یەکەمین فێستیڤاڵی هۆرە لە کرماشان بەڕێوەچوو و باشترین هۆرەچڕ هەڵبژێردرا

05-09-2025
ناسر پیرۆتی
.
.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکەمین فێستیڤاڵی هۆرە لە شاری کرماشان بەڕێوەچوو و تێیدا 40 هۆرەچڕی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و سنە بەشداربوون و پێشبڕکێی یەکدییان کرد لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی باشترین هۆرەچڕ.
 
نەجات قوبادی، هۆرەچڕی گەنجی دانیشتووی شاری کرماشان لە فێستیڤاڵەکەدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و خەڵاتی باشترین هۆرەچڕی پێشکێش کرا.
 
قوبادی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆر دڵخۆش بووم کە لەم فێستیڤاڵەدا بەشداربووم. بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هۆرە بە شانازییەک بۆ کورد و کوردستان دەزانم بۆئەوەی هیچکات ئەو ئاوازە کۆنەی کورد لەبیر نەکرێت."
 
فێستیڤاڵەکە بە هەوڵی ئەنجوومەنی ئەدەبیی کرماشان بەڕێوەچوو.
 
پژمان خوڕەمی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئەدەبیی کرماشان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵ بۆ هۆرە لە نێوشاری کرماشان هەنگاوێکی گەورە بووە. گوتیشی، 40 هۆرەچڕ ناویان تۆمارکردبوو بۆئەوەی لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بن و لیژنەیەکی دادوەرییشیان لە هۆرەچڕە شارەزا و بە ئەزموونەکان پێکهێنابوو بۆ دەستنیشانکردنی باشترین هۆرەچرەکان.
 
خوڕەمی دەڵێت، پلانیان هەیە ساڵانی داهاتووش فێستیڤاڵەکە بەڕێوەببەن.
 
هۆرە کە بە هوورەش ناوی دەهێندرێ، لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و هەندێک شوێنی سنە و لە باشووری کوردستانیش زیاتر لە ناوچەی گەرمیان دەچڕدرێت.
 
لێکۆڵینڤانان هۆرە بە یەکێک لە کۆنترین ئاوازی کوردستان دادەنێن و مێژووەکەی بۆ چەند هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێننەوە. هۆرە چەندین مەقامی جیاوازی هەیە و ئامێری مۆسیقای لەگەڵ بەکارناهێندرێت.
 
هۆرە و هۆڕەچڕەکان رۆڵی گەورەیان لە پاراستنی زمان و کولتوور و فۆلکلۆری کوردی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە. زۆربەی لێکۆڵینڤانان کۆکن لەسەر ئەوەی، هۆرە سەرەتا جۆرە ئاوازێک بووە بۆ دەربڕینی هۆگریی مرۆڤ بە سرووشت و دواتر تێکەڵی رێوڕەسمی ئایینیش بووە.
 
محەممەدمەهدی محەممەدپوور، هونەرمەند و نووسەری کتێبی جوگرافیای مۆسیقا لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوو و بە رووداوی گوت، خەڵکی کوردستان لە کۆندا زیاتر نیشتەجێی شاخ و ناوچە کوێستانییەکان بوون و هۆرە ئاوازێکە کە لەژێر کاریگەریی ئەم شێوازەی ژیاندا سەریهەڵداوە و پارێزراوە.
 
لە فێستیڤاڵی هۆرەی کرماشاندا خەڵاتی تایبەتی رێزلێنان بەخشرا بە هۆرەچڕی بەئەزموون، شەهسەوار سەفەری کە وەکو بەتەمەنترین هۆرەچڕ لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە