شاجوانی گەردوون؛ دەمەقاڵێی پێشکێشکارێک و شاجوانێک مشتومڕی گەورەی لێکەوتەوە

07-11-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەم ساڵ، رێوڕەسمی شاجوانی گەردوون لە تایلەند، بووەتە باس و خواسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زنجیرەیەک رووداوی لێکەوتووەتەوە، لەوانە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ژیریی شاجوانێک، کشانەوەی ناڕەزایەتیی بەشداربووان لە پێشبڕکێکە و تووڕەبوونی پێشکێشکاری بۆنەکە.
 
122 کچ لە سەرانسەری جیهانەوە لە تایلەند کۆبوونەوە و بە ئومێدی بەدەستهێنانی تاجی شاجوانی گەردوون، کێبڕکێ لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن. ئەم پێشبڕکێیە بە یەکێک لە "چوار گەورەکەی" پێشبڕکێکانی شاجوانیی جیهان دادەنرێت، کە بریتین لە شاجوانی جیهان، شاجوانی گەردوون، شاجوانی نێودەوڵەتی و شاجوانی زەوی.
 
بەڵام پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمە فەرمییەکان، جووڵە و هەڵسوکەوتی دەرەوەی ستەیجی بەشداربووەکان و پێشکێشکارە تایلەندییەکانیان، بووەتە جێی سەرنج و مشتومڕێکی گەورەی فێمینیستیی لێکەوتووەتەوە کە تەنانەت سەرنجی سەرۆکی مەکسیکیشی راکێشاوە و بووەتە باسێکی گەرمی میدیاکانی جیهان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
 
پێش ئەوەی بۆنە فەرمییەکە دەستپێبکات، نوێنەری شاجوانیی وڵاتان لە هۆڵێکدا کۆببوونەوە؛ ناگات ئیتساراگریسیل، پێشکێشکاری سەرەکیی شاجوانی گەردوون، لە هۆڵەکەدا لەگەڵ فاتیمە بۆش، نوێنەری مەکسیک تووشی دەمەقاڵی هات.
 
ناگات لە هۆڵەکەدا قسەی بۆ نوێنەرانی وڵاتان دەکرد و وا دەرکەوت کە بەتایبەت شاجوانی مەکسیکی کردبێتە ئامانج، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی ئەو کچە ریکلامێکی تایبەت بە سپۆنسەرێکی لە سۆشیال میدیای خۆی پۆست نەکردووە و دواتر دەمەقاڵێ لەنێویاندا دروست بوو. 
 
بەڵام دوای ئەوەی ناگات داوای لە هێزەکانی ئاسایش کرد دەستوەردان بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، بۆش، لەگەڵ حەنین قوڕەیشی، شاجوانی عێراق کە عەبایەکی درێژی لەبەردابوو، وەکو پشتگیرییەک بۆ هاوکارەکەی، پێکەوە لە هۆڵەکە چوونە دەرەوە.
 
بۆش دواتر لەبەردەم کۆمەڵێک رۆژنامەڤاندا رایگەیاند: "ئەوەی بەڕێوەبەرەکەتان کردی رێزگرتن نەبوو؛ پێی گوتم گێژ. جیهان پێویستە ئەمە ببینێت، چونکە ئێمە ئافرەتی بەهێزین و ئەمەش سەکۆیەکە بۆ دەنگمان."
 
وا دەرکەوت شاجوانەکانی دیکەش وەکو هاوسۆزییەک بۆ بۆش هەستنە سەر پێ، بەڵام کاتێک ناگات بە تووڕەییەوە هۆشداریی دا کە ئەوانەی هێشتا دەیانەوێت لە پێشبڕکێکەدا بەشداربن "دابنیشنەوە،" زۆربەیان لە شوێنی خۆیان وەستان و دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بوو.
 
ئەو رووداوە کاردانەوەی کلاودیا شاینباوم، سەرۆکی مەکسیکی لێکەوتەوە و رایگەیاند، بۆش "نموونەیەکی زیندووە بۆ ئەوەی کە ئێمەی ئافرەتان چۆن دەبێت لە بەرامبەر دەستدرێژی و سووکایەتی دا قسە بکەین و بێدەنگ نەبین." 
 
شاینباوم، گوتیشی: "من هەمیشە لە بۆنە گشتییەکان دا دەڵێم، ئافرەتان جوانتر دەردەکەون کاتێک قسە دەکەن. بۆیە رێزی خۆم پێشکێشی ئەو خانمە گەنجە ئازایە دەکەم."
 
"خیانەتلێکراو"
 
رێکخراوی شاجوانی گەردوون بە فەرمیی سەرکۆنەی رەفتارەکانی ناگاتی کرد. راول رۆچا، سەرۆکی رێکخراوەکە، لە گوتارێکدا گوتی: "رێگە نادەین شکۆی ئافرەتان لەلایەن هیچ کەسێکەوە پێشێل بکرێ." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە لە داهاتوودا رۆڵی ناگات سنووردار دەبێت. 
 
دواتر ناگات لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا بە چاکەتێکی رەسمییەوە دەرکەوت و لەبەردەم رۆژنامەڤانان گریا و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە "خیانەتی لێکراوە" و هەست بە بێڕێزی دەکات.
 
بەڵام دواتر لە شەوی چوارشەممە لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشبڕکێکەدا، رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو و لە بەردەم شاجوانەکاندا بە بزەوە داوای لێبووردنی کرد و گوتی، "من مرۆڤم و گوشارێکی دەروونی زۆرم لەسەرە." هەروەها گوتیشی: "مەبەستم نەبووە زیان بە کەس بگەیەنم، چونکە رێزی هەمووتان دەگرم. دەبێت بڵێم زۆر داوای لێبووردن دەکەم."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە