رووداو دیجیتاڵ
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کۆمەڵە چیرۆکی "دیلبەرانی ئانی" بڵاودەکاتەوە، نووسەرانی کۆمەڵە چیرۆکەکە داوا لە خوێنەرانیان دەکەن رەخنەیان لێبگرن و دەڵێن، "هەڵەوپەڵە و شاشییەکانمان نیشان بدەن و بمانخەنە سەر رێی راست و رەوان."
فورات سەیدۆ و مەحموود نەجمەدین، هەردوو نووسەرانی لە باسی کۆمەڵە چیرۆکەکەیان نووسیویانە، "دیلبەرا ئانی، پەریزادەی دەشتی ساریقامیش و کوێستانی سەربەتەمی سەرحەدی بەستەڵەک و رچیوی سپی پۆش. ئەسپی سەرشێتی گێڕانەوە سمکۆڵان دەکا، بەغار دەڕوا و دەڕوا... سرەوتی نییە. ماندوو نابێت... لە سلێمانییەوە بۆ مەریوان، لە کانی دینارەوە بۆ سنەی باوان... ئێوارە لە بۆکانە و شەوێ لە پیرە هەولێرەوە بەرەو کەندیناوە غار دەدات. گێڕانەوە چەلێ لە لوڕستانە و زەمین لەرزەی ئەوین خەو لە چاوەکانی دەتۆرێنێت، پێڵوی چاوی ئەوین داناکەوێت، بۆ لووتکەی چڵ ناباڵغان دەڕوانێت... ئەسپی سەرشێت چەلێ لە مهابادەوە دەچێتە شیلاناوێ. چەلێک لە قەرسەوە بۆ پیرسۆس و ئامەد... لە کۆبانێوە بۆ قزلەر... وەک مزراح دەخولێتەوە، دیلبەری دڵبەر، شاجوانی خاپوورەشاری ئانی لە کوێ بێت، چیرۆک لەوێیە. گێڕانەوە شاراوشار دەڕوا و دەڕوا، دڵۆپ دڵۆپ خوێن دەنووسێتەوە، چیرۆکی خوێنی رژاوی کوردی خێرلەخۆنەدیو."
هاوکات نووسەرانی "دیلبەرا ئانی" داوا لە خوێنەرانیان دەکەن، رەخنە و سەرنجەکانیان لەسەر کۆمەڵە چیرۆکەکە بخەنەڕوو، "جا ئەگەر لە هەر جێگەیەک بە شاشی ملمان پێوەنابوو، پێمان بڵێن، هەڵەوپەڵە و شاشییەکانمان نیشان بدەن و بمانخەنە سەر رێی راست و رەوان."
دەشڵێن، "خەمی دڵی لە کوڵی ئێمەتان نەبێت، رەخنە نیگەرانمان ناکات، سوپاسگوزار دەبین. رەخنە بۆ ئێمە کە هێشتا فێرخوازێکی چکۆلانەین، مامۆستایەکی فرە باشە."
کتێبەکە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە؛ بڕیار وایە لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە پێشانگەی کتێبی سلێمانی بڵاوبکرێتەوە.
نووسەران پارچەیەک لە کۆمەڵە چیرۆکەکەیان بەم شێوەیە خستووەتەڕوو: "کورد ئاوایە، ئەگەر دڵی گەرم بوو بە هەزار دەردەوە کێو لە بن دێنێت، بەڵام خەوشی ئەوەیە، لە دوواهیدا گووی تێ دەکات، داستانی شکۆ دەکات بە شەرمەساری. بە دەستی خۆی گڕ لە رەنجی خۆی بەردەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ