رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری فەرمی لەبارەی دروستکردنی مۆزەخانەی ئیبراهیم تاتڵیسەس لە شوێنی لەدایکبوونیدا لەلایەن پارێزگای رووهاوە واژۆکرا.
پارێزگای رووهای باکووری کوردستان لەگەڵ شارەوانیی خەلیلییە پرۆتۆکۆلێکیان لەبارەی دروستکردنی ئەو مۆزەخانەیە واژۆکرد. محەممەد جانپۆڵات، سەرۆکی شارەوانیی خەلیلییە هیوای خواست پرۆژەی مۆزەخانەی ئیبراهیم تاتڵیسەس ببێتە مایەی خێر و راکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەکە. گوتیشی: "ئەو خانووەی ئیبراهیم تاتڵیسەس لێی لەدایکبووە، نۆژەندەکرێتەوە و ناوی لێدەنرێت مۆزەخانەی ئیبراهیم تاتڵیسەس".
ئیبراهیم تاتڵیسەس لەگەڵ هونەرەکەی، لە کەرتەکانی خواردەمەنی، پیشەسازی، گەشتیاری و بیناسازیدا کاریکرد. خواردنگەی (تاتڵیسەس چیکۆفتە) یەکێک لە مارکەکانی ئیبراهیمە، کە ئێستا چالاکە و چەندین لقی هەیە.
ئیبراهیم تاتڵیسەس ساڵی 1952 لەدایکبووە. باوکی ئیبراهیم لە رووها بە ئەحمەد جگەرفرۆش دەناسرا و دایکیشی ناوی لەیلا بوو. ئەحمەد و لەیلا حەوت منداڵیان هەبوو کە ئیبراهیم لە هەموویان گەورەتر بوو. نازناوی خانەوادەی ئیبراهیم (تاتڵی) بوو، بەڵام بەهۆی دەنگخۆشییەکەیەوە گۆڕا بۆ تاتڵیسەس کە بە مانای دەنگزوڵاڵ دێت.
بەپێی گوتەی ئیبراهیم خۆی، دایکی کوردە و باوکی عەرەبە. تاتڵیسەس لە ساڵانی 2000 لە پرۆگرامێکی تایبەتدا لەبارەی دایکی گوتی: "دایکم هەتاوەکو 30 ساڵ پێش ئێستا زمانی تورکیی نەدەزانی. ئەو بە زمانی کوردی قسەی دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی هاووڵاتیی کۆماری تورکیا بوو، دواتر فێری زمانی تورکیش بوو".
ئیبراهیم تاتڵیسەس زۆر جار لە پرۆگرامە تەلەڤزیۆنییەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەشکەوتێکی رووها لەدایکبووە، زۆر جاریش باسی لە هەژاریی خانەوادەکەی کردووە.
لە یەکێک لە پرۆگرامەکانی پێشبڕکێی دەنگخۆشیدا کە تاتڵیسەس لە سەر کورسیی لیژنەی هەڵسەنگاندندا بوو، گوتی: "سوێند بەخوا ئێمە لە ئەشکەوتێک دەژیاین، دواتر لە تەنیشتیەوە کونجە ژوورێکمان دروستکرد، کە سەری بە تەنەکە گیرابوو. لە هەر گۆشەیەکی ماڵمان دەفر هەبوو، چونکە بنمیچەکە دڵۆپەی دەکرد. هەژاری عەیب و عار نییە. بە درێژایی ژیانم یەک شت هەیە کە لێی لانادەم؛ باوکم جگەرفرۆش بوو، من لە ئەشکەوت لەدایکبووم، بە شانازییەوە ئەمانە دەڵێم. بۆ من ناو و ناوبانگ بەهیچ شێوەیەک گرنگ نییە".
ئیبراهیم تاتڵیسەس هەر لە منداڵییەوە دەستی بە کارکردن کرد. ماوەیەک لای باوکی کاریکرد، دواتر دەستگێڕی، کرێکاری، شۆفێری، ئاوفرۆشی و زۆر پیشەی دیکەی لەپێناوی دابینکردنی قووتی رۆژانە کرد.
تاتڵیسەس دەنگی خۆش بوو، بەڵام زیاتر لە شوێنە میللییەکاندا گوێی بۆ دەگیرا. تا دەهات جەماوەر و هەواداری زیاتر دەبوون. تورگوت ئۆزال ئەوکاتەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو گوتی "مادام خەڵکێکی زۆر گوێ لەمانە دەگرێ، با شەوی سەری ساڵی 1989 لە کەناڵی دەوڵەتی تورکیا TRT گۆرانی بڵێن. ئەوە یەکێک بوو لە قۆناخە گرنگەکانی زیاتر بەناوبانگبوونی تاتڵیسەس".
ئیبراهیم تاتڵیسەس 4ی ئاداری 2011 لەلایەن دوژمنەکانییەوە دەستڕێژی گوللەی لێکرا و بە سەختی برینداربوو. هەرچەندە لە ژیاندا مایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش ناتوانێ هاوشێوەی جاران گۆرانی بڵێت.
ئیبراهیم خاوەن زیاتر لە 40 ئەلبوومی گۆرانییە و زیاتر لە 40 فیلمیشی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ