی مێهرگان بە کۆنترین و تایبەتیترین خەڵاتی بەشە ئەدەب دادەنرێ لە ئێران و لە ساڵی 1999ەوە دەبەخشرێتە باشترین بەرهەمە ئەدەبییەکان کە لەو وڵاتە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.
فەوزیە بەشارەت لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی مێهرگانی ئەدەبدا کە لە فەرهەنگسەرای تاران بەڕێوەچوو بە کوردی قسەی کرد و داوای کرد وەرگێڕی کتێبەکەی بە فارسی قسە بۆ ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە بکات. لە قسەکانیشیدا داوای کرد لە ئێران گرنگی و بایەخی زیاتر بە زمانی دایک بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ