'ئوم زەکی'ـی بابولحارە لەنێو ماڵەکەیدا کوژرا و بکوژەکەی دەستگیرکرا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هودا شەعراوی، خانمە ئەکتەری دیاری سووریا کە بە کارەکتەری (ئوم زەکی) لە زنجیرە درامای (باب الحارە) ناسراوە، لە ماڵەکەی خۆیدا لە دیمەشق بە کوژراوی دۆزرایەوە. وەزارەتی ناوخۆی سووریاش دەڵێت، بکوژەکە خزمەتکارەکەیەتی و دەستگیرکراوە.
 
عەمید ئوسامە عاتکە، فەرماندەی پۆلیسی دیمەشق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 29-01-2026، ئاگادارکراونەتەوە لە کوشتنی هودا شەعراوی لەنێو ماڵەکەیدا لە گەڕەکی (باب سەریجە). دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە، بەیانیی هەمان رۆژ بەهۆی لێدانی "ئامرازێکی رەق"ـەوە کوژراوە.
 
بە گوتەی عەمید ئوسامە، گومانەکان چوونەتە سەر خزمەتکارەکەی بە ناوی (ڤیکی ئاجۆک) کە خەڵکی ئۆگەندایە و دوای رووداوەکە هەڵاتبوو، بەڵام دوای بەدواداچوون، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە دەستگیری بکەن. فەرماندەی پۆلیسی دیمەشق گوتیشی: "تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکارەکەی بەردەوامە."
 
شەعراوی لە تەمەنی 81 ساڵی دا کوژرا؛ ئەو خانمە ئەکتەرە کە لە دیمەشق لەدایکبووە، بە یەکێک لە سیمبوولەکانی درامای سووری و نەوەی دامەزرێنەری هونەری ئەو وڵاتە دادەنرێت. کاروانی هونەریی لە ساڵانی 1970ـەکانەوە لە شانۆ و سینەماوە دەستیپێکرد، بەڵام بە رۆڵی (ئوم زەکی) لە زنجیرە درامای (باب الحارە) ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد.
 
سەندیکای هونەرمەندانی سووریا لە راگەیێندراوێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی راگەیاند و بە "هونەرمەندی پایەبەرز" وەسفی کرد.
 
هاوکات رەشا شەربەتجی، دەرهێنەری ناسراوی سووری لە پۆستێکدا لە فەیسبووک نووسیویەتی: "هەواڵەکە شۆکهێنەرە و تاوەکو ئێستا باوەڕ ناکەم؛ هونەرمەندێکی بەڕێز و ژنێکی میهرەبان و چاکەخواز و رەسەن بوو، بە شێوەیەکی دڕندانە ئەم دنیایەی جێهێشت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە