رووداو دیجیتاڵ
پیتەر گرین، ئەکتەری ئەمەریکی کە زیاتر بە رۆڵی دۆریان لە فیلمی بەناوبانگی (The Mask) ناسرابوو، لە تەمەنی 60 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 12ـی کانوونی یەکەمی 2025 [بەکاتی ئەمریکا]، تەرمی پیتەر گرین لەنێو شوققەکەیدا لە شەقامی کلینتن لە نیویۆرک دۆزراوەتەوە.
پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند، تەرمەکە لە دەوروبەری کاژێر 03:25ـی پاشنیوەڕۆ دۆزراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی ئاشکرا نەکراوە و لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە دەکرێت.
گرێگ ئێدوەردز، بەڕێوەبەری کارەکانی پیتەر گرین هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "بەڕاستی یەکێک بوو لە ئەکتەرە مەزنەکانی نەوەی ئێمە. دڵێکی زۆر گەورەی هەبوو و هاوڕێیەکی نایاب بوو، زۆر بیری دەکەم".
پیتەر گرین لەدایکبووی ویلایەتی نیوجێرسییە و بە رۆڵگێڕانی کارەکتەری خراپەکارەکان ناسرابوو. دیارترین دەرکەوتنی لە سینەمادا، رۆڵی (دۆریان تایڕێڵ) بوو لە فیلمی کۆمیدی و ئاکشنی (The Mask) لە 1994، تێیدا وەک دوژمنی سەرەکیی جیم کێری دەردەکەوێت؛ ئەو رۆڵە بووە هۆی ئەوەی ناوبانگێکی جیهانی پەیدا بکات.
جگە لە (The Mask)، گرین لە چەندین بەرهەمی سینەمایی دیکەدا بەشداربووە، لەوانە لە فیلمی (Blue Streak)، (Pulp Fiction)، (Laws of Gravity) و (Training Day).
بڕیاربوو لە کانوونی دووەمی 2027، پیتەر گرین دەست بە وێنەگرتنی فیلمێکی نوێ بەناوی (Mascots) بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ