رووداو - هەولێر
هێلین ئارۆ خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان، بەرهەمێکی نوێی بەناوی "ناچم" بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بۆ خاک و وڵات بڵاوکردەوە کە بە ناچاری 30 ساڵە لێیەوە دوورە.
هێلین ئارۆ بە رووداوی راگەیاند، ئەو لەرێگەی ئەم بەرهەمەوە دەیەوێت بڵێت ئەو وڵاتی خۆی جێناهێڵێت و گۆرانییەکە بانگەوازێکەوە لە دڵەوە بۆ خاک و وڵات و خۆشەویستییە بۆ وڵات، گوتیشی "دەبێت ئێمە وڵات، برا و هاوڕێیەکانمان بێ کەس نەکەین".
گۆرانییەکە لە تێکستی عەدنان دۆگانە و بەرهەمی گرووپی " Children Of The Sun"ـە کە ئەو هونەرمەندە کوردە لەگەڵ ماگنۆس ئیێوالد هونەرمەندی سوێدی دایمەزراندووە و پێکەوە کاری میوزیک و ئاوازیان بۆ گۆرانییەکە کردووە.
ئارۆ لەبارەی ئیێوالد دەڵێت "ئەو پێشتر لە گرووپێکی رۆک کاری دەکرد و دۆستی کوردە و پرس و دۆزی کوردی بەلاوە گرنگە، خۆی فێری ئامێری ساز و دەف کردووە و زۆر دڵخۆشم کە پێشنیازی کرد پێکەوە کاربکەین".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو زیاتر بە زمانی ئینگلیزی گۆرانی دەڵێت و ئامانجی گەیاندنی ئێش و ئازاری کوردستانە بە جیهان، یەکێک لە گۆرانییەکانی لەسەر دایکانی کوردی ئێزدییە بەناوی "لۆری".
هێلین ئارۆ خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و لە تەمەنی 10 ساڵییەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی، کوردستانی جێهێشتووە و لە سوێد بووەتە پەنابەر و ماوەی 30 ساڵە لەو وڵاتە دەژی و خاوەنی چەند بەرهەمێک کە بە شێوەی گۆرانی و ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراونەتەوە و زیاتر لەبارەی وڵات، ژن و منداڵانە.
ئەو خانمە گۆرانیبێژە جگە لە کاری هونەری، وەک چالاکوانێکیش کاری کردووە و هاوکاری گەیاندووەتەوە کوردانی ئێزدی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ